مـــاجــیــد مـــەنــــدەلاوی ســـەرۆكی ڕێكخراوی ماڵی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:   مەلا مستەفا بارزانی بۆ كوردانی فەیلی فریادڕەس و سیمبولی ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیرگاری بوو

مـــاجــیــد مـــەنــــدەلاوی  ســـەرۆكی ڕێكخراوی ماڵی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:     مەلا مستەفا بارزانی  بۆ كوردانی فەیلی فریادڕەس و سیمبولی ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیرگاری بوو

 

 

سەرۆك بارزانی، لە 4ی نیسانی ئەم مانگە لە یادی 44 ساڵەی جینۆسایدی كوردانی فەیلی پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: «كوردانی فەیلی تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە. دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورەیە و بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخراوانەی كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی، بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە». گۆڤاری گوڵان لە درێژەی زنجیرە چاوپێكەوتن و دیدارەكانیدا لەگەڵ كەسایەتییەكانی ناو كوردی فەیلی، دیدارێكی لەگەڵ ماجید مەندەلاوی سەرۆكی ڕێكخراوی ماڵی كوردی فەیلی سازدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* سەرۆك بارزانی، لە یادی 44 ساڵەی جینۆسایدی كوردانی فەیلیدا پەیامێكی بڵاو كردەوە و لە بەشێكی پەیامەكەیدا دەڵێت: «ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەكەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت». وەكو سەرۆكی ڕێكخراوی ماڵی كوردی فەیلی و پسپۆڕ و شارەزا لە بواری یاسایی، دەكرێت باسێكی ئەم جینۆسایدەمان بۆ بكەیت؟ ئایا تاچەند ئەم تاوانە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی نێودەوڵەتی و دژ بە مرۆڤایەتییەوە؟

- جینۆسایدی كوردانی فەیلی هەروەكو چۆن سەرۆك بارزانی لە پەیاننامەكەیدا ئاماژەی پێدا، بۆ هۆكاری دڵسۆزی و پشتگیریی خوشك و برایانی كوردی فەیلی دەگەڕێتەوە بۆ دۆزە ڕەوای نەتەوەكەیان و پشتگیرییان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، ئەوان پاڵپشتیی شۆڕشێكیان دەكرد كە ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتی دەكرد. ئەو تاوانەی ڕژێمەكانی عێراق دژ بەكوردانی فەیلی لە مێژووی عێراقدا بەرانبەر هیچ پێكهاتەیەكی دیكە نەكراوە، هەر لە كوشتن و زیندانیكردن و بێسەروشوێنكردن و بەزۆر ڕاپێچكردن و داگیركردن و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵ و تەنانەت دەستبردن بۆ پیرۆزییەكانی خێزان و بە زۆر جیاكردنەوەی هاوسەرەكان لە یەكتر و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و ئاوارەكردنی ژمارەیەكی دیكە بۆ شاروشارۆچكەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. تەنانەت تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار گەنجی كوردی فەیلی بێسەروشوێن كراون و ڕوفاتەكانیان بزرە. بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان و بەڵگەنامە دۆزراوەكان كە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەست كەوتوون، پێنج هەزار گەنج لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا لە زیندانەكانی بەعس لە سێدارە دراون، دەیان هەزار خێزانی دیكە ئاوارەی ئۆردوگاكانی ئێران كران و لە بارودۆخێكی زۆر خراپ ژیانیان بەسەر برد، بەو پێیەی ئەو زەمەنە شەڕێكی توند لەنێوان عێراق و ئێران بەرپا بوو، بارودۆخی ئێران باش نەبوو، بگرە لەبەر ئەوەی ئێمە كورد بووین مامەڵەیان بەرامبەرمان زۆر خراپ بوو، لەناو ئۆردوگاكانیشدا ناو بەناو دەكەوتینە بەر بۆردومان و شاڵاوی فڕۆكە سەربازییەكانی سوپای عێراق. خۆ حاڵی ئەو كوردانەی فەیلی كە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران نەكرابوون و لەناو شارو سەر خاكی خۆیان مابوونەوە لە گەڕەكەكانی ناو جەرگەی بەغدا و لە مەندەلی و بەدرە و جەسان و خانەقین و تا كوت كە لەسەر زێدی باوك و پاپیرانیان بوون، باشتر نەبوو. ئەوان كەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب و نەفی و تەرحیلی ناوخۆ، كوردانی فەیلی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نەتوانرا ماڵ و حاڵ و ڕەز و باغ و بێستانەكانیان كە داگیر كران، دەستیان بكەوێتەوە.

