كوردستانی خۆراگر و هونەرى دیپلۆماسى بارزانى

كوردستانی خۆراگر و هونەرى دیپلۆماسى بارزانى

هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری لە دوای ساڵی 2005ەوە وەك هەرێمێكی ئیداری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، دەتوانێت پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسیش دروست بكات، بە پێی بنەماكانی سیستەمی فیدراڵی و بەپێی دەستووری عێراق، حكوومەتی هەرێم بەپێی مادەی 121ی دەستوور، دەتوانێت لە چوارچیبَوەی باڵوێزخانەكانی عێراق ئۆفیس بكاتەوە، بۆ دروستكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە باڵێوێزخانەكانیان تیادایە، هاوكات حكوومەتی هەرێم پەنای بۆ میكانیزمێكی تر برد بۆ گرێدان بە ژینگەی دەرەوە لە رێگەی كردنەوەی نوێنەرایەتی خۆی لەو وڵاتانە.
هەرێمی كوردستان چ لە رووی جوگرافیا و چ ئابووری سەر زەوی و ژێر دەوڵەمەندە بە وزە لە نەوت و گاز، هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەقامگیریی سیاسی و تەناهی لە هەرێم بە بەراورد لەگەڵ عێراق كە وای كردووە كە زۆرێك لە نێردە دیپلۆماسییەكان بە شێوەیەكی كاتی بێنە هەولێر، كە نوێنەرایەتی چەندین وڵات و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی تیادایە، جیا لەوانەیش رۆڵی سەركرایەتی كورد، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، هەروەها رۆڵی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، هۆكارێكی تر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەتایبەتی ئەو رۆڵی بەرانبەر بە داعش هەیبوو، جیا لە بەیەكەوەژیانی لە هەرێم هەیە، هەموو ئەوانە وایان كردووە هەرێم جێگەی بایەخی وڵاتانی دنیا بێت.
دەمهەوێت بڵێم ، كە هەموو ئەو بانگهێشت و سەردانە فەرمییانە چ لە سەر ئاستی ناوچەكە و وڵاتانی ئەوروپایی و نێو دەوڵەتیی بۆ سەركردایەتیی سیاسی كوردستان خۆی لە خَۆیدا ئاماژە و پەیامێكی روون و ئاشكرایە ، بە سەركەوتنی دیپلۆماسی و سیاسەتی ژیرانەكەی لە چۆنێتی مامەڵەكردنی لە گەڵ رووداو و پێشهاتەكان دا .
وەك دەبینرێت ، هیچ سەرۆك و وەزیرێك بە بێ سەردانی نەكردن بۆ هەرێمی كوردستان هەست ناتەواویی گەشت و سەردانە فەرمییەكەیان دەكەن ، هەروەها بەستنی كۆڕبەند و كۆنفرانس و لووتكەی لەم چەند ساڵەی دواییدا و بانگهێشتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان و بەشداری لە دیدار و كۆبوونەوە فەرمییەكان و گەیاندنی پەیامی گەلی كورد و دۆزە رەواكەی لە ناوچەیەكی پڕ كێشە وئاڵۆزیدا ئاماژەن بە گرنگی و سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان .
بانگهێشت و سەردانی فەرمییەكانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ داڤۆس و لووتكەی حكوومەتەكان لە ئیمارات و ئێستای ئەمەریكا و دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، بەهێزیی دیپلۆماسیەتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات.
یەكەم ،، گرنگی ئەو سەردانانە لەوەدایە كە ئەو بانگهێشتانە فەرمین و خودی واشنتۆن میواندارێتی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی كوردستانی كردووە و لە ئاستێكی بڵندیش دیداروكۆبوونەوەكانی بەڕێوەچوون
دووەم ،، ئەو كۆبوونەوە و سەردانە فەرمییانە لەكاتێكدا كە ناوچەكە بە قۆناغێكی سەخت و هەستیاردا گوزەر دەكات ، وەك چۆن گەورە بەرپرسانی ئەمەریكا بە ڕژدەوە جەختیان لە سەر هاوپەیمانێتی و هاوبەشێتی كوردستان و ئەمەریكا و ئینجا كوردستانێكی بەهێز و خۆڕاگر كردەوە ، كە ئەمەش ئاماژەیە بەوەی پێگەی كوردستان هاوشێوەی وڵاتێكی سەربەخۆییە نەك هەرێمێك ،
سێیەم ،، ئەم بانگهێشت وسەردانە فەرمییە لە كاتێكدا بوو كە فشارەكانی بەغدا بە پاڵشتی ئێران لە دژی هەرێمی كوردستان گەیشتبووە لووتكە ،بەڵام دیپلۆماسی و سیاسەتی بەهێزی بارزانی ئەو خەونە نەزۆكانەی مایەپووچ كردەوە .
چوارەم ،، بانگهێشتی دوێنی كۆنفرانسی میونیش بۆسەرۆكی هەرێمی كوردستان ، هەروەها لووتكەی دیپلۆماسی ئانتالیا و سەردانی سەرۆكی ئەرمەنستان بۆ هەرێمی كوردستان سازادنی چەندین دیدار وكۆبوونەوە لەگەڵ دەیان سەركردە و وەزیرانی وڵاتانی زڵهێز و ناوچەكە خۆی لەخۆیدا پەیامێكی روونە .
پێنجەم ،، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر بنەمایەكی دروست و بەرژەوەندی هاوبەش دروست بوو، لەوكاتەی هەرێمیش سوودی بینیووە، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان، كە لە هەرێم هەیە و لە عێراق نییە، ئەویش ئەوەیە كە هەرێم هاوسەنگی پاراستووە لە نێوان هێزە نێودەوڵەتییەكان و هەرێمییەكان.
هەر بۆیە، هێزی نەرم و دیپلۆماسی كاریگەریی زۆر بەهێزی لەسەر گۆڕینی سیاسەتی وڵاتان و پشتیوانیكردن هەیە،چەكێكی بەهێزی ئەو شەڕە، ئەو بەشداریكردنانەی سەرۆكی هەرێم وسەرۆكی حكوومەتی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستانە دەیكات،لەبەرئەوە بەشداریكردن سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەو كۆنگرە و كۆنفراسە نێودەوڵەتییانە، بێ گومان ئەوە كاریگەریی خۆی دەبێت و هیوادارین ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەی سەر هەرێمی كوردستان نەمێنێت و ئەو گوشارە ناڕەوایانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، رابگیرێن، كە هەموو ئەم هەوڵە بەردەوامانە لە رووی پەیوەندی دیپلۆماسی و سیاسییەوە ئاستەنگەكانی بەردەم كوردستانی خۆڕاگر وبەهێز هەڵدەگرن و تێكدەشكێنن .

Top