مـــهســـرور بـــارزانـــی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان به سهرۆكایهتیی شاندێكی حكوومهت سهردانی پارێزگای ههڵهبجهی كرد.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 22ی 2ی 2024، مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان به سهرۆكایهتیی شاندێكی حكوومهت سهردانی پارێزگای ههڵهبجهی كرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لهمیانهی سهردانهكهیدا چهند پڕۆژهیهكی گرنگ له ههڵهبجه دهكاتهوه كه یهكێك له پرۆژه سهرهكییهكان دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوته.
له ڕێورهسمی دانانی بهردی بناغهی ئهو پرۆژه ستراتیژییهی حكوومهتی ههرێمی كوردستاندا له ههڵهبجه، سهرۆكی حكوومهت گوتارێكی پێشكهش كرد و تێیدا هاتووه، خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم كە لە پارێزگای هەڵەبجە لە سنووری شاری شەهیدان بەردی بناغەی ئەم پرۆژە گرنگە دادەنێین، هەرچەندە بەداخەوە دەست كردن بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دواكەوت، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم ڕێگە و پردە، سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەگات، بە تایبەتیش كە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە یەكەوە دەبەستێتەوە.
سهرۆكی حكوومهت ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، هەوڵدان بۆ لەبیركردنی تاوانی جینۆسایدی خەڵكی هەڵەبجە و بێبایەخكردنی ئەم تاوانە بەردەوامە، بەڵام نابێت ئێمە ڕێگە بدەین ئەم تاوانەمان بیر بچێتەوە، نابێت وابكەین لەبیری بەغداش بچێتەوە، لە لایەكەوە تاوانمان بەرامبەر دەكرێت، لە لایەكی ترەوە قورگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لەولاشەوە دێن خۆیان وەكوو فریادڕەس پێشانمان دەدەن و خەڵكێك بەلاڕێدا دەبەن و وادەكەن كە ئێمە مەمنوونیشیان بین.
ئهمهی خوارهوه دهقی گوتارهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه:-
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
ئەم كاتەتان باش
خۆشحاڵم كە توانیم جارێكی دیكە بێمەوە هەڵەبجە، هەرچەندە ماوەیەكی زۆری پێچووە كە من بتوانم جارێكی تر بێمەوە و سەردانی ئەم دەڤەرە بكەم. لە سەرەتای دەست پێكردنی ئەم كابینەیە، هەر زوو هەوڵمان دا بێین بۆ ئێرە. ئەمە جاری چوارەمە كە پێشتر بەداخەوە لەبەر چەند هۆیەك سەردانەكەمان رێك نەخرا، بەڵام ئێستا خۆشحاڵم كە توانیمان بێین و لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین.
خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم كە لە پارێزگای هەڵەبجە لە سنووری شاری شەهیدان بەردی بناغەی ئەم پرۆژە گرنگە دادەنێین، هەرچەندە بەداخەوە دەست كردن بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دواكەوت، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم ڕێگە و پردە، سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەگات، بە تایبەتیش كە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە یەكەوە دەبەستێتەوە. هەروەها كاریگەرییەكی باشی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بووژانەوەی كەرتی گەشتوگوزاریش دەبێت.
دەڤەری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان پێگەیەكی گرنگ و تایبەتیان لە كوردستان هەیە، چونكە مەڵبەندێكی دیاری ڕووناكبیری و خوێندەواری بوون لە كوردستان و زێدی چەندین زانا و عارفی دانا و شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و كەسایەتیی ئایینی و كۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر لە كوردستان بووە. شانازی دەكەین كە هەڵەبجە دەبینین ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان تێیدا لە هەموو كوردستان كەمترە، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بەوەی ئەم ناوچەیە تا چەند پێگەییوە و خاوەنی كەلتوورێكی زۆر دەوڵەمەندە و جێی شانازیی هەموومانە.
