وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداری سیمیناری جیهانیی (رافائیل لیمیکن) ده‌كات

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداری سیمیناری جیهانیی (رافائیل لیمیکن) ده‌كات

 


وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراواني حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا بەشداری کرد لە سیمیناری جیهانیی (رافائیل لیمیکن) کە لەلایەن پەیمانگای ئاوشڤیتزی ئەمریکی ڕێکخرا بوو.


سیمیناری جیهانیی رافائیل لیمیکن کە هەفتەیەکی خایاند و چەندین شارەزای بواری جینۆساید و دەیان کارمەندی دامودەزگا حکومی و ڕێکخراوە جیهانییەکان تیایدا بەشدار بوون مەبەست لێی پێگەیاندنی شارەزایانی بواری جینۆساید و زانیارییە لەسەر ڕێگریکردن لە ڕوودانی تاوانی لەو جۆرە.
سیمینارەکە کە بەناوی پارێزەری کۆچکردووی پۆڵەندی رافائیل لیمیکنەوە ناونراوە، خۆی داهێنەری یاسای جینۆساید بووە و دواتریش لەسەر داوای ئەو لە ساڵی ١٩٥١ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوە.
لە سیمینارەکەدا بابەتێکی تایبەت تەرخان کرابوو بە جینۆسایدی کورد و لەلایەن ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەرەوە پێشکەش کرا. جگە لەوەش وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێز زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە و باس لە بەرنامە و دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی کرا.
لە میانەی سیمینارەکەدا و بە درێژایی هەفتەی کارنامەکە، چەندین جار شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بابەتی جینۆسایدی گەلی کوردیان خستە روو و تیشکیان دەخستە سەر ئەو تاوانانەی عێراق لەسەردەمی رژێمی بەعس دژ بە گەلی کوردی ئەنجام داون.
سەرەڕای ئەوەش شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و رێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر بەجیا لەگەڵ بەشداربووان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و تیایدا باس لە بەرنامەی حکومەت و وەزارەت کرا تایبەت بە پرسی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد و پشتیوانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بە گرنگ وەسف کرا و لەم بارەیەوە و زۆرینەی بەشداربووان ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتی ئەم پرسە دەربڕی.
شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبوو لە هەر یەک لە بەڕێزان کامەران عەبدوڵڵا ڕاوێژکاری وەزارەت، سیروان عزیز بەڕێوەبەری گشتی، کەریم کاوە کەریم بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ڕێبەند عبدالرحمن ئەندازیاری پێشکەوتوو و هاوڕێ لەگەڵ ئاورینگ شاوێس بەرپرسی ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر.

Top