كــلارا عــودیشۆ ئەندامی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی پاڵپشت و داكۆكیكارێكی سەرسەختی ماف و بەرژەوەندییەكانی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە بەبێ جیاوازی

كــلارا عــودیشۆ  ئەندامی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری بۆ گوڵان:  سەرۆك بارزانی پاڵپشت و داكۆكیكارێكی سەرسەختی ماف و بەرژەوەندییەكانی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە بەبێ جیاوازی

 

پێویستە سەرۆك كۆماری عێراق كە لە پشكی كوردە و پارێزەری دەستوورە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان ڕابگرێت

 

لە سایەی تێڕوانینی جەنابی سەرۆك بارزانی و عەقیدەی بارزانەوە، لە یەكەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی كوردستانەوە لە ساڵی 1992، نەتەوە و پێكهاتەكان بە كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان بەشدار بوون، پاشان لەلایەن چەند حزب و لایەنێكەوە بەو شێوەیە سەیری كورسیی كۆتاكان دەكرا، كە نزیكن لە لایەنێكی ناو پەرلەمان، هەر بۆیە یەكێتی ە سكاڵایەكی لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر كورسیی كۆتاكان تۆمار كرد، لە پاشان دادگای فیدڕاڵی كورسیی كۆتاكانی هەڵوەشاندەوە. بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە و چەند بابەتێكی دیكە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ خاتوو كلارا عودیشۆ ئەندامی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری ئەنجام دا .

 

 

* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئایا ئێوە وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگاكە دەكەن؟

- لابردنی كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی نایاسایی و نابەجێ و نەگونجاوە لەگەڵ بنەماكانی دیموكراتی و ئازادی، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی و هەر بڕیارێكی دیكەش كە لە دژی قەوارە و سیاسەت و بارودۆخی كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان بێت، چاوەڕوانكراو بووە، لە لایەكی دیكەوە ئەو دادگایە خۆی نادەستوورییە، هەر بۆیە دەبینین بڕیارەكانی بەتایبەتی لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری نایاسایی و نادەستوورین، ئەو بڕیارەی كە كورسیی كۆتاكانی پێ هەڵوەشاندووەتەوە، كاریگەری و مەترسی لەسەر پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دروست دەكات، بەڵام ئێمە وەكو پێكهاتەكان ناڕەزایی خۆمان بەردەوام بە شێوەیەكی مەدەنی و ئاشتییانە لە دژی بڕیارەكە دەردەبڕین و داواكارین بڕیارەكە ڕابگیرێت، چونكە سیستمی پەرلەمان و ژیان و گوزەران لە هەرێمی كوردستان زۆر جیاوازە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، كە لە ئێستادا و لە پێشتریش كوردستان لانكەی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بووە و قبووڵی ئەو جۆرە بڕیارە تاكڕەوانانە ناكات. ئێمە وەكو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان لەوە ناترسین كە ماف و بەرژەوەندەییەكانمان لێ زەوت بكرێت، بەپێچەوانەوە ئێمە وای دەبینین لە سایەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هەموو كات و سەردەمێك ماف و بەرژەوەندییەكانمان دەستەبەر دەبن، زۆریش ئاسوودەین و دڵنیاین، جەنابیان كە داكۆكێكارێكی سەرسەختی مافی هەموو پێهكاتەكانە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش، بۆیە قەت ناهێڵێت ئێمە وەكو پێكهاتەكان لە بنەما دیموكراسییەكان بێبەش ببین. لەلایەكی دیكەوە پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین، ئەگەر نوێنەر و كورسیی پێكهاتەكانی كلد و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی و توركمان لە پەرلەمانی كوردستان نەبن، پەرلەمان نابێتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵكو دەبێتە پەرلەمانێكی كوردی بەتەنیا، ئەمەش دژی هەڵویست و ڕێبازی بارزانیی باوك و جەنابی سەرۆك بارزانییە، سەرۆك بارزانی كە مەرجەع و كاریزمای گەلی كوردستانە بە هیچ شێوەیەك بەو ڕەنگ و دەنگە دڵخۆش نابێت كە پەرلەمانی كوردستان نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت. پێكەوەژیان لە عەقیدە و بیر و هزری پیرۆزی بارزانیی نەمردا هاتووە و هەرێمی كوردستان بێ پێكەوەژیان نابێت، بەڵكو هەموو كات پێكەوەژیانی گەشاوەتر دەبێت و هەر چقڵی چاوی دوژمنان دەبێت.

