دوای قسه‌كانی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، خه‌ریكه‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌

دوای قسه‌كانی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، خه‌ریكه‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌

هه‌تا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دژی بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی و سیاسه‌تی عێراق نه‌وه‌ستایه‌وه‌، هیچ یه‌كێك له‌ هێزه‌كانی كوردستان نه‌یان توانی له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی ببنه‌ فشارێك له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌. پێداگیری پارتی خه‌ریكه‌ زۆر شت روون ده‌كاته‌وه‌، دوای چاوپێكه‌وتنە رۆژنامه‌نوانییەکەی سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) زۆر شتی روون كرده‌وه‌، خه‌ریكه‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌یكانیش پشتیوانی ئه‌و بۆچونه‌ی پارتی ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ئاڕاسته‌ی عێراق ده‌كات، سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌پرۆسه‌ی سیاسی له‌وڵات، ئاخر خۆ نابیت هه‌ر بریارێك له‌ به‌غداوه‌ ده‌ربچێت له‌ كوردستان چه‌پڵه‌ی بۆ لێبدرێت، حه‌لبوسی، خاڵی له‌سه‌ر پیت دانا و گووتی: "ماوه‌ی ساڵێك، یان زیاتره‌، كورد به‌ دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕووبه‌رووی چه‌ند بڕیارێكی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بووه‌ته‌وه‌، بڕیار له‌ دوای بڕیار، جارێك حكوومه‌ت و جارێك دادگای فیدڕاڵی، جارێك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و جارێكیش له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندن و جارێك له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌‌، ئه‌مه‌ به‌رنامه‌بۆداڕێژراوه‌، به‌ ڕێكه‌وت نه‌بووه‌، به‌رنامه‌یه‌كه‌ و حسابێكی كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، ئێسته‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ باجه‌كه‌ی بده‌ن، له‌سه‌ر شێوازی حسابی كه‌ڵه‌كه‌بوو كار ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ شتێكی دروست نییه‌ بۆ عێراق، به‌شێك له‌ دۆخی عێراق وابه‌سته‌یه‌ به‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ناكرێ ئه‌مڕۆ ئێران، هه‌ولێر مووشه‌كباران بكات و له‌ هه‌مان رۆژدا بڕیاره‌كان له‌ به‌غداوه‌ بدرێن و‌ فشاری دارایی و سیاسی و یاسایی بێ، ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌كی یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌.

له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، حه‌قه‌ ئه‌م خاڵانه‌ش بیری خوێنه‌ران بهێنرێته‌وه‌:

یه‌كه‌م: ماوه‌ی ساڵێك، زیاتره‌، كورد به‌ دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕووبه‌رووی چه‌ند بڕیارێكی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بووه‌ته‌وه‌، له‌راستیدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقه‌وه‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان راست نه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كان هه‌بووە، به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ماوه‌ی 24 ساڵه‌ سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ و دروستكردنی ئاسته‌نگ بۆ كوردستان به‌رنامه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی شۆڤێنی بووه‌ له‌ عێراقدا. به‌داخه‌وه‌ ته‌نیا پارتی هاواری ده‌كرد و مه‌ترسییه‌كه‌ی ده‌خسته‌ڕوو به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین له‌ ئاستی باڵای سوننه‌كانیش گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌مان بۆچوونی پارتی.

دووه‌م: (بڕیار له‌ دوای بڕیار، جارێك حكوومه‌ت و جارێك دادگای فیدڕاڵی)، به‌ڵێ به‌رێز حه‌لبووسی، له‌ماوه‌ی 24 ساڵی ڕابردوو سیاسه‌تی برسی كردنی خه‌ڵكی و كوردستان به‌بێ هۆكار له‌به‌غداوه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر و كوردستانیان بێ به‌شكردووه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به‌پێی ده‌ستوور پێی دراوه‌، بڕیار له‌دوای بڕیار كارده‌كه‌ن بۆ نه‌هێشتن و لاوازكردنی قه‌واره‌ی كوردستان، له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا، بریاری مووچه‌ بڕین و ئابڵوقه‌ی دارایی و سیاسی و دیپلۆماسی و سیاسه‌تی چه‌وسانه‌و و بێبه‌شكردنی كورد له‌ بریاری سیاسی، دروستكردنی گرژی سیاسی، وێرای هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ناوی دادگای فیدرالییه‌وه‌، هاتوون 11 بڕیاری بێ ویژدانانه‌و دوور له‌ بنه‌مای دیموكراتی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان دراون، دوابڕیاریان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كورسی پێكهاته‌كان و دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و لێدان له‌ پێگه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستان بوو.

