زانا نەوزاد - ئەندازیار و سەرپەرشتیکاری پڕۆژەکانی خانوو بەرە له دوبەی  بەئاواتم له دوبەی شوێنێکی تایبەت به ناوی کوردەوە بکەم 

زانا نەوزاد - ئەندازیار و سەرپەرشتیکاری پڕۆژەکانی خانوو بەرە له دوبەی    بەئاواتم له دوبەی شوێنێکی تایبەت به ناوی کوردەوە بکەم 

 



توانایی مرۆڤی کورد ئەگەر بوار و دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ، ئەوە بێگوومان دەتوانێت بەشێوەیەک خۆی بسەلمێنێت وببێتە نموونەیەکی جوان بۆ کۆمەڵگا .. کرانەوەی جیهان بەڕووی تەواوی مرۆڤایەتی وای کرد ، بەوەی کورد لەزۆربەی بوارەکانی ژیاندا ئەسپی خۆی تاوبدات ، هەروەها ڕۆژ له دوای ڕۆژدا زیاتر بوونی خۆی بەرچاوبخات ، لەهەمووی پڕ بایەختر لەهەر کارێکدا ئەنجامی بدەیت ئەوە یەکەم جار خۆشەوویستی بۆ خاک ونیشتیمانەکەت دیار بخەیت .. ئەندازیار زانا نەوزاد سەرپەرشتیکاری گشتی پڕۆژەکانی نیشتەجێ کۆمپانیای Richmond properties واتا (ئاقاراتی ڕیشمۆرد ) له دوبەی یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کەوا بەچەندین قۆناخ توانیویەتی کاری گرینگ لە پسپۆڕیەکەیدا بکات .. بۆ زیاتر تیشك بخەینه سەر کارەکانی ئەم دیدارەمان لەگەڵی سازکرد .

- سەرەتا حەز دەکەین بزانین بەڕێزتان له چ بوارێکدا پسپۆڕیتان هەیە ؟

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ، کەوا من لەبنەڕەتدا خەڵکی کوردستانم ، دواتر لەگەڵ خانەوادەکەم لەنەرویژ گیرساینەوە ، هەر له منداڵیەوە ئارەزووی کارکردن هەبوو ، سەرەتای وێستگەم لەگەڵ باوکم دەستم بەکارکردن کرد ، کەتەمەنم زۆر بچووک بوو له منداڵیەوە ئارەزووی خانوو درووستکردنم لەمێشکدا گەڵاڵه بوو ،
لەهەمان کاتدا مەیلی خوێندنیشم هەبوو ، خۆشبەختانه کۆلێژی ئەندازیاری شارستانیم له نەرویژ تەواوکرد ، دواتر چوومه ئەمریکا دووبارە هەوڵی خوێندمدا و ماستەرم لەبوای ئەندازیاری بەدەستهێنا ، لەم بوارەدا توانایی زیاترم پەیداکرد ، زۆرکەسی نەرویژیم لەبواری خانوو وبەرە فێرکردووە ، دواتر کۆمپانیەکانی ئیماڕات کارەکانی منیان بینی و داوایان لێم کرد بچم لەلایان کار بکەم واتا ئەوان بانگێشتیان بۆ ناردم تاوەکو کاریان لەگەڵدا بکەم ، ئەوەبوو بۆ کاری ئەندازیاری ڕووم کردە میرنیشینی ئیماڕات و له شاری دوبەی دەستم کرد به کاری بیناسازی و درووستکردنی ڤێلا ، خۆشبەختانه هەر زوو بوومه سەرپەرشتیاری یەکەمی پڕۆژەکان ، ئەوانەی لەگەڵ مندا کار دەکەن زۆربەیان لەتەمەندا زیاتر له 25 ساڵ لەمن گەورەترن .