* ئەم بڕیارە لەسەر تانە، یان سكاڵایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دراوە لە دژی پێكهاتەكان، ئایا نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتیی نیشتمانیی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟

- ئەم بڕیارە هیچ سوودێك بە هیچ لایەنێك ناگەیەنێت لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو پێكهاتە و هەموو لایەن و حزبەكانی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەیە، چونكە بە دستێكی دەرەكی و بە بڕیارێكی نادەستووری و ناواقیعی بەشێك لە كۆمەڵگە و گەلی كوردستان لە نوێنەرایەتی و ماف و بەرژەوەندییەكانیان بێبەش دەبن، لەلایەكی دیكەوە كورسیی كۆتا لە هەرێمی كوردستان وەكو هەموو لایەن و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان كاریان بۆ بەرژەوەندی و سەركەوتنی هەرێم و حكومەتەكەی كردووە. ئەو پێكەوەژیانە وای كردووە كە دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان بەو جۆرەی هەیە دیار و بەهێز و پتەو بێت، كە هەموو وڵاتانی دنیا سەردانی دەكەن و لەسەر ئاستی بەرزیش پێشوازی لە نوێنەرەكانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كایەكانی وڵاتانی دنیا دەكرێت و، دەبینین ئەو پێكەوەژیانە وای كردووە، ڕا و سەرنجی جوان و كاریگەر لەسەر گەشەكردنی بنەماكانی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە ماوەی ڕابردوودا دیتمان ڕێزداران (چ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چ سەرۆكی هەرێمی كوردستان) لە چەندین كۆنگرە و پانێڵدا بەشداریی دیار و ڕاستەوخۆیان كرد، هەر بۆیەش ئەو بڕیارە بۆ لاوازكردنی هەموو هەرێمی كوردستانە بە خودی یەكێتیشەوە و كەمبوونەوەی ڕۆڵی پێكهاتەكانە كە ئەو (11)كورسییە نوێنەرایەتیی دەكردن، ئەوە دەبێتە هۆكار و كێشە و گرفت لە بەردەم پێكەوەژیانەكەی كوردستان و كاریگەریی لەسەر لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش دروست دەكات و، مەرام و پیلانی ئەو جۆرە بڕیارانەش لەلایەن عێراقەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە سەرەكی و گرنگانەیە. 

* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە ڕاوەستاونەتەوە و ڕەتی دەكەنەوە؟

- هەڵویستی جەنابی سەرۆك بارزانی لەو بارەوە زۆر قارەمانانە و بوێرانە بووە و، هەڵویستەكەی هەر ئەوە بوو، كە ئێمە بیرمان لێ دەكردەوە. هەموو كاتێك جەنابی سەرۆك بارزانی هەڵویست و كارەكانی لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییەكانی پێكهاتەكاندا بووە، بەو هەڵوێستانەش جەنابیان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەزموونی هەرێمی كوردستانیان جوان كردووە. ئێمە دەزانین دەستكاریكردنی بەشداریی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانمان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانییەوە هێڵی سوورە، لەو كاتەی ئەو بڕیارە دەرچووە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئێمە لە گفتوگۆدا بووە و بەڵێنی پێداوین كە كوردستان بۆ هەموومانە و بە هەموومانەوە جوانە و بەڕێوەدەچێت و دەبێت هەموومان بە مافی خۆمان بگەین، بۆیە ئەو بڕیارە هیچ ترسێك بۆ پێكهاتەكان دروست ناكات لە بەشداربوونمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، چونكە پشتئەستوورین بە جەنابی سەرۆك بارزانی.

* زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی دادگا نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور؟

- ئەو بڕیارەی دادگای فیددڕاڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی نایاسایی و نادەستووری و سیاسییە، ئەو جۆرە بڕیارانە لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵی نییە، بەڵكو پەرلەمانی كوردستان وەكو دەزگایەكی تەشریعی دەتوانێت یاساكە هەموار بكاتەوە، یان دەستكاری بكات، بەڵام دادگای فیدڕاڵی لە جێگەی دەزگای تەشریعی بڕیارێكی زۆر مەترسیداری لەسەر هەرێمی كوردستان دەركرد، بە دەست لەپشتدانی لایەنی دیكەی عێراقی و كوردستانی وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە پیلانی وڵاتانی هەرێمایەتی بۆ ئەوەی لەلایەك قەوارەی هەرێم لاواز بكەن و كێشەی بۆ بدۆزنەوە، لەلایەكی دیكەوە ناحەزان دەیانەوێت ئەو پێكەوەژیان و هێمنی و سەقامگیرییەی هەیە كێشە و گرفت و كۆسپی بۆ بنێننەوە و ململانێ سیاسییەكان لە هەرێم زیاتر و گەورەتر ببێت، نەك تەنیا لە نێوان حزب و لایەنەكان، بەڵكو بگاتە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانیش، ئەگەرچی ئێمە دڵنیایی دەدەین كە هەر پشتگیریی پێكەوەژیان دەكەین و هەرێمی كوردستان وڵاتی خۆمانە و باوەڕ ناكەین سەركردایەتیی سیاسی وەكو جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بێ ئێمە و بە بێ هاوبەشیكردنی پێكهاتەكان ئیدارەی هەرێمی كوردستان بدەن.

* ئەگەر لە ڕەهەندە سیاسییەكەوە سەیری بكەین، ئایا دادگای فیدڕاڵی مەبەستی سیاسیی لەم بڕیارە چییە؟

- مەبەستی سیاسی لەم بڕیارە، یەكەم: بۆ تێكدانی ئەو پێكەوەژیانەیە كە بە شێوەیەكی جوان گەشەی كردووە و بووەتە جێگەی تێڕامانی وڵاتانی پێشكەوتوو و، سەرنجی فاتیكان و قەداسەتی پاپاشی بۆخۆی ڕاكێشاوە.

دووەم: بڕیارەكە بۆ ئەوەیە كە پێكهاتەكان بەگشتی و كریستیانەكان بەتایبەتی متمانەیان بە پێكەوەژیانی هەرێمیش نەمێنێت و وەك ئەوەی لە عێراق ڕووی دا، بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان و بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا كۆچ بكەن.

سێیەم: بڕیارەكە بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، چونكە نەمانی كورسیی كۆتا دەبێتە هۆكارێك كە پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان خۆیان بە هاوبەش لە حكومەت و دامودەزگاكانی دیكە نەبینن و، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش متمانە و دڵنیاییان كەم ببێتەوە، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر تێكچوونی بارودۆخی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت. 

* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنك بگرنە بەر كە كاریگەرییەكی هەبێت و دادگا بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟

- لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكەدا ئێمە وەكو هەموو پێكهاتەكان و خاوەن كورسیی كۆتا، هەڵویستی خۆمان لە دژی بڕیارەكەی داداگاكە دەربڕیوە و چەندین كۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ لایەن و كۆنسووڵخانەی وڵاتان و ڕێكخراوەكانی بیانی و نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، هەروەها لەگەڵ دەرچوونی ئەو بڕیارە كۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان ئەنجام داوە و، لە نزیكەوە جەنابی سەرۆك بازرانیمان بینی، وەك هەمیشە پشتگیریی ئێمەی كرد و هەڵویستی بوێر و جوامێرانەی خۆی بۆ پاراستنی مافەكانمان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی، لێرەشدا داواكارین لە سەرۆك كۆماری عێراق كە لە پشكی كوردە، وەكو پارێزەری دەستوور لە دژی ئەو بڕیارە بێتە وەڵام و بڕیارەكە ڕابگرێت، چونكە سەرۆك كۆمار پارێزەری دەستوورە، ئەگەر ئەو كارە نەكات، ئەوە بۆ مێژوو دەبێتە پەڵەیەكی ڕەش بە نێوچەوانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.

 

Top