جێی داخە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بۆیە بە ناچاری ژمارەیەكیان كۆچیان كرد و ژمارەیەكی دیكەیان بێدەنگن و لەترسی ئەو ئیرهابە شۆڤێنییە تێكەڵ بەو كۆمەڵگەیە بوون كە كۆمەڵكوژی كردن، چونكە ڕاستە ڕژێمی بەعس نەماوە، بەڵام عەقڵییەتەكە و دژایەتی كورد بەردەوامیی هەیە. بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانیش ئەوەی بەرامبەر كوردی فەیلی ئەنجام دراوە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەو دەچێتە قاڵبی جینۆسایدێكی زۆر دڕندانەوە.

* لە 2003وە دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە و لەگەڵ ددانپێدانی دادگا و پەرلەمانی عێراق، بۆچی نەتوانراوە ئەم كەیسەی جینۆسایدەكە بەجیهان بناسرێت و كوردانی فەیلی قەرەبووی مەعنەوی و ماددی بكرێنەوە؟

- ئەم تاوانەی دژی كورد بەگشتی و كوردی فەیلی بەتایبەتی كراوە، تاوانێكی ناوخۆیی نییە و تاوانێكی نێودەوڵەتی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەو كات ڕژێمی بەعس لەو پەڕی بەهێزیدا بوو، لەسەروبەندی شەڕێكی توند بوو لەگەڵ ئێراندا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی عێراقیان دەكرد لەو شەڕەدا، ئەو سەردەمە بەعس بە بیانووی تەبەعییەی ئێرانییەوە تاوانەكەی دژ بە كورد ئەنجام دا، پێشتریش ئەو زوڵم و بەپەراوێزخستن و تەرحیلە لە بەرانبەر كوردی فەیلی هەبوو لەهەر زەمەن و كاتێكدا بە بیانوو و پاساوی درۆ و دڕندەیی جینۆسایدی دژ بە كورد ئەنجام دەدرا. گرفتەكە لێرەدایە كە عەقڵیەتەكان نەگۆڕدراون و بە ڕووكەش باسی مافی نەتەوەیی و كەلتووری كورد كرا، بۆیە تاوانەكە بە شێواز و شێوەی جیاواز دووبارە دەبێتەوە. ئێمە نەك وەكو هاووڵاتی پلە دوو سەیر دەكراین، بگرە وەكو هاووڵاتی پلە سێش ڕەوایەتی بە كوردی فەیلی نەدراوە، ڕەنگە هۆكارێكی نەسەندنەوەی مافەكانمان بۆ پەرشوبڵاوی كوردانی فەیلی و پێگەی جوگرافیای كوردی فەیلی بێت، كە لەناو جەرگەی بەغدا و شارانی كوردی بوون، خاكی باوپاپیرانی ئێمە لەناو جەرگەی بەغدا و لەو شوێنانەی دیكە بووە كە تەنیا یەك كاتژمێر لە بەغداوە دوورن، ئەمەش وای كردووە، چاوی تەماع و تاڵانی لەسەر خاك و ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلی بێت. لە بیرمە لە ناو جەرگەی بەغدا حزبی بەعس 200 گەورە بازرگانی كوردی فەیلی بانگهێشت كرد و دوای كۆبوونەوەكە ڕێگای نەدا بچنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان و دەستگیری كردن و ڕاپێچی ئەودیو سنووری كردن.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس زۆر لە بەڵگەنامەكانیش ددانی پێدا نراوە، ئەوەتا لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش بڕیاری لەسەر دراوە و جینۆسایدی كوردی فەیلی وەكو تاوانێكی پاكتاوكردن و بگرە كۆمەڵكوژی ددانی پێدا نراوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مافەكان نەگەڕانەوە بۆ كوردانی فەیلی، چونكە وەكو ئاماژەم پێدا عەقڵییەتی ڕەتكردنەوەی كورد و تەماشاكردنیان وەكو هاووڵاتی پلە دوو لەعێراقدا هەر ماوە. منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام ئێ خۆناكرێت ئەم كەیسە نەجووڵێنرێت و لەناو عێراقێكی داخراوی ئاخنراو بە شۆڤێنی قەتیس بكرێت، من زۆر ئومێدم بە سەرۆك بارزانی هەیە كە دامەزراوەیەك بۆ كوردی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا یان لەهەولێر دابمەزرێنێت و پاڵپشتی بكات و كوردانی فەیلی كۆبكرێنەوەو بەرەو ئامانجە گەورەكەی نەتەوایەتی ڕاپێچ بكرێن. 

