خوسرەوی ماملێ بۆ هونەرمەندە گەنجەکان: هێزی هونەریی خۆتان بۆ قایمتر کردنی بناغەکانی کوردستان تەرخان بکەن

خوسرەوی ماملێ بۆ هونەرمەندە گەنجەکان: هێزی هونەریی خۆتان بۆ قایمتر کردنی بناغەکانی کوردستان تەرخان بکەن

بەبۆنەی یادەکانی ئادارو نەورۆز دەزگای ڕۆشنبیری زانکۆکانی جیهان بەپێی بەرنامە و پلانێکی دیاریکراو کار و چالاکییە هونەرییەکانی لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجام دەدات  بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەئەدیب وهونەردۆستان کۆڕێک بۆ هونەرمەندی ناسراو «خوسرەوی ماملێ» وەک دەنگێکی زوڵاڵی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڕێکی میوزیک و هونەری لە ساڵۆنی رۆشنبیری زانکۆی جیهان بەرێوەچوو.

خوسرەوی ماملێ بۆ هونەرمەندە گەنجەکان: هێزی هونەریی خۆتان بۆ قایمتر کردنی بناغەکانی کوردستان تەرخان بکەن

لە سەرەتای کۆڕەکە خوسرەوی ماملێ وتی: جێگای شانازییە بۆ من ئەمڕۆ لێرە لە جەرگەی ئازادی و ئارامیدا ببینم کە ئەو هەموو شۆڕش و خەباتە بۆ هونەر و ئازادی بەرهەمی هەبووە و دەبینم کە خوێنی شەهیدان خاک و وڵاتی ئاودێر کردووە و بۆ ژیان بوژانەتەوە، من وەکو خوسرەوی ماملێ ئەوەی کە بڕیارە ئەنجاممدابێت سوپاس بۆ خوا دیارە بەرچاوە، منیش هاوشێوەی هەموو هونەرمەندە بەڕێزەکانی کوردستان ئەرکی خۆم ئەنجامداوە و لەگەڵ ئەو تەمەنەی کە تێیدام هەوڵ بۆ بەرهەمی تازەی هونەری دەدەم.

خوسرەوی ماملێ بۆ هونەرمەندە گەنجەکان: هێزی هونەریی خۆتان بۆ قایمتر کردنی بناغەکانی کوردستان تەرخان بکەن

دواتر خوسرەوی ماملێ باسی لە سەختییەکانی ژیانی تاراوگە و ئاوارەیی کرد و وتی: هەرچەندە تاراوگە بۆ من بەهۆی نەبوونی ژیان و ستۆدیۆ و کەرەستەی هونەری زۆر دژوارە، بەڵام کۆڵم نەداوە و لە هەوڵەکانم بەردەوام بووم و بە یارمەتی شاعیرانی خۆشەویستی دەوروبەرم وەکو مامۆستا کارۆی خزری ناسراو بە ئاسنگەر زۆر بەرهەمی تازەم ئامادە کردووە.

هەر لە درێژەی وتەکانیدا وتی: بەرد لە جێگای خۆی سەنگینە لەگەڵ جوڵان و هەڵکاندن لە زێد و نیشتمانت ئەو قەدر و توانایەت زۆر نامێنێت و دەچێتە پەراوێزەوە، بۆیە پەیامم بۆ گەنجانی هونەرمەند ئەوەیە قەدری وڵات و ئازادی خۆیان بگرن و هێزی هونەریی خۆیان بۆ قایمتر کردنی بناغەکانی کوردستان تەرخان بکەن.

خوسرەوی ماملێ بۆ هونەرمەندە گەنجەکان: هێزی هونەریی خۆتان بۆ قایمتر کردنی بناغەکانی کوردستان تەرخان بکەن

دواتر باسی لە مێژووی سەرهەڵدانی گۆرانی و میوزیکی رەسەنی کوردی کرد و بە وردی باسی لە جۆرەکانی میوزیکی سێگا و ئەرەبێست و کلاسیکی کرد، کە لە رابردوودا چەندین بەرهەمی رەسەن لە سەردەمەکانی هونەرمەندانی وەک «حەسەن زیرەک، ماملێ، سەید عەلی ئەسغەری، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان، سێوە» تۆمار کراون و ئێستاش بە زیندوویی ماونەتەوە و بوونەتە گەنجینەکی دەوڵەمەند لە فەرهەنگ و کولتووری کوردی دا و هونەرمەندانی ئێستاش دەیانەوێت لەسەر ئەم رێچکەیەدا بڕۆن و دووبارە گۆرانیەکانی ئەوان وەک چەند شاکارێکی زیندوو بڵێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بۆ رۆڵی هونەرمەندانی رەسەن و شاکارە جوانەکانی نێو هونەری کوردی کرد، کە زۆربەی بەرهەمە کوردییەکان وەرگێڕدراونە سەر زمانەکانی تورکی و فارسی و ئینگلیزی و یۆنانی و عەرەبی، بەڵام بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بۆ رەسەنایەتی ئەو بەرهەمانە بکرێت، کە لە نێو قەدی چیاکانی کوردستاندا هاتوونەتە بەرهەم، بۆیە دەکرێت ئێمەی کورد پارێزگاری لە ئاواز و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانمان بکەین، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی کوردین و لە دەشت و کێوەکانی کوردستانەوە پەڕیوونەتەوە وڵاتانی دراوسێ.

خەسرەوی ماملێ دەربارەی دوورکەوتنەوەی لە وڵات و سەختیی غوربەت بۆ هونەرمەند دەڵێ: یەكێك لە هۆكارەكانی پەشیمانیم لە دووركەوتنەوە لە كوردستان ئەوەیە كە لەكاری هونەری بەشێوەی رێكوپێكی پڕۆفێشناڵ دووركەوتمەوە، لە دەرەوە ناكرێ و ناگونجێ كاری هونەری بەرەو پێشەوە ببەی، لەبەرئەوەی كۆمەڵێك كۆسپ و ئاستەنگ هەیە لەبەردەم هونەرمەند، بۆیە لە دووركەوتنەوەم خۆشحاڵ نیم.

سەبارەت بە هونەرمەند محەمەدی وتی: من خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم، بەڵام دەتوانم بڵێم كە خەڵكی كورد لە باشووری كوردستان ئەوەندە هونەردۆست و هونەرمەند خۆشەویستن كە هونەرمەندێكی وەك ماملێ لەو بەشە لە كوردستان خۆشەویستترە. راستە لە رۆژهەڵاتی كوردستان جێگە و پێگەی تایبەت هەیە بۆ ماملێ و گۆرانییەكانی، بەڵام من لە باشووری كوردستانیش هەستم بە هیچ جیاوازییەك نەكردووە.

 هونەرمەند خەسرەو ماملێ لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە. لە نەوەتەكاندا رووی كردە شاری هەولێر و دواتر لە ساڵی 2001 چووە نەرویج و تاوەكو ئێستاش لەوێ‌ دەژی.

Top