باوڕ ئامەدیی ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە بوونەتە تاقم و گرووپی تایبەت بە نانەوەی ناسەقامگیری لە هەرێمی كوردستان

باوڕ ئامەدیی ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:  چەكدارانی پەكەكە بوونەتە تاقم و گرووپی تایبەت بە نانەوەی ناسەقامگیری لە هەرێمی كوردستان

 

 

 ڕەنگە هیچ حزبێكی سیاسی هێندەی پەكەكە زیانی لە بیری نەتەوەیی و كوردایەتی نەدابێت. پەكەكە هەر لە دامەزراندنییەوە بڕوای بە هزری نەتەوەیی كورد نەبووە، لە دوای دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بووەتە داردەستی نەیار و دوژمنانی كورد بۆ نانەوەی كێشە و گرفت لە هەرێمی كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ باوڕ ئامەدیی ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* چەكدارانی پەكەكە وێڕای ئەوەی چەندین شوێنی باشووری كوردستانیان داگیر كردووە، بوونەتە هۆی ڕاكێشانی سوپای توركیاش بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، كەچی دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەشی دەكەن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی پەكەكە بەو شێوەیە كار بۆ نەیارانی كورد لە دژی هەرێمی كوردستان دەكات؟

- بەپێی ئەزموونی چەند ساڵەی من لەناو ڕیزەكانی پەكەكەدا، باش دەزانم پەكەكە لە دروستبوونییەوە كاری بۆ بیری نەتەوەیی نەكردووە. دوای دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش ئەوەندەی دیكە بوونە بەكرێگیراو بۆ دەزگا موخابەراتییەكانی وڵاتانی ناوچەكە و میلیشیاتە چەكدارەكانی عێراق. چیای قەندیل و خۆقایمكردنیان لەو ناوچەیە بۆ دژایەتیی هەرێمی كوردستان و دەستتێوەردانیانە لە كاروباری نێوخۆی هەرێمی كوردستان، ئەم هەڵسوكەوت و ڕەفتارە دوور لە هزری نەتەوەیی و دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان، زیانی گەورەی بە خەباتی كورد لە باكووری كوردستان گەیاندووە و، تا دێت جەماوەر و لایەنگرەكانیان ڕووی لە كەمی كردووە، چونكە خەڵكی باكووری كوردستان خوازیار نین چەكدارانی پەكەكە زیان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەیەنن، ئەوان ڕایانوایە پەكەكە لە هێڵی نیشتمانی و كوردایەتی دوور كەوتووەتەوە، هەر لەبەر ئەمەشە تا دێت توانای پەكەكە لە باكووری كوردستان ڕووی لە كزی كردووە و بگرە لە باشووری كوردستانیش توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای توركیا نەماوە و، بەهۆی كردەوە و لاوازیی ئەوانەوە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە داگیر كراوە. پەكەكە بۆ جێبەجێكردنی ئەجندە و مەرامەكانی نەیارانی كورد دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكات، چونكە ئەوان و ئەو دەزگاو دامەزراوە ئەمنی و موخابەراتییانەی لە پشت پەكەكەوەن، باش ئەو ڕاستییە دەزانن هزرو بیری نەتەوەیی كورد لەلای سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەو قەوارەیەی لە باشووری كوردستان دروست بووە، هەر لەسەر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی و عەقیدە و ڕێبازی بارزانیی و پارتی دروست بووە، بۆیە كێشە و ئاژاوە بۆ حكومەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن.  چەكدارانی پەكەكە لەهەر ناوچەیەكدا بن، خۆیان وا پیشاندەدەن كە هەر لایەن و وڵاتێك بیەوێت، ئەوان ئامادەن بۆ ئامانجەكانیان كار بكەن، بەوەش وڵاتانی وەك ڕژێمی سووریا و ئێران و حەشدی شەعبی لە دژی حكومەت و گەلی باشووری كوردستان بەكاریان دەهێنن. خاڵێكی دیكەی گرنگ كە وای كردووە پەكەكە چاوی بە باری ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەڵنەیەت، ئەو ئاوەدانی و گەشەكردنەیە كە لە باشووری كوردستان هەنگاوی بۆ نراوە، باشترین بژاردەش لە بەردەم پەكەكە زیانگەیاندنە بەم ژێرخان و ئابوورییەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە دەبینێت. بە هۆی پەكەكەوە زیاتر لە (600) گوندی سنووری باشووری كوردستان ئاوەدان نەبوونەتەوە و خاوەن ماڵ و باخ و ڕەز و بیستانەكانیش لە سوودوەرگرتن لەو سامانەی خودا پێیانی بەخشیوە. بێبەش كراون. بێگومان سەركردەكانی پەكەكە بە دوای بەرژەوەندیی خۆیان كەوتوون، بۆیە لە زۆر شوێنی سنوورەكان بازگەی سەرانەوەرگرتنیان لە كاسبكار و خەڵكی ناوچەكە داناوە.   

