عێراق بەبێ ئەمەریكا

عێراق بەبێ ئەمەریكا

گۆڕەپانی سیاسی عێراق و مشتومڕی سیاسییەكان و میدیایی لە بارەی دەركردنی یاساییەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كۆتایهێنانی ئەركەكانی سوپای ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەو وڵاتە چڕبووییەكی كاتییە یاخود خواستێكی گشتییە و عێراقیەكان نایانەوێ چیدی هێزی ئەمەریكا لەسەر خاكیان بێت؟ یاخود خواستێكی هەرێمایەتیە و پەیوەندی بە هەژمووندارێتی ئێرانەوە هەیە؟ یاخود یارییەكی دیكەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئەمەریكایە و بەشێكە لە ڕاكێشانی شەقامی ئەو وڵاتە لەنێوان كۆماری و دیموكراتییەكان؟ یاخود پەیوەستدارە بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل؟
هەموو ئەو پرسیارانە لە جێ خۆیدا هەڵگری چەندین شرۆڤە و لێكدانەوە و ئەگەر و خستنەڕوون، بەڵام هیچیان بە قەدەر جەوهەری مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق گرنگ نین، بەتایبەتی پرسی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق كە لە دۆخێكدا نییە سەربازی ئەمەریكی لەسەر خاكەكەی نەبێت، لەوانەیە ئەو پرسیارەش ڕاست بێت، بەم بنكە سەربازییانە چۆن دەتوانرێت عێراق لە مەترسییە ئەمنییەكان بپارێزرێت لە كاتێكدا سێبەری هێزە میلیشیاكان لەم وڵاتەدا تەنیا لەڕووی سەربازیی و ئەمنی كۆنترۆڵی عێراقیان لە دەست نییە، بەڵكو لەڕووی سیاسی و حكومڕانیش خاوەندارێتی ئەم قۆناغە دەكەن.
شەقامی عێراقی لەگەڵ ئەو دەنگانە نییە كە باس لە كۆتایی هێنانی ئەركەكانی سوپای ئەمەریكا دەكات، لانیكەم سووننە و كورد و توركمان و بەشێكیش لە شیعەكان خواستی وایان نییە و لەگەڵ ئەو رەوتە نین كە بەفیتی ئێران ئەم بابەتە دەوروژێنن و شەقامی ساردی جەماوەری خۆیان پێ گەرم دەكەنەوە. لە خراپترین سیناریۆدا لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا ئەوەیە هیچ گەرەنتیەك نامێنێ لە ناڕوونی ئایندەیی حكومڕانی و كودەتایەكی تائیفی شیعی توندڕەو سەرهەڵبدات و جارێكی دیكە عێراق شاهیدی چەوسانەوەی دەرەوەی ئەو گرووپە بدات كە بەردەوام خواستیان ئەوەیە بەهێزی چەكداری و عەقڵیەتی تاكڕەوانە حكومڕانی بكەن.
ئەگەر لەبارەی خواستی ناوچەیی سەیری ئەو بابەتە بكرێت، ئەوا لە دوای 2003ـەوە ئێران ئەم دروشمەی لە واقیعدا و بە كردەوە و بە هاندانی گرووپەكانی نزیك لەخۆی هانداوە كە لەسەر ئەم پرسە كار بكەن. دوای كوژرانی قاسم سولێمانی (3ـی كانوونی دووەمی 2020) فەرماندەی جێبەجێكاری ئەو خواستە ئێرانییە، هەوڵەكانی ئێران چڕتر بووە و گرووپە چەكدارەكانی لە ناو خاكی عێراق بەكردەوە خستە خزمەتی ئەو خواستە كە لە هێزە ئەمەریكییەكان بدەن و لە ڕووی چالاكی سیاسیشەوە ئەوا گرووپە سیاسیەكانی ناو چوارچێوەی هەماھەنگی كە پێكهێنەری حكومەتە خستەناو بازنەی خواستەكەی خۆی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بەواژوو كۆكردنەوە و دانیشتنی تایبەت سەرقاڵە كە حكومەتی عێراقی بكاتە خاوەن خواستەكەی ئێران. خۆ سیاسییەكان و فەرماندە سەربازییەكانی ئێران دڵنیان لەوەی خواستەكەیان تەنیا فشارە، بەڵام نایانەوێ بە بێدەنگی لە عێراق دانیشین و دەست لە ڕۆڵ و كاریگەریان بهێنن وەك كارەكتەرێكی هەرێمایەتی لە نەخشەی بڕیاردانی عێراقی، بەڵكو دەیانەوێ ئەم وڵاتە وەك دیوی دووەمی خۆیان بمێنێتەوە.