هەروەها لە رووی كشتوكاڵییەوە ناوچەیەكی بەپیت و دەوڵەمەندی كوردستانە. هەر بۆ نموونە، هەناری هەڵەبجە ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە. جاران رەنگە تەنیا لەم دەڤەرە ناسراو بێت، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەی خۆی بۆ گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و بایەخدان بە بەروبوومی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمەكانی كوردستان، خۆشبەختانە ساڵی رابردوو توانیمان هەناری كوردستان و بە تایبەتی هەناری هەڵەبجە هەناردە بكەین كە ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی وڵاتانی كەنداو و دەرەوە وەكوو براندێكی بەروبوومی كشتوكاڵی كوردستان دەناسرێت و ناوبانگێكی باشیشی پەیدا كردووە.
خەڵكی ئەم دەڤەرە قوربانییەكی زۆریان داوە و ئازارێكی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بۆتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام جێی داخە كە هەڵەبجە وەكوو پێویست خزمەت نەكراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان خۆمان بە قەرزاری خەڵكی هەڵەبجە بزانین و بە قەرزاری كەسوكاری گشت شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان بزانین، كە دەبوایە بە شێوەیەكی شایستەتر خزمەتی خەڵكی ئەم ناوچەیە بكرێت.
ئەگەرچی زۆربەی ئەنجامدەرانی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بە سزای خۆیان گەیشتن كە بەم تاوانەیان مێژوویەكی پڕ لە شەرمەزاری و ڕووڕەشییان بۆ خۆیان بەجێ هێشت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیی زۆرە، چەندین ساڵە حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق ئامادە نییە بەپێی دەستوور قەرەبووی زیانلێكەوتوانی دەستی رژێمی پێشووی بەعس بكاتەوە، لە كاتێكدا هەڵەبجە نموونەیەكی هەرە دیاری تاوانە دڕندەكانی ڕژێمی بەعسە و پێویست بوو بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی و قوربانیانی كیمیاباران و ئەنفالەكان بە شێوەیەكی شایستە قەرەبوو بكرێنەوە.
هەوڵدان بۆ لەبیركردنی تاوانی جینۆسایدی خەڵكی هەڵەبجە و بێبایەخكردنی ئەم تاوانە بەردەوامە، بەڵام نابێت ئێمە ڕێگە بدەین ئەم تاوانەمان بیر بچێتەوە، نابێت وابكەین لەبیری بەغداش بچێتەوە، لە لایەكەوە تاوانمان بەرامبەر دەكرێت، لە لایەكی ترەوە قورگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لەولاشەوە دێن خۆیان وەكوو فریادڕەس پێشانمان دەدەن و خەڵكێك بەلاڕێدا دەبەن و وادەكەن كە ئێمە مەمنوونیشیان بین، ئەم جۆرە رەفتارە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان چیتر قابیلی قەبووڵ نییە، ئێمە پێویستە هەموومان هەڵوێستی توندمان هەبێت بۆ ناچاركردنی حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ قەرەبووكردنەوەی بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو كوردستان.
ڕەخنەگرەكانمان لە جیاتی ئەوەی لە ئاستی تاوانەكەدا تاوانباران شەرمەزار بكەن، خەریكی شتی زۆر بێنرختر بوون لە كوردستان كە پێموایە پێویستە ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی حكوومەتی فیدڕاڵی ببینەوە و داوای رەوای خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست بەبیر ئەوان بێنینەوە كە پێویستە ئەوان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و بەپیر دەنگ و هاواری خەڵكی هەڵەبجەوە بێن.
هەڵەبجە زامێكە بە جەستەی كوردستانەوە و ئەركی هەموومان ساڕێژی ئەو برینە بكەین و خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین. ئەركی هەموومانە كە ئەو گرێ كوێرەیە بكەینەوە كە دەسەڵاتێكی سەرتاسەری لە كوردستان بنیاد بنێین، پێموایە هەر بەم شێوەیەش دەتوانین باشترین خزمەت بە خەڵكی خۆشەویستی هەڵەبجە بكەین.