سێیه‌م: سه‌د له‌سه‌د قسه‌كانی به‌رێز حه‌لبووسی ته‌واوه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و قه‌واره‌ی كوردستان پیادە كراوه‌، (به‌ ڕێكه‌وت نه‌بووه‌، به‌رنامه‌یه‌كه‌ و حسابێكی كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، ئێسته‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ باجه‌كه‌ی بده‌ن)، ئێمه‌ش ده‌ڵێن، كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌نگی پارتی له‌ سنووری ماده‌ی 140 و دروستكردنی ده‌نگی ساخته‌ بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌رێكه‌وت نه‌بووه‌، برینی قوتی خه‌ڵكی كوردستان به‌رێكه‌وت نه‌بووه‌، ڕاگرتنی نه‌وتی كوردستان به‌رێكه‌وت نه‌بووه‌، لادانی كورسی پێكه‌وه‌ژیانی په‌رله‌مان به‌ڕێكه‌وت نه‌بووه‌، سیاسه‌تی لێدان له‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستووریه‌كانی كوردستان به‌ڕێكه‌وت نه‌بووه‌و سه‌دان نمونه‌ی دیکە هه‌یه‌ كه‌ هیچیان رێكه‌وت نین، بەڵکو ئامرازی فشارن بۆ ده‌سته‌وه‌ستانی پارتی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بریارانه‌ی دراون، بێ گومان حسابی كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، ئه‌و حسابه‌یه‌ كه‌ پارتی هیچكاتێك ناكه‌وێته‌ ژێر بارییه‌وه‌، ئه‌ویش شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت و به‌كارهێنانی وه‌ك مقاشی سیاسی و خۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی ئه‌م و ئه‌و پارتی له‌هه‌موو حزبه‌كانی دیكه‌ باشتر له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ حساباتی كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، بێ گومان ئه‌وه‌ی باجه‌كه‌ی ده‌دات دواجار حكوومه‌تی عێراقه‌ و به‌ده‌ستی خۆی ده‌یه‌وێت پێكهاته‌ی حكوومه‌ت هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و ئۆقره‌یی سیاسی نه‌بێت.

چواره‌م: به‌رێز حه‌لبووسی، ده‌ڵێت: ناكرێ ئه‌مڕۆ ئێران هه‌ولێر مووشه‌كباران بكات و له‌ هه‌مان رۆژدا بڕیاره‌كان له‌ به‌غداوه‌ بدرێن وه‌ك فشاری سیاسی له‌دژی كوردستان، به‌ڵێ، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ولێر موشه‌ك باران كرا، هه‌ڵویستی جدیمان بینی له‌ئاستی عێراق، به‌ڵام چونكه‌ سیاسه‌تی ژێربه‌ژێر حوكم له‌سه‌ر عێراق ده‌كات ئه‌وه‌ 4 مانگه‌ هێرشی سه‌ر ماڵی پێشره‌وی دزه‌یی، ئه‌نجام دراوه‌ كوا ده‌رئه‌نجامی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌؟ سه‌ركردایه‌تی عێراق به‌بێ فه‌رمانی وڵاتێكی دراوسێ ده‌توانن ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵك ئاشكرابكه‌ن؟ بێ گومان نه‌خێر؟ چونكه‌ هه‌مان ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ی كه‌ هه‌ولێر ده‌كاته‌ ئامانج له‌هه‌مان كاتیشدا فه‌رمان ده‌كات به‌ دادگای فیدرالی كه‌ كوردستانیش بكاته‌ ئامانج.

Top