* پاڵپشتی و پشتگیری كوردانی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول چۆن بوو؟ ئایا دەكرێت باسێكی ئەو هاوكاری و بەشدارییەی كوردانی فەیلیمان بۆ بكەیت لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا؟

- كوردانی فەیلی وەكو هەموو پێكهاتە ڕەسەنەكانی دیكەی كورد لە عێراقدا كەوتبوونە بەر شاڵاوی ئازاردان و پەراوێزخستن و زوڵملێكردن، مەلا مستەفا بارزانی بۆ ئەوان فریادڕەس بوو، سەرۆكێكی گەورە و سیمبولی ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیرگاری بوو، بۆیە كوردانی فەیلی كە پێشتریش زۆر چەوسابوونەوەو پەراوێز خرابوون و زوڵمیان لێدەكرا، لە دەوری خودی ئەو زاتە و سەركردە گەورەیەی كورد و شۆڕشەكەی كۆبوونەوە، بە ڕۆح و گیان و ماڵ و كۆمەك و هاوكاریی شۆڕشیان كرد. نەك تەنیا لەناو پارتیدا، بگرە لەناو حزبی شیوعیشدا سەركردە و ئەندامی چالاك و گەورەی كوردی فەیلی هەبوون. ئەو سەردەمە ئێزگەی دەنگی كوردستان لەساڵانی 1961 و 1962 بە كۆمەك و هاوكاری كوردی فەیلی لەبەغداوە گەیەنرایە ناوپردان، سەرۆكی یەكێتیی قوتابیان و ئافرەتان و تەنانەت سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان كەسایەتییەكانی ناو كوردی فەیلی بوون. مەلا مستەفا بارزانی لە خۆشەویستی و گرنگیدانی بۆ كوردانی فەیلی حەبیب محەمەد كەریمی بۆ جێگری سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژارد، هەرچەندە ڕژێمی عێراق قبووڵیان نەكرد، بەبیانووی ئەوەی تەبەعییەی ئێرانە.

* بۆچی ئێستا ڕۆڵ و پێگەی كوردانی فەیلی لە شەقامی بەغدا و كوردستانی بەپێی پێویست نابینرێت، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- بەداخەوە سەركردایەتیی كورد بەرامبەر كوردانی فەیلی لە هەرێمی كوردستان و بەغداش كەمتەرخەمیی زۆری هەیە. ڕاستە ئێمە وەكو نەتەوە كوردین و وەكو مەزهەبی شیعەین، بەڵام لایەنی نەتەوەیی زیاتر زاڵە لەسەر لایەنی مەزهەبی و ئایینی، خۆ ئەو كاتە و ئێستاش شیعەیەكی زۆر لە عێراقدا هەن، بۆچی تەنیا بەرانبەر كورد ئەم تاوانە ئەنجام درا؟ دیارە ئێمە و خێزانەكانمان لەسەر كوردایەتی نەك لەسەر مەزهەب بە زۆر ڕاپێچی ئێران كراین. ئەو سەردەمە لەناو جەرگەی بەغدا ژمارەیەكی زۆری كوردانی فەیلی هەبوون، لە ئێستادا لە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق حزبە شیعەكان هەندێك كوردی فەیلییان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاون، لە هەرێمی كوردستانیش بەداخەوە بە هاوشێوەی بەغدا بەپێی پێویست بایەخمان پێ نەدراوە، ئەوەتا ساڵێك بەسەر سیمناری ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی و پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی بۆ دامەزراندنی سەنتەرێكی تایبەت بەكوردی فەیلی تێپەڕ دەبێت، كەچی تەنانەت دامەزرانی ئەو سەنتەرەش جێبەجێ نەكراوە. بگرە لەناو سنووری جەرگەی خاكی كوردانی فەیلی گرنگی بە ناوچەكانمان نەدراوە، لە جەمیلە و شەقامی فەڵەستین و شۆڕجە و شەقامی كفاح و ڕاقیە بە گەڕەكی كوردانی فەیلی ناو دەبرێت، مەندەلی شارێكە زۆرینەی كوردی فەیلین، كەچی گرنگی پێ نادرێت، لە ئەوروپاش ژمارەیەكی زۆری كوردانی فەیلی هەن، بەڵام وەكو لۆبیەك كۆنەكراونەتەوە و سوود لە توانایان بۆ دۆزی ڕەوای كورد وەرنەگیراوە.

Top