ئۆکرانیا: ڕووسیا بە 32 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید و 6 جۆر مووشەک هێرشی کردە سەر خاکەکەمان

ئۆکرانیا: ڕووسیا بە 32 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید و 6 جۆر مووشەک هێرشی کردە سەر خاکەکەمان

 

فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: كە ڕووسیا بە ٣٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مۆدێلی شاهید و بەکارهێنانی ٦ جۆر مووشەک هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئۆکرانیا.

لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا، ٢ مووشەکی کروزی X-101/X-555 و یەک مووشەکی کروزی "کالیبەر" و ٢٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر بە ڕووسیا لەناوچوون.

لەم ڕاگەیاندنەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "ڕووسیا بەردەوامە لە تیرۆرکردنی ئۆکراینییەکان بە هێرشکردنە سەر شارە ئارامەکان"، ئاماژە بەوە کراوە: لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سوپای ڕووسیا بۆ سەر خارکیڤ، ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون.

هەروەها ئۆلێگ سینگوبۆڤ، بەرپرسی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خارکیڤ لە پۆستێکیدا لە هەژماری بەکارهێنەری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا لە خارکیڤ ڕێکخرابوو، شەش کەس کوژراون و ١١ کەسیش برینداربوون.

سینگۆبۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لەم هێرشەدا زیان بە خانوو و بینایەکی ئۆفیس و بازاڕ و بەشەناوخۆیی و ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top