ئەو بۆچوونانە تاڕادەیەكی زۆر ڕۆژەڤێكی گرینگ نین بۆ شەقامی ئەمەریكی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق، تەنیا ئەوەندە نەبێت ترامپ لە كۆمارییەكان وەك كارتێكی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردوویەتی بە یەكێك لە هەڵمەتەكانی دژ بە بایدن و دیموكراتەكان. بۆیە مانەوەی هێزەكانیان لەبەر باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتكارەكانیشیان بێت دەهێڵنەوە و بەشی گرنگی بنكەكانیان دەبێت لە پشتیوانی كردنی بنكە سەرەكیەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فشارەكانی هەندێك لایەنی سیاسی بۆ پرسی كۆتایی هێنانی ئەركەكانی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر (داعش) تازە نین وەك بەستنەوەیەكی میحوەری گرنگ بە بابەتی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڵێ ئەو بابەتە كاریگەری هەبووە لە جوڵاندن و هەندێك بیانووگرتن و لێدان لە بنكەكانی ئەمەریكا، بەڵام دواجار بابەتێكیشی تێدایە پەیوەستە بە موزایەدەی هەندێك سەركردە و گرووپی شیعی بۆ شەقامی خۆیان.
لەسەرووی ئەو پرسیار و گریمانانەدا، عێراق بەبێ ئەمەریكا وەك ئاماژەكرا، ناتوانێ هاوسەنگییە ناوخۆییەكان لە جۆری پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی و فرە لایەنی نێو شیعەكانیش رابگرێت، راستە تائێستا سەدرییەكان لە سڕبوونێكی كاتیدان، بەڵام هەرگیز خواستی سەدر و جەماوەرەكەی نییە بەدیار ئەم گرووپە (چوارچێوەی هەماهەنگی) دانیشین و بینەر بن، بەڵكو لەو فرسەت و دەرگا گەورەیە دەگەڕێن چۆن و بەچ هێزێكی بەهێزترەوە بگەڕێنەوە ناو گۆڕەپانەكە، كە ئەمەش لە غیبابی هێزی ئەمەریكی مەترسییەكانی هەڵگیرسانی شەڕ و ناكۆكی و خوێنڕشتن دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار.
گریمانەكە وای لێبكرێت: لێژنەی هاوبەشی نێوان ئەمەریكا و حكوومەتی عێراقی گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ كشانەوە و كۆتایهێنانی ئەركەكانی شەڕكەرەكانی نێو هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆر (داعش)، پرۆسەكەی چۆن چۆنی دەبێت، كاتی لەبەردەم دیاری دەكرێت؟ چەندە كاتەكە؟ سوپا و میلیشیاكانی عێراق توانستی ئەوەیان هەیە زاڵبن بەسەر هەر هەڕەشەیەك لە ئەنجامی ناكۆكی یاخود گرووپی تیرۆریستی ڕووبەڕووی عێراقییەكان بێتەوە؟ بێگومان نەخێر نە كات هێندە بە كورتی لەبەردەم كشانەوە دەبێت، نە سوپا و نە میلیشیاكان توانستی ئەوەیان هەیە كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن، ئەگەر موزایەدەیەكیش لە ئارادا بێت بۆ نیشاندانی هێزی عێراقی و پێویستنەبوونیان بە هێزی دەرەكی، ئەوا لە بچووكترین نموونەدا دەبینین شەڕی نێوان دوو خانەوادە یا دوو هۆزی عەرەبی سوپا و میلیشیا چۆن دابەش دەبن و بەرامبەر یەك دەگرن. ئەوە كەی ئامادەگییە بەبێ ئەمەریكا بتوانن سەقامگیری دابین بكەن؟.
ئەوەی بەدی دەكرێت، هەر ئەوەیە، ئەمەریكا بە ئاسانی و بێ ئامانج نەهاتووتە عێراق، تاكو بە ئاسانی و بێ ئامانج چۆڵی بكات.
* توێژەری مێژووی سیاسی

Top