- کار و پڕۆژەکان چین کەتاوەکو ئێستا ئەمجامداون ؟

من کاتی خۆی له نەرویژ بە نەخشەسازی خۆم دوو خانووم وەک ئەندازیار بنیاتناوە ، بەڵام ئەوکات لەئاستی خوێندن بوومه ، بەڵام کەچوومه دوبەی ئەوە نزیکەی دوو ساڵه ، تازە دەستمان کردوووە به ڤێلا درووست کردن لەگەڵ کۆمپانیا Richmond properties، ووردە ووردە کاری لەسەردا دەکەین ، من وەک ئەندازیاری سەرپەرشتکار ئەم پڕۆژەیە کاری تێدا دەکەم وەک ئەندازیاری شارستانی ، یەکەم پڕۆژە دەستمان بە نەخشە سازی کردووە بۆ درووستکردنی ڤێڵا ومۆڵ ، ئەم ڤیلایانە لەسەر سیستەمی ئەمریکی ، هەروەها سیستەمی کۆنی کۆری ، بەڵام بەسەردەمی نوێ درووست بکرێت ، من بیرۆکە یەکم لا درووستبووە کەوا ئەوە بڵێم کورد ئارەزووی خانووی گەورە دەکات بۆ پشووی زیاتر وەک مەلەوانگەی تێدابێت و ژووری گەورەی دانیشتن و زۆر شتی دیکه ، بۆیە دەمەوێت ئەگەر دەرفەت وهاریکاری هەبێت سیستەمی کوردی لەخانوو بەرە درووست بکەم ، هەرچۆن دەڵێن به سیستەمی ئەمریکی یان کۆری ،یاخوود ئیتاڵی ومەغریبی ،بەهەمان شێوە سیستەمی کوردی بنیاتبنێم که شێوازی نەخشەکەی گران نیە ، بەڵکو ئاسانه ئەگەر کاری لەسەردا بکرێت .

- وەک کەسێکی شارەزا لەبواری خانووبەرە ، لەئایندەدا چ پرۆژەیەکت لەبەردەستەدایە ؟

ئێستاکه یەکەم پڕۆژەی لەبەردەستمەدایە پرۆژەیەیەکه پێک دێت له 120 بۆ 130 ڤیلا له دوبەی من وەک سەرپەرشتیاری یەکەمی پڕۆژەکەم ، لێرەدا دەڵێم هەموو کەس بۆ ئەوانه چ له دوبەی ولەدەرەوەی ئیماڕات دەژین دەتوانن بیکڕن ، چونکه دوبەی شوێنێکی ئازادە بۆ هەموو کەسێک له جیهاندا بیەوێت خانوو بکرێت ، هەروەها ئەمەش گرینگه شوێنەکه پارێزاراوە بێت بۆ ژیان بەسیستەمی جیهانی (ئێڤ ئای پی) .. دوای ئەم ڤیلانه دەست بەدرووستکردنی نەهۆم وتەلاری دیکەی بەرز دەکەین ، من سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پرۆژەکان دەکەم .

- ئارەزووی ئەوەت هەیە پرۆژەیەک ئەنجام بدەیت، جاران نەکرابێت ؟

ئێستا سەردەم وکارکردن گۆڕاوون ، زۆر کار دەکرێن جاران کەس نەیبینووە ، سەبارەت بەخۆم ئەوەی له ئەمریکا فێربوومه زیاتر سوودم لە ئەزموونەکانی وەرگرتووە ، که زۆربەی نەخشەسازەکان به ئامێری کۆمپیتەر نەخشەی بۆدادەڕێژم وکاری لەسەردا دەکەم .
ئەوەی ئەندازیار بێت ئارەزوو دەکات دەستی کراوەبێت لەم بوارەدا ، منیش وەک هەر ئەندازیارێک ئارەزووی کارێک دەکەم پێشکەوتنی لێی بەدی بێت و گرینگی به پرۆژەکانی خانوو بنیات بنێت ، بەم کارەش دیار دەبێت که چۆن کەسەکه ئارەزوو دەکات لەم ڤێلاو خانووانه بژیت .

- وەك دەزانین کەسێکی شارەزای له بواری ئەندازیاری وتەلارسازیدا ، چۆن دەڕوانیتە پێشکەوتنەکانی وڵاتانی کەنداو؟

