ئـــەلــئــەب جبــرائــیـــل گــورگــیــس قــەشـــەی سێمێل بۆ گوڵان: ئێمە خاوەنی جەنابی سەرۆك بارزانیین بۆیە هیچ كاتێك لە ماف و بەرژەوەندییەكانمان بێبەش نابین
هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا نموونەیەكی سەرنجڕاكێش و سەركەوتووی پێكەوە ژیانە و لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا گرنگیی تایبەتی بە هەموو پێكهاتەكان دراوە، هەر ئەو پێكەوەژیانە بوو، وای كرد قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد و نوێژی قەداسی تێدا ئەنجام دا، لە ڕێگەی ئەم پێكەوەژیانەشەوە حكومەتی كوردستان توانیویەتی لە كار و بەرنامەكانی سەركەوتوو بێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێك هەر یانزە كورسیی كۆتاكانی لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشاندەوە،. سەبارەت بەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەلئەب جبرائیل گورگیس قەشەی سێمیل ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان كە بووەتە جێگەی شانازیی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئەو پێكەوەژیانەیە كە ئێستا لە كوردستان هەیە.ئێوە وەك مەسیحییەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دێرینی هەیە و بووەتە بنەمای لێبووردەیی و ئاشتی و یەكترقبووڵكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان، ئەو پێكەوەژیانە بە هەوڵ و كۆششی هەموو پێكهاتەكان پارێزگاری لێ كراوە، گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی كە بووەتە جێگەی شانازیی هەموو وڵاتانی دنیا، هەر ئەم پێكەوەژیانەیە وای كردووە، هەموو خەڵكی كوردستان لە بۆنە خۆش و ناخۆشەكانی یەكتردا تەواوكاری یەكتر بوون، ئەوەی ئێمە دەبینین و ئاگاداریشین لە ئێستادا و لە مێژووی 100 ساڵی ڕابردوو لە شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، بەتایبەت لەلایەن ڕەحمەتی شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفای بارزانی بە یەكسانی دەرگا بۆ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، تاوەكو بەشداری لە ڕزگاریی میللەتی كوردستاندا بكەن، تێڕوانینی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەو شێوەیە بووە لە خاكێكی وەك وكوردستان كە چەندین نەتەوە و ئایین و ئایینزای تێدا دەژین، یەك نەتەوە و یەك ئایین ناتوانێت بە تەنیا كار بۆ ڕزگاری ئەو وڵاتە بكات، هەر ئەمەش بوو وای كرد لە بەهاری ساڵی 1991 گەلی باشووری كوردستان بووە ئەو قەوارە ئازاد و دیموكراتییەی كە هەیە.
* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، درێژەپێدان و پشتگیركردنی تەواوی ئەو پێكەوەژیانەیە، هەر لەماوەی كابینەی نۆیەم قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- كوردستان فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی و ئایینزایە و ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنگی داوەتەوە، هەر بۆیەش پاپای ڤاتیكان هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەولێری پایتەختی لە سەردانەكەی هەڵبژارد و نوێژی قەداسەتی تێدا ئەنجام دا. ئەو هاتنەی پاپا و نوێژكردنەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزگرتن و بەهەندوەرگرتنی ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە. هاتنی پاپا بۆ ئەوە بوو كە لە نزیكەوە خۆی واقیعەكە ببینێت و ببێتە هاندان و پاڵپشتیەكی گەورە و بەهێزیش بۆ زیاتر گەشەكردن و بەرەوپێشەوچوونی پێكەوەژیانەكەی هەرێمی كوردستان، لەپاش هاتنی پاپاشدا ئەو پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر بەدنیا گەیشت و سەرنجی وڵاتانی زیاتر بۆ ڕاكێشراوە، كە دەبینین چەندین شاندی حكومەتی وڵاتان و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و جیهانی سەردانی هەرێم بەگشتی و بەتایبەتی بۆ پایتەختی كوردستان دەكەن. دەبێت ئێمە ئەو پێكەوەژیانە بۆ ئەوەش بگەڕێنینەوە لەو كاتەوە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، بەبێ جیاوازی گرنگی بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دراوە و بەشداریی كارایان لە هەموو دامودەزگا و پلە و پۆستی بەرز و گرنگەكان هەبووە، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمدا هەر لە كارنامەكەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دەركەوت كە زیاتر گرنگی بە پێكهاتەكان دەدرێت، چ لەلایەنی ئەوەی كە وەزارەتێكی تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكان بۆ جاری یەكەم لەو كابینەیە دامەزرا، دەستەی ماڤی مرۆڤ بە پێكهاتەی مەسیحی دراوە و سكرتێری پەرلەمان وەك نۆبەرەی ناوچەكە لە پێكهاتەی توركمانی بووە و چەندین شوێن و جومگەی حكوومی و كاریگەر بە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزا جیاكانی هەرێمی كوردستان دراون. ئێمە وەك مەسیحی وەك پێكهاتەیەكی ڕەسەنی ئەو خاك و نیشتمانەی كوردستان زۆر دڵخۆش و ئاسوودەین بە كار و چالاكییەكانی ئەو كابینەیەی حكومەتی هەرێم و شایانی ئاماژە پێكردنیشە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كاری زۆر باش بۆ هەموو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان كراوە و لەو كابینەیەدا چەندین خزمەتگوزاری گەورە و بەرچاو بە شوێن و كەنیسە و مەزارگە و دێرەكان دراوە، هەر لەو كابینەیەدا چەندین كەنیسە لە تەواوی هەرێمی كوردستان دروست كران و نۆژەن كراونەتەوە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، كابینەی نۆیەم لەهەموو لایەن و بوارێكدا گرنگی زۆر و تایبەتی بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان داوە، بۆ ئەوەی پێكەوەژیان زیاتر بەرجەستە و گەشە بكات لە هەرێمی كوردستاندا. لێرەدا پێمخۆشە یەك لە وتە بەرز و جوانەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی كە لە بەهاری 1991 لە دوای ڕزگاربوونی هەرێمی كوردستان بیری هەموو خەڵكی كوردستانی بێنمەوە كە فەرمووی «هەر كاتێك نەمتوانی پارێزگاری لە پێكهاتەی مەسیحی بكەم لە كوردستان، ئەوە كوردستان بەجێدەهێڵم و دەڕۆم»، ئەم وتە شكۆدارەی جەنابی مسعود بارزانی جگە لەوەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە، هاوكات پشت و پەنایەكی بەهێزە بۆ پاراستنی ئێمە و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان.
* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان دەتانەوێت چۆن مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟
- ئەمە یەكەمین جارە بەرپرسێك لە ئاستی جەنابی سەرۆك بارزانی ئەو گرنگییە و هەستكردنە بە پێهكاتەیەكی ڕەسەنی كوردستان بدات، كە مسیحییەكانە بەوەی كە نوێنەرمان هەبێت لە لێژنەی نووسینەوەی دەستوور و ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی بۆ ئێمە پێویست و گرنگن، بە خۆمان بینووسین و لە دەستووری كوردستان جێگیری بكەین. ئەم كارە لە مێژووماندا یەكەم جارە بێتەدی، بۆیە جێگای شانازییە بۆ ئێمەی مەسیحی، لەلایەكی دیكەوە هەڵویست و پشتگیرییەكانی جەنابی سەرۆك بە درێژایی تەمەنی بەرانبەر مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكە، هیچ وشە و ڕستەیەكی جوان و بەپێز نییە بتوانێت بە تەواوی وەسفی بكات. هەر بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و ستایشی جەنابی سەرۆك بكەم .
* ئایا كورسیی كۆتاكان تا چەند ڕۆڵیان لە نوێنەرایەتیی نەتەوە و ئایینیەكان لە هەرێمی كوردستان هەبووە؟ نەمانی ئەو كورسییانە تا چەند زیان بە پێكەوەژیان دەگەیەنێت، كە دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێك هەر یانزە كورسی نەهێشت و سڕییەوە؟
- هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە هەر كۆمەڵگە و وڵاتێكدا لە ڕێگای نوێنەرەكانیان لە پەرلەماندا كار بۆ ماف و بەرژەوەندییەكانیان دەكەن، هەرێمی كوردستانیش لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستان لە ساڵی 1992 پێنج كورسیی بۆ كریستیانەكان تەرخان كرد، لە پاشان ئەو یاساییە هەموار كرایەوە و پێنج كورسی بۆ توركمان و یەك كورسیش بۆ ئەرمەنی دانرا، بەمەش هەموو پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان بەو هەق و نوێنەرایەتییەیان شاد بوون. بوونی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەماندا وای كرد، لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیان زیاتر بەرجەستە و گەشە بكات، بەڵام بەداخەوە شكایەتێكی لایەنێكی سیاسیی كوردستانی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كرا و لەپاشان دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوە و لابردنی هەر یانزە كورسیی كۆتاكان، ئەم بڕیارەش جگە لەوەی یاسایی و دەستووری نەبوو، هاوكات زوڵم و غەدرێكی زۆر گەورە بوو، پێشەكی لە هەرێمی كوردستان، ئینجا لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە لابردن و نەهێشتنی كورسیی كوتاكان كاریگەریی زۆر خراپ لەسەر پێكەوەژیانەكەی هەرێمی كوردستان دەكات.
* ئایا هیچ كاتێك كورسیی كوتاكان جێی مەترسی بوون بۆ سەر هەرێمی كوردستان، یان بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم؟
- هیچ كاتێك كورسیی كۆتاكان مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان نەبووە و لابردنی كورسیی كۆتاكانیش سوودی بۆ هیچ لایەن و حزبێكی سیاسیی كوردستان نییە، بەڵكو زەرەر بە پڕۆسەی سیاسی دەگەیەنێت و زەرەر بە پێكەوەژیانیش لە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، بەڵام ئێمە خاوەنی جەنابی سەرۆك بارزانین كە ناهێلێت ئێمە وەكو پێكهاتەكانی كوردستان لە ماف و بەرژەوەندییەكانمان بێبەش بین.
* ئێوە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێم ئەو هەڵویستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی كە دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بوون، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- من پێپشتریش ئاماژەم بەوە دا كە جەنابی سەرۆك كەسایەتی و مرۆڤدۆستێكە لە هەموو دنیا نموونەی وەكو ئەو نییە بۆ هەموو كەس و نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە هەموو دنیاشدا بەو شێوەیە، ئەمەش بە ددانپێدانانی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان، چ لەو كاتەی كە جەنابی سەرۆك سەردانی ڤاتیكانی كرد، چ لەو كاتەی قەداسەتی پاپا لە نزیكەوە هەولێری دیت و گەڕایەوە و نامەیەكی بۆ جەنابی سەرۆك نووسیبوو، كە زۆر سوپاسی كردبوو و دڵسۆزی جەنابی سەرۆكی زۆر بە ڕاشكاویی خستبووەڕوو.