گـــۆڕانـــی كەشوهەوا هۆشیاركردنەوە، نەك ترساندن

گـــۆڕانـــی كەشوهەوا  هۆشیاركردنەوە، نەك ترساندن

 

 

 

بایەخدان بە ژینگە بەگشتی و گۆڕانی كەشوهەوا بەتایبەتی، لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەیەكی هەستپێكراوە و مایەی دڵخۆشیی زۆرێك لە ژینگەدۆستانە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، سەركەوتنە سەر شەپۆلەكەیە لەلایەن هەندێكەوە كە ئەوەندەی مەبەستیان ورووژاندنی تیۆریی تۆقاندنی خەڵكە، ئەوەندە ئامانجیان دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو و كرداریی نییە، بۆیە هەموو ئەمانە جۆرێك لە فەوزا و پشێویی ژینگەییان هێناوەتە ئاراوە، كە كاریگەریی دەروونیی خراپیان لەسەر باری دەروونیی هاووڵاتیان هەیە.

هەندێك لە شێوازەكانی ترساندنی ژینگەیی

یەكەم: گواستنەوەی وێنەی ناوچەیەكی پیسبووی جیهانی و پیشاندانی وەك ناوچەیەكی خۆماڵی.

دووەم: نووسین، یان وەرگێڕانی بابەتێك، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی ڕەسەنی بابەتەكە بكرێت.

سێیەم: لێكدانی چەند كورتە زانیارییەك بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە و ناولێنانی بە توێژینەوە.

چوارەم: وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە و كەسانی ناپسپۆڕ و ناشارەزا لە ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا.

پێنجەم: گشتاندنی پێشبینیكردنی تەنیا كەسێك لە بارەی ئایندەی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانەوە.

هەندێك لە هۆیەكانی ترساندنی ژینگەیی

یەكەم: هۆی نێودەوڵەتی. وەك دەرئەنجامێك بۆ ململانێی نێوان وڵاتان، بۆ شكاندنەوەی یەكدی لە ڕێگەی شەڕكردن بە داتای ناڕاست و ناچاركردنی وڵاتێك بەو ڕێگەچارەیەی بۆی دیاری كراوە.

دووەم: هۆی ئابووریی. وەك دەرئەنجامێك بۆ ململانێی نێوان كۆمپانیاكان بۆ بەبازاڕكردنی ئامێر و ئامراز و كەرەستەكانیان لە ڕێگەی ڕیكلامی ژینگەییەوە.

سێیەم: هۆی زانستی. وەك دەرئەنجامێك بۆ ململانێی نێوان زانكۆكان، یان نێوان سەنتەرەكانی توێژینەوە، بە مەبەستی شكاندن و دەرخستنی كەموكوڕییەكانی یەكدی.

چوارەم: هۆی سیاسی. لە ڕێگەی پێكهێنانی حزبی سیاسیی ژینگەیی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، كە مافێكی ئاسایی و دەستووریی هاووڵاتییانە، بەڵام ئەو كات مەترسیدار دەبێت، كە حزبێكی ژینگەیی بە دروشمی «ئامانج ڕێگە دەدات، هەر هۆكارێك بگریتە بەر» كار بكات و، پەنا بباتە بەر بڵاوكردنەوەی داتای ناڕاست و قسەی هەڵبەستراو و توێژنەوەی كۆپیكراو، بۆ ترساندنی هاووڵاتیان و دەستخستنی دەنگیان.

پێنجەم: هۆی میدیایی. وەك دەرئەنجامێك بۆ ململانێی نێوان كەناڵ و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی خستنەڕووی كێشە و گرفتەكان و، بڵاوكردنەوەی نائومێدیی ژینگەیی و خۆبەدوورگرتن لە خستنەڕووی چارەسەرەكان.

شەشەم: هۆی كەسیی و تایبەت. بە مەبەستی سەرنجڕاكێشانی زۆرترین وەرگر بۆ خاوەنی هەندێك ئەكاونت و پەیجە كەسییەكان لە ڕێگەی خستنەڕووی باس و بابەتی ورووژێنەر، بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین ژمارەی بینین و وەرگرتنی لایك و نووسینی كۆمێنت بۆ ئەكتیڤكردن.

حەوتەم: هۆی دارایی و ئابووریی. لە ڕێگەی چوونە سەر شەپۆلی ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا وەك مۆدێلی سەردەم و، خۆنواندن بە دامەزراندنی ڕێكخراو و سەنتەر و پێشكەشكردنی باس و كۆڕ و سیمینار و وۆركشۆپ، بۆ بەدەستهێنانی فەند و دارایی لە ڕێكخراو و ئاژانسە بیانییەكان، كە بەشێك لەوانیش ڕۆڵیان هەیە لە بڵاوكردنەوەی گەندەڵیی ژینگەیی و خۆدەوڵەمەندكردنی كەسی لە ڕێگەی پارەداركردنی پڕۆژەی بەناو ژینگەیی، بە ناوی گەورە و ناوەڕۆكی بچووكەوە.

هەندێك لە هۆكارەكانی گەشەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی

یەكەم: هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی هەستی بەرپرسیارێتی لای تاك و كۆمەڵگە لە بەرانبەر ژینگەدا.

دووەم: هاریكاریكردنی نێوان دامەزراوە حكوومییەكان و زانكۆ و سەنتەرەكانی توێژینەوە.

سێیەم: حزب و ڕێكخراوەكان لە ململانێی نێوانیاندا شەڕ بە ژینگە نەكەن، بەڵكو شەڕ بۆ ژینگە بكەن.

چوارەم: كاركردنی كارمەندانی بواری ڕاگەیاندن و میدیا بە (تیۆری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی).

پێنجەم: هاندانی هاووڵاتیان بۆ بڵاوكردنەوەی ئەزموون و چیرۆكەكانی سەركەوتن.

 

Top