* بۆچی پەكەكە لەو كاتەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی بە هەموو تواناوە هەوڵیدا كێشەیی كوردی باكوور لەگەڵ توركیا بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكات، چەكدارانی پەكەكە ئەم پڕۆسەیەیان لەبار برد؟

- پەكەكە هیچ كات و سەردەمێك باوەڕی بە گفتوگۆ و دیالۆگ نییە، خۆیان بە خاوەن دەسەڵات و هزری سۆشیاڵستی دەزانن. لەو ڕوانگەیەشەوە تەماشای توركیا دەكەن وەك دەوڵەتێكی داگیركار و خۆیان بە خاوەن هەق دەزانن، لە كاتێكدا ئەمە زۆر دوورە لەو واقیعەی پەكەكە دەیبینێت. بۆیە كاتێك پەكەكە دیتیان كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك خەمخۆر و مەرجەعی نەتەوەیی و كوردستانی بەو پڕۆسەیە هەستاوە، تاوەكو كێشەی كوردی باكوور لەگەڵ توركیا بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت، ئەوان بەپێچەوانەوە كاریان كرد و هەستان بە بەرپاكردنی شەڕی خەندق كە لە مێژووی كورد و كوردستان نموونەی زۆر كەمە لە ماڵوێرانی و قوربانیكردنی میللەتی باكووری كوردستان، لەلایەكی دیكەوە هەر لەو كاتەدا جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان فەرمووی: نابێت چیتر شەڕی كورد لەگەڵ كورد ڕووبدات و شەڕی كورد و كورد حەرامە، كەچی چەكدارانی پەكەكە لێرەو لەوێ كێشە بۆ هێزی پێشمەرگە دروست دەكەن و چەندین جار لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە نەیویستووە ڕووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببێتەوە، شەهید و برینداریان لێكەوتووەتەوە. 

* پەكەكە ماوەیەكە جموجووڵە گوماناوییەكانی دژی هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە. لێرەو لەوێ كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدات. ئایا پەكەكە و ڕێكخستنەكانی نازانن ئەمە چ زیانێك بە پەكەكە و ئایندەی كورد دەگەیەنێت؟

- ئەوەی كوردی نەتەوەیی و كوردستانی دەیەوێت، ئازادی و سەربەخۆیی كوردستانە، بەڵام پەكەكە بە پێچەوانەوە بەو ئاراستەیە ناڕوات. دەتوانین بڵێین چەكدارانی پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و سەركردە هەڵپەرستەكانیان هەوڵ دەدەن، هەر بۆیە هەرچی خراپەكاری و ڕەفتاری ناڕەوایە لە باكووری كوردستان ئەنجامیان داوە، ئەمەش وای كردووە جەماوەر و خەڵكی باكوور لێیان دوور بكەونەوە. چەكدارانی پەكەكە پەلاماری هەرێمی كوردستانیان داوە، سەرئەنجام قەندیل و چەندین شوێنی دیكەی سنووریان داگیركرد و بوونە سەرئێشە بۆ گەلی باشووری كوردستان. ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە چەكدارانی پەكەكە ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە لە شەڕی بەرەیی لەگەڵ توركیا و دابەشی سەر گرووپی چەكداریی بچووك بوون، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە كە كێشە و گرفت ڕاكێشنە ناو قووڵایی سنووری هەرێمی كوردستان، چونكە لەو كاتەی هەر گرووپێكی پەكەكە بگاتە هەر شوێن و دەڤەرێك لە باشوور، وەك دەبینین زیاتر لە دەڤەر و سنووری سلێمانین، ئەوە درۆنی توركیا دەگاتە ئەو شوێنە و بۆردومانی دەكات، لە ئەنجامدا خەڵكی سڤیلی هەرێمی كوردستان شەهید و بریندار و زەرەرمەند دەبن. هەر بۆیە دەگەینە ئەو هەقیقەتەی كە پەكەكە تەنیا دەیەوێت گێرەشێوێنی بكات و ناسەقامگیری و پشێوی بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی دروست بكات، كە ئەمەش بە قسە و پاڵپشتیی وڵاتانی داگیركەری كوردستانە. 

