دادگـــــای فــیــدراڵـــی یـــان دادگــــای ســــڕیــنــــەوەی فــیــــدراڵـــی ؟!.
گـــومـــان لەوە دانییە سەرکەوتووترین سیسەمی سیاسی دەوڵەت بریتیە لە سیستەمی فیدراڵیزم چونکە ئەوسیستەمە ڕۆحی دیموکراسییە و جێبەجێکاری یەکسانی گەلانە، بەڵام بەو مەرجەی ئەم سیستەمە فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لەسەر بنچینەی قوربانیدانی ناوچەكان و هەرێمەكان نەبێت!.
هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە عێراق تا دوای پرۆسەی ئازادی دەوڵەتێکی سیاسی لە جۆری سادە بوو بەو مانایەی سەرۆک و حیزبی بەعسی فاشی سەرەتا و کۆتا قسە هی خۆیان بوو، بە ئومێدەوە تەواوی گەلانی عێراق بە تایبەت ئێمەی کورد دەمانڕوانیە ئاسۆی سیاسی و جوگرافیایی عێراق، بەڵام ئەنجامی بڕیارەکانی دادگای بەناو فیدراڵی تەواوی هیواکانی لە گۆرنا و ئێستا بە یەقینیەوە دەڵێن عێراق دەبێتە هەموو شتێک تەنیا فیدراڵی نەبێت!!.
پاراستنی پێکهاتەکان و مسۆگەرکردنی کورسیەکانیان لە پێشوودا خۆی لە خۆیدا سیمایەکی دروشاوەی هەرێمی کوردستان بوو، لە پاڵ ئەو ئارامی و ئاوەدانییەیی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتۆتە بوون، بەڵام دەستی ڕەش و ناخی دزێوی دادوەرانی شۆفێنیزم ئەم سیمایە دەخاتە دۆخێکی ترسناکەوە کە لە ئایندە لێکەوتەکاتی دەبینین!.
هێمنی و ئارامی هەرێمەکەمان بۆ تەواوی جیهانە تەنانەت بۆ کەسوکاری سەرانی دادگاکەش و داوەرانیشی مایەی سەرسورمانیە، بەڵام هەوڵدان بۆ بێدەسەڵاتکردن و لاوازكردنی لەلایەن خۆیانەوە هەمدیسان بە ئەژمارەکانی خۆیان پێگەی هەرێمەکەمان دەسڕنەوە، دەبێت باش لەوە دڵنیابن ئەم كارەیان لە خەون نزیکترە لەوەی کارێکێ ژیری یاسایی بێت!!.
بڕیارەکانی دادگای ناوبراو هێندەی بریارێکی دەستوری بن زیاد لەوەندە بڕیارگەلێکن کە عواد بەندەر و هاوئاوازەکانی لەدادگای شۆڕشی بەعسیزم نەیان توانی دەریبکەن و کوردستان بەتەواوی ئەنفاڵ بکەن بە ڕێگای حوکمی قانونی ستەمکاری.
شاعێرێک لە شیعرێکا دەڵێت:" حەیف لە زەردبوونی گەڵاکان نییە، ئەگەر هەڵوەرینی بەدوا نەبێت"، منیش بۆ ئەو شاعێرە دەڵێم حەیف لە ستەمکاری بڕیارەکانی ئەو دادگایە نییە ئەگەر سڕینەوەی فیدراڵی بەدوا نەیەت!.،، ئەگەر سڕینەوەی فیدراڵی بەدوای هات بەشەڕەفەوە دەچینەوە چیاکان و ئازادی و نان تەی دەکەین دواجار ئەو دادگایە دادگایی دەکەین پشت بەخوای گەورە و جەماوەری كوردستان و پێشمەرگە..