پڕۆفیسۆر ئولریك بروكنەر بۆ گوڵان: پوتین دەتوانێت لە هەر كاتێدا سەركەوتن ڕابگەیەنێت و شەڕەكە بوەستێنێت
ئولریك بروكنەر، پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپیە لە زانكۆی ستانفۆرد لە بەرلین، پێشتر مامۆستا بووە لە بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەرلینی ئازاد و وانەبێژ بووە لە زانكۆی فودان لە شانگهای، زانكۆی سابانجی لە ئەستەنبول و زانكۆی لیوبلیانا لە سلۆڤینیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و درێژەكێشان و بەردەوامبوونی ئەم شەڕە و چەند ڕەهەند و ڕایەڵەیێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* زۆر گوتراوە لەسەر ئەوەی بۆچی ڕووسیا بڕیاری دا، دەست بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا ببات و بۆچی بڕیاری دا، درێژە بەم شەڕە بدات، سەرباری ئەوەی نەیتوانی سەركەوتنێكی یەكلاكەرەوە و ستراتیژیی تێدا بەدەست بهێنێت، هەندێ بۆچوون باس لەوە دەكەن كە ڕووسیا نایەوێت ئۆكرانیا ببێتە مۆدێلێكی سەركەوتوو، بە چەشنێك كە ببێتە هۆی ورووژاندنی خەڵكی ڕووسیا، بۆچونی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- دەكرێت سەرەتا بەو پرسیارە دەست پێبكەین كە باشە سوودی دزین و دەستبەسەرداگرتنی خاكی وڵاتێكی دراوسێت چییە، كە تۆ وڵاتێك بیت گەورەترین و بەرفراوانترین پانتایی خاكت هەبێت؟ لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بگوترێت، ئامانجەكە شتێكی دیكەیە و دەكرێت ئامانجی ڕووسیا لەم ڕووەوە بەرپاكردن و بەردەوامیدان بێت بە شەڕێكی بە وەكالەت، لە دژی ئەوەی خۆی پێی دەڵێت «ڕۆژاوای شەڕانگێز»، چونكە ئاشكرایە زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ڕووسیا لە ئەوروپادا بەرەو مۆدێرنە و هاوچەرخبوون هەنگاویان هەڵگرتووە، ئەویش بەپێی پێوەرە ئەوروپییەكان، لە میانەی پرۆسەی ئاوێتەبوون لە نێو یەكێتی ئەوروپادا. كەواتە ئەگەر ئەم پەرەسەندنانەش ببنە هۆی بەدیهێنان و دەستەبەربوونی گەشەی ئابووری و ئازادیی تاكەكەسی و هەموو دەستكەوتە ئەرێنییەكان كە لە ئەوروپادا بەدی هاتبن، واتە ئەگەر ئەمانە لەسەر سنوورەكانت بەدی بێن، ئەوا دەبنە ئاڵنگاری و تەحەددییەكی گەورە بۆ ڕژێمێكی تاكڕەو، چونكە ئەو كاتە خەڵك و هاووڵاتییانی ڕووسیا دەست دەكەن بە بەراوردكردنی ژیانی خۆیان لەگەڵ ژیانی ئۆكرانییەكان كە ئایندەی خۆیان لە یەكێتیی ئەوروپادا بەدی دەكەن، ئەوا سوودمەند دەبن لە ئاوێتەبوون لە یەكێتیی ئەوروپا و لە بازاڕەكەی، بە چەشنی ئەوەی هاووڵاتییانی پۆڵەندا لە ساڵی 2004 لێی بەهرەمەند بوون. كەواتە ئەمە دژواری و ئالنگارییەك بۆ كرملین دروست دەكات، چونكە ئەو كاتە خەڵكی ڕووسیا ژیانی خۆیان بەراورد ناكەن بە گەلی ئەڵمانیا، یان فەڕەنسا، بەڵكو بەراوردی دەكەن بە گەلێكی سلاڤی كە زۆر جیاواز نییە لە خۆیان، كە لێرەدا مەبەستەكە ئۆكرانیایە. كەواتە ئەگەر خەڵكی ئۆكرانیا لە ژیانێكی باشتردا بن و پتر بەهرەمەند بن لە گەشەی ئابووری و لە ئازادییە تاكە كەسییەكان، ئەوا گەلی ڕووسیا دەگەنە هەمان