فــــرە فـــەتـــوایـــی لـــە نــێــوان تـــاك مــــەزهــەب و فـــرە مـــەزهـــەبــیـــدا

فــــرە فـــەتـــوایـــی لـــە نــێــوان تـــاك مــــەزهــەب و فـــرە مـــەزهـــەبــیـــدا

 

 

فرە فەتوایی بە ڕەهایی لە بەرژەوەندیی ئیسلام و موسڵمانان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە ئیسلام هۆشداری دەداتە موسڵمانان، شوێن فەتوای كەسانی نازانا نەكەون، چونكە فەتوای ئەو جۆرە كەسانە لەجیاتی خزمەت، خەڵك بەرەو چەقبەستوویی و گومڕایی و ئاریشەی زۆر دەبات، هەروەك چۆن لە ڕووی دونیایی هەر وڵاتەو دەستوور و یاسای تایبەت بەخۆی هەیە و ناكرێ فرە دەستووری و فرە یاسایی پەیڕەو بكات، چونكە وڵات ناڕوا بەڕێوە و تووشی گرفت و فەوزای زۆر دێت.

 

 

زۆربەی كورد لە پارچەكانی كوردستان بە درێژایی پتر لە هەزار ساڵە لە ڕووی ڕێبازی فیقهییەوە پەیڕەوی مەزهەبی (ئیمام شافیعی)یان كردووە، ئەمەش بووەتە بنەمای ئەوەی زۆرینەی زانایانی كورد و مەدرەسە زانستییەكان و ڕێڕەوی فەتوا لە چوارچێوەی ئەو مەزهەبە ڕەسەن و ئەسیڵە بێت، كە مایەی فەزیڵەت و ئیفتیخار و سەرچاوە و فاكتەری سەرەكیی یەكڕیزیی موسڵمانان بووە لە ناو كورددا.

پابەندیی میللەتی كورد بە مەزهەبێك لەناو چوار مەزهەبە سەرەكییە فیقهییەكان كە مەزهەبی ئیمامی شافیعییە، زادەی تێگەیشتنی زانستی گەورە زانایانی كوردە، كە پێكان و هەڵبژاردنێكی فرە ڕەهەند و بەجێیە، بۆ ئەوەی ڕێڕەوێكی دروست بۆ ئاراستەكردن بدۆزنەوە و خەڵكی تووشی سەرگەردانی و ئاژاوە و دووبەرەكی و فەوزا نەبن و، سەقامگیریی كۆمەڵایەتی تێك نەچێت و، دین و ژین سەلامەت و پارێزراو بن. بۆیە زیاتر لە هەزار ساڵە كورد لە ڕووی پابەندی بە دین و پیادەكردنی دروشمەكانی، گرفتی ئایینی و تێگەیشتن بۆ ئایینی نەبووە.

هاوشان زانایانی كورد كە پابەندی ئەو مەزهەبە فیقهییە بوون، وەنەبێ دەرگایان بە ڕووی مەزهەبەكانی دیكە داخستبێت، یان بابەتەكەیان كردبێتە لەمپەر لەبەردەم خواست و پێشهاتە ئایینییەكان و قۆناغەكەیان تووشی چەقبەستوویی كردبێت، بەڵكو بەوپەڕی ئەدەب و لە ئاست تێگەیشتن و هۆشیاریی زانستییەوە هەڵسوكەوتیان بەرانبەر جیاوازی و ڕای مەزهەبەكانی دی نواندووە، بە شێوەیەك مافپارێزی و ڕەچاوكردنی چوارچێوەی زانستی و ڕێزگرتن لە فرەڕایی و لێكتێگەیشتن لە چڵەپۆپە بووە، تا ڕاددەیەك هەر كات زەمینە و زەروورەت بۆ پیادەكردنی ڕای یەكێك لە مەزهەبەكانی دیكە هاتبێتە پێش، لەپێناو بەجێهێنانی خواستی كۆمەڵگە و ڕەوچاوكردنی مەبەستی باڵای شەریعەت و تەبایی نێو موسڵمانان پەیڕەویان كردووە.

راستە ڕاجیایی فیقهی ڕەحمەتە، وەك ئیمامی شاتیبی دەفەرموێ: «الخلاف في مسائل الفقه محض الرحمة»، هەروەها سەرهەڵدان و دروستبوونی مەزهەب بۆ خزمەتی دین و بەجێهێنانی خواست و پێویستیی خەڵك و ڕۆژگار لەپێناو تێگەیشتن لە ئەحكامی شەرعی، بۆشاییەكی گەورەی پڕكردووەتەوە و كارئاسانی زۆر و قازانجی گەورەی لە بواری دینداری لە دونیا و قیامەت تێدایە، وەك ئیمامی قەڕافی لە كتێبی (الذخيرة) دەفەرموێ: «المذاهبُ كلها مسالكٌ إلي الجنة، وطُرقٌ إلي السعادة، فمن سَلَكَ منها طريقًا وصَّله».

بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین كە هەڵبژاردن و دیاریكردنی یەك مەزهەب لە بابەتە فەرعییە فیقهییەكاندا لە ناو وڵاتدا بۆ ڕاییكردن و بەرێوەچوونی كاروبارەكانی ڕۆژانە و پەیوەست بە پەرستش و دروشمە ئایینییەكان، هەنگاوێكی باش و پێویست و گرنگە، كە لە چوارچێوەی دانایی و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی موسڵمانان، زانایانی كورد پەسندیان كردووە، نەك لە ڕوانگەی دەمارگیری مەزهەبی و بێئاگایی و پەراوێزخستنی مەزهەب و بۆچوونەكانی دیكە سەیریان كردبێت.

