كــــۆشــكـــی ســپــــی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

كــــۆشــكـــی ســپــــی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مه‌ریكا، كۆشكی سپی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سۆلیڤان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشی درێژخایەنی نێوان کوردستان و ئەمه‌ریکا دەربڕی، دووپاتیشی كرده‌وه‌، کە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کوردستانێکی بەهێز و بەتوانا لەڕووی ئابوورییەوە بەردەوام دەبێت، هەر وەک چۆن لە دەستووری عێراقدا ئاماژەش به‌ بوونی هه‌رێمێكی به‌هێز كراوه‌. سۆلیڤان ئاماژە بە رۆڵی دیاری هێزەکانی پێشمەرگە لە شەری دژی تیرۆریستانی داعش دا و سه‌رنجیشی خسته‌ سه‌ر ئەو هاوپەیمانییە مێژووییەی لەنێوان ئەمریکا و پێشمەرگە.

له‌ به‌شێكی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا، هاتووه‌: سلیڤان هاوخەمی خۆی دەربری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیلی کوردستان کە له‌ شەڕی دژی داعش قوربانی زۆریان داوە و گیانفیداییان کردووە. ئەوەشی دووپات کردەوە ئەمریکا پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆی.

كۆشكی سپی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و هێزەکانی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی کرد.

سۆلیڤان دووپاتی کردەوه‌، ئەمریکا پاڵپشتیی دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، وەک داهاتی بەردەوام و بودجە، رێکخستنەوەی هاوبەشییه‌كان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری، حکوومەتداریی باش و  پێشکەوتنی ئابووری.

Top