ئەو دەرئەنجامەی كە گەلی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات پێی گەیشتن، كاتێك ژیانی خۆیان بەراورد كرد بە ژیانی گەلی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا. كەواتە لە ڕوانگەی هەموو ئەوانەی كە گوتران و ئاماژەیان پێ كرا، ئەوا دەكرێت دروستبوونی دۆخێكی لەم چەشنەی كە باسمان كرد لە ئۆكرانیا كێشە و تەحەددییەكی جددی بۆ بڕیاربەدەستە تاكڕەوەكانی ڕووسیا بخوڵقێنێت و ئەو تێڕوانینە دروست بكات كە ڕژێمەكەیان ناكارایە، خۆ ئەگەر خەڵكی بگەنە ئەم دەرئەنجامە و هەستی ناڕازیبوونیان لا دروست بێت، ئەوا دەبێت ئەم سەركردانە لە ئایندەی خۆیان بترسن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە لەبری ئەوەی كار بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بكەن، ئەوا دەست دەبەن بۆ سەركوتكردنی خەڵك و دێن لەم ڕووەوە كێشە و قەیرانێك دروست دەكەن و گرێی دەدەنەوە بە پرسی ناسیۆنالیزمەوە و، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ناتۆ بە چەشنێك ڕەفتار دەكات كە بووە تە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و خاكی وڵاتەكەیان، لەبەر ئەوە دێن و دەڵێن ئێمە خۆمان لە دۆخێكدا بینییەوە كە ناچار بووین پەنا بەرینەبەر هێرشێكی پێشوەختە و بژارەیەكمان لەبەردەمدا نەبوو، جگە لە داگیركردنی ئۆكرانیا نەبێت، كە لەم ڕێیەوە دەیانەوێت یەكگرتووییەك لە نێوان خەڵكی ڕووسیادا دروست بكەن، بەوەی شەوانە لە پڕوپاگەندەكان بڕوانن، بەوەی ڕووسیا وەك هێزێكی مەزن سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەركێكە و گورز دەوەشێنێت بۆ ڕەواندنەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشەیەی كە ناتۆ دروستی كردووە لەسەر وڵاتەكەیان، واتە دەیانەوێت بەم شێوەیە كار بكەن و لەم ڕێیەوە سەقامگیری بۆ ڕژێمەكەی كرملین دروست بكەن.
* ئەگەر لە ئێستادا لە بارودۆخی شەڕەكە بڕوانین، پێناچێت هێزەكانی ئۆكرانیا بتوانن سوپای ڕووسیا لە وڵاتەكەیان بكەنەوە دەرەوە، لە هەمان كاتدا وا دەرناكەوێت كە سوپای ڕووسیا بتوانێت شكستێكی یەكجارەكی بكاتە چارەنووسی ئۆكرانیا و دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێت. ئایا پێت وانییە دۆخەكە لە گۆڕەپانی شەڕدا بە چەشنێكە، كە لایەنەكان ناچار بكات تاوەكو بیر لە پەنابردنەبەر ڕێگەچارەی دیكە بكەنەوە، بۆ نموونە ئەنجامدانی گفتوگۆ؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە ئۆكرانیاوە، ئەوا لە دۆخێكی دژوار و سەختدایە، چونكە ئەگەر سەرۆكی ئۆكرانیا، یان هەر كەسێكی دیكە دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوا كەسوكاری كوژراوەكان ئەو بانگەشەیە دەكەن، كە ئەگەر ئێوە ئامادەی دانوستاندن و گفتوگۆ بوون، بۆچی برا و باوك و كوڕی ئێمە لەم شەڕەدا كوژران؟ ئەگەر ئامانج لە شەڕەكە بەرگریكردن و ڕێگریكردن بووە لە داگیركردنی خاكی وڵاتەكە. كەواتە ئەگەر پرۆسەی گفتوگۆ دەست پێ بكات و هەر لایەنێكی نێو ئۆكرانیا ئامادە بێت كە قوربانی بە بەشێكی لە خاكی وڵاتەكە بدات، ئەوا لەو كاتەدا وەك ناپاك و خیانەتكارێك لێی دەڕوانرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە ڕووسیاوە، ئەوا ئەركەكە زۆر ئاسانترە، چونكە سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەتوانێت لە سەر ساتەوەختێكدا ڕای بگەیەنێت كە سەركەوتنی بەدەست هێناوە، واتە لەبەر ئەوەی هیچ كەسێك بە ڕاستی نازانێت كە ئامانجی شەڕەكە چی بوو، ئەوا پوتین دەتوانێت لە هەر ساتەوەختێكدا بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەركەكەی كۆتایی هاتووە و ئامانجەكەی بەدەست هێناوە، واتە دەكرێت بەو شێوەیە لێكدانەوە بۆ بارودۆخەكە بكات، بەوەی ڕای بگەیەنێت كە ئەمە تەنیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تایبەت بووە و ئامانجەكە بریتی نەبوو لە تێكشكاندنی وڵاتێكی گەورە و بەرفراوانی وەك ئۆكرانیا، یان ناچاركردنیان بە خۆبەدەستەوەدان و خۆڕادەستكردن. هەروەها دەتوانێت ئەوەش زیاد بكات، كە ڕووسیا وەك پێویست زیانی بە ئۆكرانیا گەیاندووە و ئێستاش ئۆكرانیا لە بارێكدا نییە كە مایەی هەڕەشە و سەرچاوەی مەترسی بێت بۆ سەر خاكی ڕووسیا، مەبەستم ئەوەیە كە سەرۆكی ڕووسیا دەتوانێت لە هەر كاتێكدا ئەمانە بڵێت و كۆتایی بە شەڕەكە بهێنێت، تەنانەت ئەمە پێویستی بە گفتوگۆكردنیش نییە و نابێت. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە شەڕەكە جۆرێك لە چەقبەستوویی بە خۆیەوە بینیوە و پێناچێت گۆڕانكارییەكی گەورە ڕوو بدات.
* ئەی بە تێڕوانینی ئێوە چ شتێك دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڕانكارییەكی گەورە و یەكلاكەرەوە لە گۆڕەپانی شەڕدا بهێنێتەئاراوە؟
- من پێم وایە ئەوەی دەكرێت مایەی گۆڕانكارییەكی گەورە بێت، یان ئەوەی پێی دەگوترێت پەرەسەندنێك، كە تەواوی گەمەكە بگۆڕێت، ئەوەیە كە چیتر وڵاتانی ڕۆژئاوا توانا یان ویستی ئەوەیان نەبێت كە هاوكاریی ئۆكرانیا بكەن و یەكڕیز و یەكهەڵوێست نەبن لەم ڕووەوە، چونكە ئاشكرایە كە وڵاتی ئۆكرانیا تەواو پشتبەستووە بە هاوكاری و یارمەتییە دەرەكییەكان، خۆ ئەگەر ڕێگری و بەربەستێك لەم ڕووەوە دروست ببێت، بۆ نموونە ئەگەر كەسانی نێو پارتی كۆماری لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەبەر هۆكاری ناوخۆیی ئاستەنگ دروست بكەن بۆ هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا بەو پاساوەی كە چیتر ئەم شەڕە بایەخی نییە بۆ بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان، ئەوا ئەو كاتە مانەوەی ئۆكرانیا دەكەوێتە مەترسییەوە. هەرچۆنێك بێت ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە نە پێدەچێت ڕووسیا بە تەواوەتی یان بە ڕاددەیەكی گەورە باڵادەست بێت بەسەر گۆڕەپانی شەڕەكەدا و، نە ئۆكرانیا بە ڕاددەیەكی گەورە هاوكاریی دەرەكیی لێ بڕابێت. بەڵام نابێت ئەوەش لە یاد بكەین كە ڕووسیا وەبەرهێنانێكی زۆر دەكات لە ئابووریی جەنگدا، لە كاتێكدا هەنگاوێكی لەم چەشنە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەدی ناكرێت، ئەگەرچی دەوڵەمەندتریشن لە ڕووسیا.