ئەوەی من دەیبینم لەوێ مەبەست وڵاتانی کەنداو بەتایبەت له ئیماڕات (دوبەی) ، به بۆچوونی خۆم زۆر له ئەوڕوپا پێشکەوتوترە ، ئەوەی جاران له ئەوڕوپا دەکرا ، ئێستا زۆر زیاتر و پێشکەوتووتر له دوبەی ئەنجام دەدرێت ، ئێستاکه دوبەی بۆتە ئەو شوێنەی خەڵک ڕووی تێدەکات ، چونکه وڵاتێکە بەرنامەکانی ژیانی لەسەر سیستەمی ئابووری هەنگاو دەنێت و هەمیشە خەڵک خۆی لەپڕۆژەکانیدا دەبینێتەوە ، هەندێک وڵاتانی کەنداو هەمیشە هەوڵ دەدەن چارەسەری پرسە سیاسیەکان بکەن بۆ ئەوەی بازاڕیان بەهێز بێت .. لە وڵاتانی کەنداودا یاسا بەهێزە بۆیە توانیویانه ژیانی یاسایی بەسەر ببەن ، چونکه یاساکان کاریگەریان لەسەر پرسی ئابووریدا هەیە و یاساکانی زۆر لە ئەوروپا بەهێزترە .


- هیچ پرۆژەیەکت لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بتووانیت هەماهەنگی نێوان وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتی ئیمارات لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجامی بدەیت ؟

ئەم پڕۆژەی ئيستا لە بەردەستمانه وەک ئەم ڤیلایانەی درووستی دەکەین ، حەز دەکەم ئەوە بڵێم که شوێنەکانی کوردستان زۆر لێرە پێشکەوتووترە وەک چۆن ووتم ئیماڕات له ئەوروپا پێشکەوتووترە ، بەمشێوەیەش دەڵێم کوردستان له ئیماڕات پێشکەوتووترە ، ، نموونه لە کوردستان هەموو جۆرە زەویەک هەیە ، بەرزایی ودەشتایی دۆڵ و پانتایی ، ئەمه یەکێکه لەئاواتەکانم که زیاتر هەمەهانگی لەگەڵ کوردستان درووست بکەین ، به بڕوای من باشترین وجوانترین بیناسازی لە کوردستان بوونی دەبێت ، من پیشتر سەردانی کوردستانم کردووە ئەو جوانیەی لەوێ هەیە له هیچ شوێنێکی دیکەی سەر ئەم زەویە نیه ، هیواخوازم کوردستان جێگەی پەنجەی دیاربێت له ئیمارات ، بۆ نموونه شوێنێک به ناوی کوردستان بێت وەک چۆن له دوبەی ناوی شوێنەکانی وەك هندی و پاکسانی و ئەمریکی و میسڕی وزۆر شوێنی تر هەیە ، هەوڵ دەدەم شوێنێک بنیات بنێم که مۆرکی کوردستانی پێوەبێت، حەز دەکەم خەڵکەکەی لەوێ دەژین بزانن ئەو شوێنه کوردیە وەک ناوی شەقام یان نەهۆمێک یان مۆڵ و زۆر شتی تر ، چونکه کورد جوانی تایبەتی خۆی هەیە وەک ڤیلا و بینا و تەلار و زۆر بابەتی دیکه، چەند هەماهەنگی هەبێت نێوانی کۆمپانیاکەمان لەگەڵ کوردستان ئەوە زیاتر پێشدەکەوێت، هەموو وڵاتان له دوبەی ڕۆڵیان هەیە بۆ کوردیش ڕۆڵی نەبێت ، کورد زۆر لەوان زیرکتر وبەتواناترن . هەروەها حەز دەکەم کەرستەی بیناسازی له کوردستان بێنین بۆ ئیماڕات وبەتایبەت بۆ دوبەی ، هەروەها دەڵێم لەزۆر بواردا ئێمەی کورد گەلێکین حەز لە پێشکەوتن دەکەین ، بۆیە دەبینم ناوبانگی کوردستان له ئیمارات زۆر ئەرێنیە .

- دوا ووتەت ئەگەر ئاماژەی بۆ بکەیت ؟

درووستکردنی خانوو و ڤێلا و ئاقارات ئێستا له جیهاندا بایەخی زۆری پێدەدرێت ، ئێمەش لەو هەوڵەداین زیاتر گرینگی بەم بوارە بدەین ، لەوەش گرینگتر ئەوەیە خەڵک لە پڕۆژەکانمان ڕازی بن ، وەک بەستنی کارەبا و گەرمی و ساردی بەهەموو جۆرەکانیەوە ، ئەمانه دەستی کارەکان زیاتر پێش دەخەن بۆ پرسی بنیاتنانی خانوو و ڤێلا ، سوپاس بۆ ئێوەش .

 

 

 

(*) ئۆسلۆ

Top