خانمە هونەرمەند دەشنێ بابان بۆ گوڵان: كاری هونەری لە ئەوروپا زیاترلە بۆنە و یادەكاندایە
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ دەشنێ بابان، خەڵكی شاری سلێمانییە و ماوەی 23 ساڵە لەگەڵ خێزانەكەی لە دەرەوەی وڵات دەژی، دەشنێ ساڵانێكی زۆر تەنیا لە كۆنسێرت و فێستیڤاڵەكاندا بەشداریی دەكرد،لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە/خەلیل بلەیی
*سەرەتای كاری هونەریت چۆن بوو؟
-من خوێندنم لە سلێمانی بووە و لە سەرەتای منداڵییەوە خولیا هونەری گۆرانی بوم، بەشداربووم لە چالاكیی قوتابخانەكاندا، تالە ساڵی ٢٠٠١ كوردستانم بەجێهێشت و لە وڵاتی هوڵەندا دوور لە جیهانی هونەر دەژیام.
*ساڵانێكە لە دەرەوەی كوردستانیت، كاری هونەری بۆ تۆ چۆن بوو لە دەرەوە؟
-ئەگەر من وەك دەشنێ بابان وەڵام بدەمەوە، ئەنجامدانی كاری هونەری بۆ ئافرەتێك كە لە ئەوروپا بژی تا بڵێی قورسە، من بۆ ئارەزوو و خواستی دڵی خۆم كاری هونەری ئەنجام دەدەم و هیچ كات بەبیرمدا نەهاتووە بۆ بژێوی ژیانم ئەم كارە بكەم، لەگەڵ ئەوەی ئەو دەرفەتەشم بۆ هەڵكەوتووە! بەڵام بیروبۆچوونی من هەندێك جیاوازە لەو لایەنەوە، لەوانەیە بۆ كەسێكی دیكە وا نەبێت.
*ئێستا دەركەوتنی هونەرمەندان زیاتر لە بۆنە و بیرەوەرییەكاندایە، ئەمە نابێتە هۆی ساردكردنەوەی هونەرمەندان؟
-بێگومان كاری هونەری و كۆنسێرت تەنیا لە بۆنەكاندایە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دووریی هونەرمەندەكان لە یەكتر، سەختیی ژیان و كاركردن وای كردووە تەنانەت بۆ بۆنەكانیش كات و شوێنێكی گونجاو نییە تا ئامادەسازی و پڕۆڤەی تێدا بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆرترین چالاكییەكاندا بایەخ بە شێوازی ئاهەنگ ئامێز دەدرێت، كە شای و هەڵپەڕین دەگرێتەوە، بە بۆچونی من ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك، لەوانە غوربەت لەو وڵاتانە وا دەكات ساتێك بەدوای كەشێكی ئاهەنگ ئامێزی پتر شادیدا بگەڕێن، ئەمەش وا لە دەنگبێژ و هونەرمەندەكان دەكات كە بەناچاری پەنا بۆ ئەو شێوازە لە هونەر ببات، لەگەڵ ئەمەشدا خۆشبەختانە كەسانێك هەن كە بە جدی هونەردۆستن و مەبەستیانە چێژ لە میوزیك و گۆرانی ببینن و، چەند ساتێكی ئارام گۆێگری كۆنسێرتێك بن لە ئاستێكی باڵادا.
*ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ كوردستان، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی كاری هونەری لە ئەوروپا چین؟
-وەك ئاماژەم پێ دا، كاری هونەری بۆ من یەكەم شت خولیایە، لە گەڵ كۆمەڵێك خانمی فرە كلتوردا ساڵانێك دەبێت گروپێكمان پێك هێناوە، كە هەریەكەمان لە وڵات و نەتەوەی جیاوازەوە هاتووین، پێكەوە ئاشنا بووین بە فەرهەنگ و كلتووری یەكدی و فێربووین چۆن بە زمانەكانی یەكتر گۆرانی بڵێین، حەز دەكەم ئاماژە بەوەش بكەم كە ساڵانە ئیمە چەندین كۆنسێرت لە جێگەی جیا جیا ئەنجام دەدەین و دەنگی نەتەوە و فەرهەنگ و كلتووری خۆمان بە جلوبەرگی وڵاتەكەمانەوە دەناسێنین و، ئەنامانی ئەو گرووپە تا ئێستا چەند گۆرانییەكی كوردییش فێربوون و لە كۆنسێرەكاندا وتومانەتەوە.
*جگە لە زمانی كوردی بە زمانەكانی دیكەیش گۆرانی دەڵێیت، چ پەیامێكت هەیە لەو ڕێگەیەوە بیگەیەنیت؟
-ئارەزووی وتنەوەی گۆرانی بەزمانەكانی دیكە خولیایەكی منداڵیم بووە، وهەڵبەت زمانی عەرەبیش یەكێكە لەو زمانانەی نزیك بووە لە ئێمەوە وەك شوێنی جوگرافی.
*ئەو گۆرانییانەی بە زمانەكانی دیكە دەیڵێیت، دووبارەن یان گۆرانیی نوێی خۆتن؟
-سەبارەت بە گۆرانیگوتن بە زمانەكانی دیكە، من چەندین كۆرس و ڕاهێنانی دەنگ بە زمانی هۆڵەندی و بۆ فێربوونی مقاماتی ڕۆژهەڵاتی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبیم وەرگرتووە، ئامێری پیانۆش یەكێكە لە هاوەڵەكانم بۆ ڕاهێنانی دەنگ. جگە لە كاری كۆڕاڵ لە ماوەی ڕابردوودا، بەشداریی چەندین كۆنسێرت و چالاكیی كوردیم كردووە لە وڵاتەكانی هۆڵەندا و ئەڵمانیا بەلجیكا و لۆكسەمبۆرگ.
*ئایا ئەو گەنجانەی كورد كە لە ئەوروپان و ئارەزووی كاری هونەری دەكەن، هەوڵ دەدەن زیاتر لە هونەری ڕەسەنی كوردی نزیك ببنەوە یان ئارەزوی هونەری مۆدێرن دەكەن؟
-سەبارەت بە گەنجانی ئەوروپا دیارە ئەوە دەكەوێتەوە سەر خێزانەكان خۆیان، ئایا تا چ ڕادەیەك كاریگەرن تا هونەر و فەرهەنگی كوردی بەگوێی مناڵەكانیاندا دەبدەن،چونكە منداڵ لەو جێگەیەی لێی گەورە دەبێت كاریگەر دەبێت بەو هونەر و فەرهەنگەی لە دەوروبەریدایە.