كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتیی توركمان بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی گەلی كوردستان هەڵویست و دژایەتیی جددی خۆی دەربارەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دەربڕیوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سكاڵایەكی لەسەر كورسیی كۆتاكان لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق تۆمار كرد، لە پاش چەند دانیشتنێك لە كۆتاییدا دادگاكە بڕیاری دا، كورسیی كۆتاكان (كە 11 كورسییە) لە پەرلەمانی كوردستان نەمێنێت، ئەمەش دژی پێكهاتەكانی كوردستان و ئەو پێكەوەژیانە هێمن و ئاشتییانەیە كە لە هەرێمی كوردستان بەرجەستە بووە. لەسەر ئەو بابەتە و چەندین پرسی دیكە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتیی توركمان ئەنجام دا .
* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئایا وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگاكە دەكەن؟
- بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی نەهێشتنی كورسیی كۆتاكان بڕیارێكی نایاسایی و نابەجێیە، چونكە كورسیی كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان بە یاسا لە پەرلەمانی كوردستان ڕێك خراوە، بۆچی كورسیی كۆتا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان لە عێراق هەیە و ڕەوایە و بە دەستووری دادەنرێت، كەچی بۆ پەرلەمان كوردستان دەبێ هەڵبوەشێنرێتەوە و نادەستوورییە؟ هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە ئیمتیازی سیاسییە و هیچ ڕوویەكی یاسایی پێوە دیار نییە، بەڵكو تەنیا بۆ نانەوەی كێشە و گرفتە بۆ هەرێمی كوردستان و هەوڵێكە بۆ نانەوەی كێشەو گرفت بۆ ئەو پێكەوەژیانە جوان و ئاشتییانەیەی كە لە نێوان پێكهاتەكانی كوردستاندا هەیە. ئەو بڕیارە ناڕەوا و خراپە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە سەر دادگای فیدڕاڵیی عێراق و لایەنی سكاڵاكار كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو گوناهەش تا دنیا ماوە، ئێمە وەك توركمان و پێكهاتەكانی دیكە لە بیری ناكەین و مێژووش دەینووسێتەوە. بۆمان دەركەوت كە یەكێتی نایەوێت ماف و بەرژەوەندیی پێكهاتەكانی كوردستان بدرێت، هاوكات ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی پاشەكشەیە لە دیموكراتی لە عێراقدا، چونكە ئەو عێراقە نوێیە لەسەر بنەمای دیموكراسییەت و تەوافوقی نێوان نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان دامەزراوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی جگە لەوەی شۆڤێنییانە، لە چەقی فرەیی و پێكەوەژیانیش دەدات و دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتیش، چونكە بڕیارەكە بەو جۆرە ئەو نەتەوە و پێكهاتە و ئایینانەی كە بە ژمارە لە نەتەوەی سەرەكی كەمترن، كە بە سیستم و یاسای كۆتا ماف و دەنگ و بەرژەوەندییەكانیان دیاری كراوە و پارێزراوە، ناهێڵێت لە دانانی یاساكانی وڵاتدا بەشدار بن، هەر بۆیە بڕیارەكە زۆر مەترسیدار و تێكدەرانەیە و لە هیچ شوێنێكی دیموكراسییەتدا جێگای نابێتەوە.
* ئەم بڕیارە لەسەر تانە، یان سكاڵایەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دراوە لە دژی پێكهاتەكان، ئایا نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتی نیشتمانی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟
- ئەو بڕیارە نەك سوودیان پێ ناگەیەنێت، بەڵكو زەرەرێكی زۆر و گەورەیان پێ دەگەیەنێت، چونكە لایەنێكی وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی بە حزبێكی دیموكرات نیشان دەدات و لە بەیان و نووسینەكانیاندا وا خۆیان دەردەخەن كە باوەڕیان بە فرەیی و پێكەوەژیان هەیە، كەچی لە واقیع و هەقیقەتدا دەبینین نەك سكاڵا، بەڵكو شكایەت لە بنەمای دیموكراتییەت دەكەن، كە یەكێك لە بنەماكانی دیموكراتییەت لە هەرێمی كوردستان ئەو (11) كورسییەی كۆتاكانە كە تەنیا هی پێكهاتە و نەتەوەی توركمانیش نییە، بەڵكو ئەو كورسیی كۆتایانە هەق و مافی پێكهاتەی كلد و ئاشوور و سریانی و ئەرمەنی و هەموو ئایین و ئایینزاكانی پێكهاتەی كوردستانە، ئەو شكایەتە و بڕیارە دادگای فیدڕاڵی بووەتە هۆی دروستبوونی كەلێنێكی خراپ لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكاندا، كە هەق و پەیوەندییان بە كورسیی كۆتاكانەوە هەیە. یەكێتی بە شێوەیەك شكایەتی كردووە كە هیچ مافێك بۆ خاوەن ماف نەمێنێت و ئێمەی توركمان وەك نەتەوەی دووەمی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەش بە تەواوی لە دانانی یاساكانی وڵاتدا بسڕێتەوە، كە دەزگایەكی تەشریعیی گرنگ و سەرەكییە كە ئەویش پەرلەمانە.
