بـــۆچــی پــــارتـــی بەشداریی لە هەڵبژاردن ناكات؟
لە 18ی 3ی 2024، مەكتەبی سیاسیی پارتی بەیاننامەیەكی دوورودرێژی دەركرد و تێیدا تیشكی خستەسەر ڕابردوو و ئێستای بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق، لە بەیانەکەدا، بەگوێرەی یاسا و دەستوور ئەو پێشێلكارییانەی ڕوونكردەوە، كە بەناو دادگای فیدڕاڵی دەرهەق بە گەلی کورد و كوردستان دەیكات. بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینیبوو، بەداخەوە، بەشێكی زۆری دەزگاكانی ڕاگەیاندن نەیانتوانی پەیامەكەی پارتی بۆ جەماوەر وەكوو خۆی بگەیەنن.
ئەوەی وترا، جەختكردنەوەی زۆرینەی پارتییەكان و دژە پارتییەكانیش لەسەر ژمارەی كورسییەكان و ئەنجامی هەڵبژاردن و تێبینییەكانی پارتی بوو لەسەر كۆمسیۆن، كە لەڕاستییدا ئەوە بەشێكی زۆر كەمی كەیسەكە و كێشەكەیە.
ئەگەر شیكارییەك بۆ بەیاننامەكەی پارتی و بارودۆخی عێراق و مامەڵەی دامودەزگاكانی عێراق لەگەڵ کوردستان بكەین، ئەوا دەكرێ تێبینییەكان لەسەر چەند خاڵێك چڕ بكەینەوە، كە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم: پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكانی، كە بەناو مەحكەمەی ئیتیحادی بەرانبەر بە كوردستان دەیكات، كە دوایینیان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بوو، لەم كەیسەدا دادگا خۆی لێببووەتە پەرلەمان! ئەوەش پێچەوانەی یاسا و دەستووری هەمیشەیی عێراقە كە دانی بە بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە یەكتردا ناوە.
دووەم: هەوڵدان بۆ بێ ئەرزشكردنی دامودەزگاكان و لاوازكردنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەكان و نەهێشتنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، تەواو پێچەوانەی دەستوورە و قابیلی قبووڵ نییە.
سێیەم: هەوڵدانی بەغدا بۆ لێدان لە شكۆی سیمبوول و ڕەمزەكانی كوردستان لەژێر كاریگەریی ئەجێندای دەرەكیی، وەک کورد ئەو هەوڵانە بە نەزۆک دەبینین، چونکە هەرچی پیرۆزی و هێمای نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە، سامانی ئەو وڵاتەن.
چوارەم: برسیكردنی خەڵكی كوردستان لە ڕێگەی نەناردنی بەشە بودجە و مووچە و قووتی فەرمانبەران، بۆ تەسلیمبوونە، دڵنیایان دەکەینەوە، کە قەت تەسلیم نابین، چونکە سەد ساڵە خەباتمان بە نانەوشکە کردووە و بەردەوامیش دەبین لەپێناو مانەوە و شکۆمان.
پێنجەم: پێشێلكردن و پابەندنەبوون بە پرەنسیپ و بنەماكانی (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی)، كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا، نیشانەی هەڵوەشاندنەوەی عێراقە بۆ سێ ئاڕاستە، کە ئێستا دەیبینین، عێراقی یەکگرتوو بوونی نییە و تاکلایەنانە و تاکڕەوانە لەژێر هەیمەنەی هێزی دەرەکییدا بەڕێوە دەبردرێت.
شەشەم: بەگەڕخستنی ماكینەی ڕاگەیاندنی گەورە لە عێراق و لە كوردستانیش لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت هاوبەشانی حوكمیش لە كوردستان بۆ ناشرینكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارتی بەتایبەتی، بەڵام بەری ڕۆژ بە بێژینگ ناگیرێ و خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانن، کە پارتی خاوەنی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کوردە.
حەوتەم: بەئامانجگرتنی هەولێر لەلایەن ئێران بە درۆن و ڕۆكێتی بالیستی و بێهەڵوێستیی بەغدا بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانەی، كە بۆ سەروەریی عێراق و خاكەكەی دەكرێت، نیشانەی تەسلیمبوونی عێراقە، بۆیە دەبێت خۆمان خەم لە خۆمان بخۆین.
هەشتەم: بەئامانجگرتنی هەولێر و کوردستان لەلایەن میلیشیا شیعییەكان و هەوڵە تیرۆرستییەكانیان بۆ تێكدانی ئارامیی هەولێر و بێهەلوێستی حكوومەتی بەغدا بەرانبەریان، پێماندەڵێت: شتێک نەماوە بەناوی عێراقێک، کە سەروەری و هێزی بۆ پاراستن هەبێت!