* مانگێكە چەكدارانی پەكەكە دەیانەوێت بچنە ناو شەڕێكی بەرفراوان و دژوار لەگەڵ سوپای توركیا لە ناو خاك و سنووری هەرێمی كوردستاندا، لەو بارەیەوە ڕات چییە؟

- چەكدارانی پەكەكە گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییە كە نەیانتوانیوە بەپێی پێویست كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەن، بۆیە لە ئێستادا خۆیان ئامادە كردووە كە شەڕێكی بەرفراوان و گەورە لەگەڵ سوپای توركیا لە ماوەیەكی نزیك بكەن، تاوەكو سوپای توركیا زیاتر بێتە ناو سنووری هەرێمی كوردستان و خەڵكی باشوور تێیدا زەرەرمەندی سەرەكی بن و حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێم سەرقاڵی ئەو ڕەفتار و كارە بن و زیاتر كێشە لە ناوچەكە زەق بكەنەوە، بە مەبەستی ئەوەی ناسەقامگیری و كێشە بۆ قەواری كوردستان دروست بكەن. هەر چەندە دەزانین سەركردایەتیی كوردستان بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران زۆر زیاتر لەوان ئاگادارن و قەت نایانەوێت هەرێمی كوردستان بچێتە ناو كێشە هەرێمایەتی و ناوچەییەكە، بەڵكو هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هاوپەیمانی هاوپەیمانان و ڕۆژئاوان لە دژی تیرۆر و تیرۆریستیان و بەرنامە و ستراتیژیەتی حكومەتی كوردستان ئەوەیە كە كورد و هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئاوەدانی و گەشەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری خۆیدا بێت، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك و گەلی كوردستان فەراهەم بكرێت.

* بۆچی پەكەكە چاوی بە ئازادی و سەربەخۆیی باشووری كوردستان هەڵنایەت؟ بۆچی سەقامگیریی كوردستان بە چارەنووسی خۆیان و كوردی نازانن؟

- پەكەكە لەگەڵ هیچ كار و بەرنامەیەك نییە، كە خۆی ئەنجامی نەدات، چاویشی بەو ئازادی و نیمچە سەربەخۆییەی قەوارەی باشووری كوردستان هەڵنایەت، بەتایبەتی سەركردایەتیی حكومەت و دەوڵەتەكە كە پارتی و بارزانی كاری بۆ دەكەن. بۆیە هەموو كاتێك دەیانەوێت كێشە بۆ هەرێم دروست بكەن، بەهیچ شێوەیەكیش هێمنی و سەقامگیریی كوردستان بە بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان نازانن.

* دەزگای موخابەراتیی وڵاتان و میلیشیاكان تاچەند بە چەك و تەقەمەنی و پارە هاوكاریی پەكەكە دەكەن؟

- مەترسییە گەورەكە لەوەدا نییە، پەكەكە چەك و تەقەمەنی و پارە لە چ دەزگایەكی موخابەراتی و گرووپێكی میلیشیای چەكداری وەردەگرێت، كێشەكە لەوەدایە، لە بەرانبەر چی ئەم هاوكارییە سەربازی و مادییەی پێ دەدرێتی. بە تەئكید لە بەرانبەر دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانە، وڵاتانی داگیركەری كوردستان بەتایبەتی حەشدی شەعبی عێراقی ئەوانەی میلیشیای سەر بە ئێرانن، پاڵپشتی دارایی پەكەكە دەكەن و چەك و تەقەمەنییان پێ دەدەن، هەر ئەمەشە وای كردووە لە شنگال نەكشێنەوە و كێشەش بۆ كەمپی مەخموور دروست بكەن. هاوكات چەكدارانی پەكەكە هەر كات و ڕۆژێك دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، كاری تیرۆریستی و تەقینەوە لە باشووری كوردستان ئەنجام دەدەن.

Top