مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی كە مەرجەعی باڵای گەلی كوردستانە، هەمیشە داكۆكیكار و پارێزەری مافی پێكهاتەكان بووە
لە ئەنجامی تانە و سكاڵایەكی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر كورسیی كۆتاكان لە دادگای فیدڕاڵی، ئەو 11 كورسییەی كۆتا كە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەكان هەبوو هەڵوەشایەوە، ئەمەش كاریگەریی مەترسیدار لەسەر پێكەوەژیانی كوردستان دروست دەكات. جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دژایەتیی توندیان لە بەرانبەر بڕیارەكە دەربڕی. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ خاتوو مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان ئەنجام دا.
* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئێوە وەك نەتەوەیەكی هاوبەش لە كوردستاندا چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگا دەكەن؟
- بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی نادەستووری و نایاسایی و سیاسییە و تەنیا لە بەرژەوەندیی تاكە حزبێكی كوردستانییە، چەند ئامانج و ئەجیندەی خراپیشی لە پشتەوەیە، كە دەكرێت بە چەند خاڵ ئاماژەی پێ بكەین:
- یەكەم: پێشێلكردنی مافی تەواوی پێكهاتەكانە.
- دووەم: مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئەو بارودۆخە سەقامگیر و ئاشتتییەی كە هەیە و، كاریگەریی زۆر و ڕاستەوخۆی لەسەر تێكدانی ئەو پێكەوەژیانە مێژوویی و لێبووردەییە هەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا بەرجەستەیە و قۆناغی دیار و سەرنجڕاكێشی بڕیوە.
- سێیەم: بۆ لاوازكردن و لەناوبردنی قەوارەیی سیاسیی هەرێمی كوردستانە.
- چوارەم: بڕیارێكە بۆ لاوازكردن و پاشەگەزبوونەوە لە پڕۆسەی دیموكراتی.
لەلایەكی دیكەوە ماف و بەرژەوەندیی پێكهاتەكان بە یاسا لەناو دەستووری هەمیشەیی عێراق ڕێكخراو و جێگیر كراوە. هەموو خەڵك و گەلی عێراق و كوردستان لە ڕاپرسییەكی گشتیدا دەنگیان بە دەستوور داوە، بۆیە كاری دادگای فیدڕاڵی نییە دەستتێوەردان لەو یاسا و دەستوورەدا بكات، بەڵكو دامەزراوەی یاسادانان دەتوانێت كارو هەموارو بڕیاری لەو جۆرە بدات. هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئەو بڕیارە كارێكی نابەجێ و نەگونجاوە و جێگای قبووڵی هەموو پێكهاتەكان و گەلی كوردستان نییە، تەنیا لایەنێكی وەكو یەكێتی نەبێت، كە بە مەبەستی ململانێی سیاسی و تێكدانی بارودۆخی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ئەنجامنەدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەو تانە و شكایەتەی تۆمار كردووە.
* كەواتە، نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتیی نیشتمانیی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟
- كورسیی كۆتاكان نوێنەرایەتی نەتەوە و پێكهاتەكانی خۆیان دەكەن. هیچ كاتێك بەو تەرازوو و چاوە سەیر ناكرێت، كە زیان، یان سوودی بۆ هیچ لایەن و فراكسیۆنێك هەبێت، دڵنیاشین لەوەی نە یەكێتی و نە هیچ حزب و لایەنێك لەو بڕیارەی دژی پێكهاتەكان دراوە (كە بەلای ئێمەوە دژی پرۆسەی سیاسیی هەموو هەرێمی كوردستانە)، سوودیان پێ ناگات، ئەم جۆرە بڕیارانە كۆتایین و ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت، جگە لەوەی كاریگەریی خراپی هەیە و مەترسییەكی گەورە لەسەر پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات و، پرۆسەی دیموكراتی ڕادەگرێت و كۆسپی دەهێنێتە پێش و قەوارەی هەرێمی كوردستانیش كە قەوارەیەكی دەستوورییە كێشە و گرفتی بۆ دروست دەبێت. كورسیی كۆتاكان كە نوێنەری كلد و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی و توركمانە، تەنیا و تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان دەكەن، بەتایبەتی لە پرسە نەتەوەیی و پێكهاتەكانماندا، بەڵام لە پرسە گشتی و چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستان، وەكو پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان دەنگمان دەخەینە سەر دەنگی ئەو لایەن و فراكسیۆنانە كە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان هەوڵ دەدەن و دەیانەوێت پڕۆژە و یاسای گونجاو و سەركەوتوو دەربكرێت. ئێمە هەموو كاتێك دەنگ و ڕەنگ و كورسییەكانمان دەخەینە خزمەتی ئەو لایەنەی كە دەیەوێت قەوارە و ئەزموونی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو و پارێزراو بێت. نەمانی كورسیی كۆتاكان بە هۆی ئەو تانە و دەرچوونی بڕیارەكە، كاریگەریی گەورەی لەسەر پێكهاتەكان دروست كردووە. چونكە ئەو بڕیارە بێبەشكردنە لە هاوبەشیكردنی پێكهاتەكان لە بڕیاردانی تەشریعی، تاكە ڕێگا بوو بۆ نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆ و گەیشتنمان بە ماف و بەرژەوەندییەكانمان، هەر بۆیەش خولی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان بە بێ كورسیی كۆتاكان پەرلەمانی كوردە نەك كوردستانی، ئەمەش پاشەكشەكردنە لە پڕۆسەی دیموكراتی و ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون. لەناو هەموو لایەن و حزبە كوردستانییەكان تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی داكۆكیكارێكی سەرسەختی بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندیی پێكهاتەكان بووە. هەر جەنابی سەرۆك بارزانی بەو جۆرە هەڵویستی هەبووە و داكۆكی كردووە لەوەی كە پێكهاتەكان بەشێكی دانەبڕاون لە گەلی كوردستان و نابێت هاووڵاتی دووەم بن لە هەرێمی كوردستان.
* بۆچی ئەو حزبانە دژی كۆتای پێكهاتەكانن لە پەرلەمانی كوردستاندا؟
- ئەو حزب و لایەنانەی دژایەتیی پێكهاتەكان دەكەن، زۆر ئاشكرا و دیارن كە لە كاتی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی) پڕۆژە یاسایەكیان پێشكەش كرد، بەبێ ئەوەیی ئیرادە و ڕاوبۆچوونی پێكهاتەكان وەربگرن لە پڕۆژە یاساكەدا و داوایان كردبوو، كە كورسیی كۆتاكان دابەش بكرێت، بەڵام ئێمە وەك پێكهاتەكان بە هیچ شێوەیەك ڕێگامان نەدا، هیچ حزب و لایەنێك دەستتێوەردان لە كاروباری پێكهاتەكان بكات. هەر بۆیە لەو كاتەوە ئەو دژایەتییە بەرانبەر ئێمە بەردەوامە، تا گەیشتە ئەو ئاستەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی شكایەتێكی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان تۆمار كرد، كە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە نایاسایی و نادستووری و خراپەی دەرهەق بە ئێمەی پێكهاتەكان و هەموو گەلی هەرێمی كوردستان هاتەدی، لەلایەكی دیكەوە یەكێتی و ئەو لایەنانەی كە دژن وا لێك دەدەنەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانیی لەگەڵ پێكهاتەكان كردووە لە پێناو حزبەكەی، بە پێچەوانەوە ئێمە وەك پێكهاتەكان بەتایبەتی توركمان، هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی بەستووە، لەپێناو ماف و بەرژەوەندییەكانمان و مانەوەمان لە هەرێمی كوردستان، چونكە لە پاش نەمانی كورسیی كۆتاكان، مەترسی لەسەر ژیانی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، چونكە هیچ بڕیار و یاسایەك بە نەمانی كورسیەكانمان نابینین ئەزموون و مافەكانمان بپارێزیت. هەر بۆیە لە كاتێكدا كورسیی كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان نەگەڕێتەوە، ئەوە بەشكردنی پێكهاتەكانە لە پڕۆسەی یاسادانان، كە ئەوەش پێشێلكردنی هەق و بەرژەوەندییەكانمانە لەو هەرێمەدا.
* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە ڕاوەستان و ڕەتی دەكەنەوە؟
- جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی مەرجەعی باڵای كوردستانە و ئێمە هەمیشە لە هەڵوێستە گەورە و بەرز و كاریگەرەكانیان ڕێز دەگرین، بەتایبەتی لەوەی بەردەوام پاڵپشتیی تەواوی پێكهاتەكانی كردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوێكی هەبێت بۆ بەرژەوەندیی حزبەكەی، بەپێچەوانەوە زۆرجار لەلایەن حزبەكەیەوە لەسەر هەڵوێستەكانی بەرانبەر ئێمە، ڕەخنەشی لێ گیراوە. جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كات لە قەبارەی كێشەكان گەورەتر داكۆكی كردووە لە هەق و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە عێراقی فیدڕاڵیشدا. ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە، لە دێرزەمانەوە بەتایبەتی لەكاتی بارزانیی نەمردا بووەتە عەقیدە و بنەمایەكی ژیان لە هەرێمی كوردستاندا و وتەیەكی باڵای بارزانیی نەمر هەیە، هەموو كات فەرموویەتی و باوەڕی پێی هەبووە، ئەویش دژایەتی نەكردنی پێكهاتەكان بووە. ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان و پارتی چاكسازیی توركمانیش، هەمیشە هیواخوازین سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان هاودەنگ و كۆدەنگ بن لەگەڵ ئەو ڕێباز و عەقیدەیەی بارزانیی نەمر كە پشتگیریی پێكهاتەكان دەكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی لەو ئاستە نەوەستێت و لەگەشەكردنی بەردەوام بێت. هەروەها پاڵپشتی و هەڵویستی جوامێرانە و كارێزمایی و مەرجەعی باڵای كوردستانمان كە جەنابی سەرۆك بارزانییە، وای كردووە، بێبەش نەبین لەو وڵاتە و ئایندەشمان بە ڕوونی و گەشەكردوو دەبینین لە سایەی جەنابیان.
* زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور؟
- ئەو جۆرە بڕیارانە كاری دادگای فیدڕاڵی نییە و كاری پەرلەمان و دەزگای تەشریعیی هەرێمی كوردستانە، هەر بۆیەش ئەوەی دادگای فیدڕاڵی كردوویەتی، دەستتێوەردانە لە دامەزراوەیەكی گەورە و گرنگی تەشریعی، لەلایەكی دیكەوە، هەست دەكەین لە عێراقی فیدڕاڵ بانێك و دوو هەوایە، لە ئەنجومەنی نوێنەران كورسیی كۆتا بۆ پێكهاتەكان هەیە و لە كوردستان هەڵیدەوەشێننەوە.
* ئەگەر لە ڕەهەندە سیاسییەكەوە سەیری بكەین، ئایا دادگای فیدڕاڵی مەبەستی لەم بڕیارەی چییە؟
- دادگای فیدڕاڵی بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات، دەستوور پێشێل بكرێت و باوەڕی بە پێكەوەژیان و هاوبەشی نییە. بەڵكو دەیەوێت بەرەو مەركەزییەت هەنگاو بنێت و هەموو بڕیارێك كە لەو عێراقە دەردەچێت، بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بێت. لایەنێكی دیكەی ژێر ئەم بڕیارە، بۆ ئەوەیە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان تووشی كێشە و گرفت بكات، تاوەكو ئەو سەرقامگیرییە سەركەوتووەی هەیە، لاواز و لەقی بكەن.
* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنێك بگرنە بەر، كە كاریگەرییەكی وای هەبێت، دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟
- ئێمە كۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ كونسووڵییە و نوێنەری وڵاتان و چەندین ڕێكخراوی مەدەنی و بیانی كردووە، لە سەرەتاشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بە هەموو توانا و ئیرادەوە لە دژی ئەو بڕیارە هەڵویستی توند و ئاشكرایان ڕاگەیاندووە و لە پاشان بەڕێز دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری كە ئەندامی دادگای فیدڕاڵی عێراقە لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان و لەسەر ئەو دەستتێوەردان و كارە نابەجێیەی دادگاكە دەرهەق بە پێكهاتەكانی كوردستان دەریبڕی، هەڵویستی جوامێرانەی خۆی دەربڕی و دەستی لەكار كێشایەوە.