* بۆچی ئەو حزبانە دژی كۆتای پێكهاتەكانن لە پەرلەمانی كوردستاندا؟
- بە بۆچوونی ئەوان و بەتایبەتی یەكێتی، كە دەڵێن كورسیی كۆتاكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكن، ئەمەش بنەما و هۆكاری خۆی هەیە و هەموو دنیاش لەسەر پەیوەندی و بەرژەوەندییەكان دانراوە، هەر لایەن و حزبێك زیاتر لایەنگر و داكۆكیكار بێت لەسەر بەرژەوەندی و مافی نەتەوە و پێكهاتەكان، ئەوا ئەو پێهكاتانە زیاتر لەو لایەنە نزیك دەبن، تا دەگاتە ئەوەی كە هاوپەیمانی لە نێوانیاندا پێك دەهێنرێت، یەكێتی و حزبەكانی دیكەش دەیانتوانی زیاتر لە پێكهاتەكان نزیك بوونایە و كار و هەوڵیان بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییەكانمان بووایە، نەك بچن دژی ئێمە و هەموو پێكهاتەكان كە هیچ سوودێكی بۆ ئەوانیش (یەكێتی) نییە، لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق شكایەتمان لەسەر تۆمار بكەن، تا گەیاندیانە ئەو ئاستەی كە بڕیارێكی ئاوا نایاسایی و نادەستووری لە دژی ماف و بەرژەوەندییەكانی ئێمەی پێ دەرچوو، ئەوە سڕینەوەی هەموو پێهكاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە لە مەنهەجی یەكێتیی نیشتمانی كە لە هەرێمی كوردستاندایە.
* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە ڕاوەستاوەتەوە و ڕەتی دەكاتەوە؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی وەك سەركردە و كاریزما و مەرجەعی گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش، هەموو كاتێك داكۆكیكار و بەرگریكارێكی سەرسەختی ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێمە و پێكهاتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بوون، لە و بڕیارە چارەنووسسازەشدا كە دەرهەق بە پێكهاتەكان بە ناهەقی دەركراوە، هەر ئەو پشتیوانی و دڵسۆزییە لە جەنابی سەرۆك و تەواوی پارتی چاوەڕوان دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە لە سەروبەندی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە خزمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەندامی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بووم بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری عێراق، ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی سەرەكیترین ڕۆڵ بوو بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوە و پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و لە دەستووری عێراقیشدا و بۆ مێژوویی دەیڵێمەوە، ئەگەر ئامادەیی و ڕۆڵ و جددییەت و پێداگریی جەنابی سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئەوە لایەنەكانی دیكەی عێراق (بە ئیسلامی و شۆڤێنییەكانەوە) پێیان قبووڵ نەدەكرا، ئەو مافانە بۆ پێهكاتەكان بەرجەستە ببێت و بخرێتە ناو دەستوورەوە و، لەو كاتانەی كە مافی پێكهاتەكان دەستنیشان دەكران بۆ دانانیان لە ناو دەستوورەكەدا، لایەنەكانی دیكەی عێراق ڕەفزیان دەكرەوە، بەڵام جەنابی سەرۆك بارزانی جەختی دەكردەوە، ئەگەر ئەو بەند و ماددە و مافانەی پێكهاتەكان لە ناو دووتوێی دەستوورەكەدا جێگیر نەكرێت، ئەوە قبووڵی ناكات، هەر بۆیە ئێستاش لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا ئەوە جەنابی سەرۆك لەسەر باوەڕبوون بە بنەماكان و پڕەنسیپەكانی مرۆڤایەتی و دادپەروەری و دیموكراتی و هاوبەشی و پێكەوەژیان، جددییە و داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافی تەواوی پێكهاتەكانە، ئەو هەڵویستەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ڕێباز و عەقیدەی بارزانیی باوكەوە سەرچاوەی گرتووە و جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو فریادڕەس بەهانای ئێمە و هەموو پێهكاتەكانەوە دێت بۆ گەیشتن بە هەق و ماف و بەرژەوەندییەكانمان.
* زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی دادگا نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور، لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- كاتی خۆی بڕیارێك لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەكان دەرچووە، كە پەرلەمانی كوردستانیش دەستوورییە، لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 لە هەرێمی كوردستان یاسای هەڵبژاردنی یەكلا كردووەتەوە، بەڵام بە چەندین قۆناغ ئەو یاسایە هەموار كراوەتەوە، ئەوە بەشێك لە كۆتاكان وەك توركمان و ئەرمەنی بەپێی یاسا زیاد كراوە، چونكە پێشتر كۆتای كریستیانەكان جێگیر كرابوو بۆ پەرلەمانی كوردستان، كەچی دادگای فیدڕاڵی ئەو بڕیار و یاسایانەی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندووەتەوە، كە ئەوە كار و بڕیارە ئیشی دادگای فیدڕاڵی نییە، بەڵكو دەبوو لە پەرلەمان بە یاسا ئەو كورسییانەی كۆتا هەڵبوەشێتەوە. بۆیە لێرەدا دەبێت بڵێین چۆن دەبێت دادگای فیدڕاڵی ڕێگە بە خۆی بدات كە جێگەی دەزگایەكی تەشریعیی وەكو پەرلەمان بگرێتەوە؟ ئەوە كاری پەرلەمانە كە بە یاسا كورسیی كۆتاكان هەڵبوەشێنێتەوە، نەك دادگا.
* ئەگەر لە ڕەهەندە سیاسییەكەوە سەیری بكەین، ئایا دادگای فیدڕاڵی مەبەستی سیاسیی لەم بڕیارە چییە؟
- ئەو هەرێمەی ئێمە موستەهدەفە و لە ناوخۆ و لە دەرەوەش، بەتایبەتی وڵاتانی هەرێمایەتی دژایەتی دەكەن و بە هەموو شێوە و پیلانێك لە هەوڵی ئەوەدان كە هەرێم و قەوارەكەمان لاواز بكەن و، دەیانەوێت وردە وردە بابەت و پرسە یاسایی و سیاسییەكانی خۆی لە دەست بدات و وەكو پارێزگایەك هەڵسوكەوت و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. ئەگەرچی هەرێمی كوردستان دەستوورییە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپاوە، هەر بۆیە ئەوەی دادگای فیدڕاڵی دەیكات، جێگای قبووڵ نییە، ئەو دادگایەشیان داناوە بۆ لێدان و دژایەتیی ئەم هەرێمە. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە دادگای فیدڕاڵی لەو سنوورەدا ڕاناوەستێت، بەڵكو كار بۆ دژایەتیی زیاتر و گەورەتری قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات، هەر بۆیە پێویستە لەسەر ئێمە و هەموو پێكهاتەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی كە دژی نەهێشتنی كورسیی كۆتاكان هەڵویست وەربگرین و نەهێڵین بۆیان بچێتەسەر.
* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنێك بگرنە بەر، كە كاریگەرییەكی هەبێت و دادگا بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟
- زۆر بەداخەوە ئەو دادگا فیدڕاڵییە بە شێوەیەك دامەزراوە كە دەڵێت بڕیارەكانی كۆتاییە و مولزەمە و باتە و ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت، بەڵام ئێمە سەرۆك كۆمارمان هەیە و لە نەتەوەی كوردە و یەكێك لە وەزیفە هەرە گرنگەكانی پارێزەریكردنە لە دەستوور، سەرۆك كۆمار دەتوانێت ئەو بڕیارە ڕابگرێت و بە نادەستووری دەستنیشانی بكات و پێیان بڵێت ئێوە وەكو دادگا كارتان نەكردووە و خۆتان لە شوێنی یاسادانان داناوە، لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەك پێكهاتەكان لەگەڵ نوێنەر و كونسووڵی وڵاتان چەندین كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و گفتوگۆمان كردووە و پێمان گوتوون، كە ئەوەی دادگای فیدڕاڵی كردوویەتی، ناهەقی و نایاسایی و نادەستوورییە، لە لایەكی دیكەوە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك خەمخۆری پێكهاتەكان و كاریزما و مەرجەعی گەلی كوردستان زۆر دژی ئەو بڕیارەیە و پێی ڕاگەیاندووین، كە پێكهاتەكان چۆن و چیتان دەوێت، ئەوە ئێمە لەگەڵتانین بۆ بەدەستهێنانی ماف و هەقە ڕەواكانتان. جەنابی سەرۆك بارزانی وەك باوكێكی میهرەبان دەفەرموێت: ئێوە بەشێكن لە ئێمە و كوردستان بە هەموومانەوە جوانە و مومكین نییە ئێوە وەك پێكهاتەكان بە بڕیارێك لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی كوردستان بن.