مایەی سەرسوڕمانە كە تەنانەت ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بیانووی جۆراوجۆر تەواو ناكرێن و تا ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە، لە كاتێكدا چەندین ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە. كێشە و ئاستەنگ دروستكردن بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و بەستنەوەیان بە مەسەلەی بەپارێزگاكردنی شوێنەكانی تر، بە كەم سەیركردنی قوربانیدانی خەڵكی هەڵەبجەیە. بۆیە داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین كە ئەم بابەتە چیتر پشتگوێ نەخرێت و وەك گەمەیەكی سیاسی بەكار نەهێندرێت. پێویستە لە زووترین كاتدا ڕێكارە كارگێڕییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكرێن و لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر بدرێت و پاشان بودجەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بونیادنانی ژێرخانی ئەم شارە خۆشەویستە تەرخان بكرێت.
هەروەها داوا دەكەین حكوومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات و كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفالكراوان و زیانلێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق لە كوردستان قەرەبوو بكاتەوە، بۆ ئەوەی كەمێك لە ئازارەكانی خەڵكی هەڵەبجە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كەم بكرێنەوە.
ئێمە زۆرجار ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدڕاڵی لە ساڵانی رابردوو باس كردووە، هەموو جار دەڵێن ئێمە جێگرەوەی رژێمی پێشوو نین و ئێمە بەرپرسیار نین بەرامبەر ئەو تاوانانەی كە لە ڕژێمەكانی پێشووتر دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كراوە. لێرە پرسیارەكە ئەمەیە، حكوومەت پێی خۆش بێت یان نا، جێگرەوەی دەسەڵاتە، هەر تاوانێك پێشتر لە لایەن دەسەڵاتەوە لەم وڵاتە كرابێت، ئێستا حكوومەت بەرپرسیارە لەوەی كە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. بەڵام دەبینین لە هەمان كاتدا زۆر لەو یاسایانەی لە رژێمی پێشووتر دەرچوون و لە خزمەتی حكومڕانییەكی مەركەزیدان، ئێستاش پابەندن پێیانەوە و ئەو یاسایانەیان نەگۆڕیوە و ئێستاش حكوومەت لەسەر ئەو یاسایانە كار دەكات. چۆن دەكرێ لە لایەكەوە پابەندی یاسا بن، بەڵام لە لایەكی ترەوە بەرپرسیار نەبن بەرامبەر بەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان كراوە؟ یان دەبێت بە یەكجاری خۆیان بەری بكەن لە هەموو یاسایەك كە لە رژێمی پێشووتر دەركراوە، یانیش دەبێ تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكەن و ئێستا دان بەوەدا بنێن كە غەدرێكی زۆر لە خەڵكی كوردستان كراوە و پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە.
لە كۆتاییدا سڵاو و ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خۆڕاگریی خەڵكی هەڵەبجە هەیە. دڵنیا بن ئێمە هەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا رەواكانتانین و هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی ئێوەی خۆشەویست.
ئێمە پێش ئەوەی بێینە ئێرە، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە هەبووە، داواكارییەكانیان لەگەڵمان باسكردووە، ئێمەش بەپێی توانا و ئەگەر بە شێوەیەكی تایبەتیش بێت، گوتوومانە كە ئەوەی لە دەست و توانای حكوومەتی هەرێمدا بێت، بەپیر داواكارییەكانتان دێین و ئەوەی پێمان بكرێ بۆتان جێبەجێ دەكەین.
دەزانین كە هەڵەبجە پێداویستیی زۆرە و هەموومان قەرزاری هەڵەبجەین، بۆیە هیوادارم بتوانین لە ماوەی داهاتوو قەرەبووی ئەو كەمتەرخەمییانەش بكەینەوە یان ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێویست بوو زووتر بكرێن.
لە كۆتاییدا دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان. هەر شاد و سەركەوتوو بن. كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.