ئەمانە و چەندین خاڵی دیکەش، كە جەخت لەوە دەکەنەوە، كوردستان ئارامیی تێدا نەمێنێت و پارتی ئیرادەی لاواز ببێت، بۆ ئەوەی چۆك بۆ داواكاریی حەشدی شەعبی و هاوئاوازەكانیان و ئەوانەی لە پشتیانن دابدات و لە كۆتاییشدا ئەو قەوارەی كە لە کوردستان هەیە نەمێنێت، كە ئێستا پارێزەرەكەی بوویتە پارتی و وەك ئەوەی تەنیا پارتی خاوەنی بێت، (كە پارتی بە شانازییەوە ئەوەی قەبووڵە و لە ڕاستیشدا هەر پارتی خاوەنی قەزیەكەیە). بەڵام پارتی بە گوێرەی تاقیكردنەوەكانی ڕابردووی، سەبری ئەیوب (سەلامی خوای لەسەر بێت)ی هەیە و ئیرادەیەكی پۆڵایینی هەیە، كە دەبێت دوژمنان و نەیارانی پارتی باش بزانن شەڕی ئیرادە لەگەڵ پارتی نەكەن، چونکە ئەوانەی ئیرادەی پارتییان تاقیکردەوە، شکستیانخوارد و نەمان و پارتیش سەرکەوت.
مەبەستی پارتی لە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن تەنیا پەیامێكە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا و هاوبەشەكانی حوكم و هاوپەیمانەكانی لە بەغدا، پەیامێكیشە بۆ ئەمریكا و ئێران، كە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیان لە عێراق و ناوچەكەدا بكەن، چونكە پارتی وەك سەرۆك بارزانی چەند جارێك ئاماژەی پێكردووە، ئەو پارووە چەورە نییە قووت بدرێت، پارتی لە هاوكێشە سیاسییە عێراقی و هەرێمییەكان ژمارەیەكە و ژمارەیەكی گەورەشە.
پارتی لە پەیامەكەی خۆیدا دەیەوێت ئەوە بە نەیاران و دوژمنان بڵێت، كە "ئێمە ئاگادارین لەو پیلان و پلانانەی داتانڕشتووە بۆ تەحجیم و تەهمیشی پارتی، بە لاوازكردنی پارتیش دەتانەوێ كوردستان تەسلیمی دەستی كۆلكە سیاسیی و كاڵفامەكان بكەن و پاشان بتوانن بە چوار پێنج ڕێككەوتننامەی سیاسیی، كوردستان بگەڕێننەوە بۆ چل ساڵ لەمەوبەر.“
دەبێت نەیاران و دوژمنان بزانن، پارتی لەوە تێگەیشتووە و ئاگاداری گشت پیلان و بەرنامەكانتانە، پارتی بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێرباری ئەو پیلان و سیاسەتانە، ئەوەی شارەزای پارتی و مێژووەكەی بێت، ئەوەی شارەزای سەرۆكی پارتی و كەسایەتیی و ئیرادەی سەرۆك بارزانیی بێت، باش دەزانێت و نابێت گرەو لەسەر ئەوە بكات، چونكە بە درێژایی مێژووی پارتی و سەركردایەتیكردنی پارتی لە لایەن بارزانیی باوك و كوڕەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان تەسلیمبوون و ئیرادە شكاندنیان قەبووڵ نەبووە، ئەگەر نازانن بڕۆن لە چیای شیرن و حەسەن بەگ بپرسن، بڕۆن لە قازی محەممەد و ڕووباری ئاراس بپرسن، بڕۆن لە سەفین و زۆزك و هەندرێن بپرسن، بڕۆن لە داستانی قەرەداغ و كانی ماسی و ترپە سپیان و كۆڕێ بپرسن، ئەگەر مێژوو ناخوێننەوە سەیری دوێنێ بكەن لە سحێلا و پردێ و مەخموور بپرسن؟ بزانن كێنە ئەبرامز شكێنەكان و ئەوانەیشی خۆناچەمێنن!!
پارتی باش لەوە گەیشتووە، كە ئیتر بێدەنگبوون بەرانبەر بڕیارەكان دادگای سەورە، ببوورن دادگای بەناو ئیتیحادی واتە بیدەنگبوون بۆ نەهێشتنی قەوارەی سیاسیی و دەستووریی کوردستان و تەسلیمكردنی كوردستان بە گرووپ و تاقمێك، كە داگیركەر بەخاوەن ماڵ دەزانن! ئەمەش لە مەحاڵ، مەحاڵترە.