لەلایەكی دیكەوە كردنەوەی دەرگا بە تەواوی بەرانبەر وەرگرتنی هەموو ڕا و مەزهەبەكان، كار دەكاتە سەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی و یەكڕیزی موسڵمانان و گوێڕایەڵی بۆ مەرامی كەسی و ئارەزوو ئاسان دەكات و پەیوەندیی نێوان زانا و نازانا ئاڵۆزی تێدەكەوێت و دەبێتە دەروازەی دەركەوتنی كۆمەڵێ كەس، كە بە ناوی زانا خۆیان دەكەنە پێشەنگ و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ڕوخسەتەكانی نێو مەزهەبەكان، خۆیان دەبەنە پێشەوە و ئاشنایەتی زیاتر بەدەست دەهێنن لەگەڵ زۆرینە، كە ئەمەش لەسەر حیسابی دین كارێكی شیاو نابێت و داهاتووی باش ناكەوێتەوە و میللەتیش تووشی ئاژاوە و سەرلێشێوان و هەندێ جار فیتنەش دەبێت.

لەو سۆنگەوە تێدەگەین كە فرە فەتوایی بە ڕەهایی لە بەرژەوەندی ئیسلام و موسڵمانان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە ئیسلام هۆشداری دەداتە موسڵمانان شوێن فەتوای كەسانی نازانا نەكەون، چونكە فەتوای ئەو جۆرە كەسانە لە جیاتی خزمەت؛ خەڵك بەرەو چەقبەستوویی و گومڕایی و ئاریشەی زۆر دەبات، هەروەك چۆن لە ڕووی دونیایی هەر وڵاتە و دەستوورو یاسای تایبەت بەخۆی هەیە و ناكرێ فرە دەستووری و فرە یاسایی پەیڕەو بكات، چونكە وڵات ناڕوا بەڕێوە و تووشی گرفت و فەوزای زۆر دێت.

ئەمە بۆ ڕێكخستنی كاروباری ئایینیش هەر ڕاستە و پێویستە جیهانبینی و چوارچێوەی گشتی بۆ سەرپەرشتیكردن و ئیدارەدانی ڕەوشی ئایینی و مەنهەج و ستراتیژیی زانایان لە پرسی فەتوا و ئاراستەكردنی گوتاری ئایینی لەناو وڵات ڕوون و دیار بێت، ناكرێ هەر مزگەوتەو لەسەر مەزهەبێك بێت، یان هەموو مەزهەبەكان لەناو شارێك جێبەجێ بكرێن، چونكە ئەمە كارێكی قورسە و زەمینە خۆشكەرە بۆ فەوزا و سەرلێشێواندنی خەڵك و تێكگیران و سەرهەڵدانی ناتەبایی و شتی نەخوازراو.

لەبەر ئەوە زانایان لە ڕابردوو زۆر بە وریایی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسە كردووە و بە ئاسانی ئەم دەرگەیان نەكردووەتەوە. هەر بە نموونە؛ ئەبو یەعلای حەنبەلی كاتێك فەقێیەك دێتە لای و پێی دەڵێ: ئەی ئیمام هاتووم لای جەنابتان بخوێنم و فێری فیقهی مەزهەبی حەنبەلیم بكەیت. ئەویش لێی دەپرسێ: بەڕێزت خەڵكی كوێی و لەكوێوە هاتووی؟ دەڵێ: لە شیرازەوە هاتووم. ئەبو یەعلا پێی دەڵێت: باشە شیراز هەمووی شافیعی مەزهەبە! چۆن دەبێ تۆ فیقهی حەنبەلی بخوێنیت و بگەڕێیتەوە شارێك هەموو شافیعییە؟ من نامەیەكت بۆ دەنووسم، بڕۆ لای ئەبو ئیسحاقی شیرازی شافیعی لە خزمەت ئەودا فیقهی شافیعی بخوێنە، چونكە ئەگەر لێرە فیقهی حەنبەلی بخوێنی و بگەڕێیتەوە شیراز دەبیتە مایەی فیتنە بۆ ئەوان!

تەنانەت هەڵسوكەوت و ڕەفتاری هاوەڵانیش لەم بارەوە بە حیكمەت و لێزانانە بووە، لە ڕێزگرتن بەرانبەر پێشەوایانی سەردەمی خۆیان و داخستنی دەرگای فرە فەتوایی و پشێوی و دروستكردنی خیلاف، وەك لە سونەنی ئەبوداود هاتووە: ئیمامی عوسمان لە كاتی حەجدا لە (مینا) پێشنوێژی بۆ موسڵمانان كرد و چوار ڕكاتی بۆ كردن، عەبدوڵڵای كوڕی مەسعود لەوێ ئامادە بوو فەرمووی: لە دوای پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت)و ئەبوبەكر و عومەر (خوا لێیان ڕازی بێت) نوێژم كردووە، هەر دوو ڕكاتیان دەكرد لەو كاتانەدا، ئینجا لە عەبدوڵڵایان پرسی تۆ ڕەخنەت لە ئیمامی عوسمان گرت، بۆچی خۆیشت وەكو ئەو چوار ڕكاتت كرد؟ لە وەڵامدا فەرمووی: (الخلاف شرّ) واتە: لەبەر ئەوەی خیلاف و ناكۆكی شتێكی خراپە، هەرچەندە ڕای خۆی پێچەوانەی ڕای ئیمامی عوسمان بوو، بەڵگەشی بەدەستەوە بوو، بەڵام لەپێناو یەكڕیزیی موسڵمانان پەیڕەوی لە ئیمامەكەی كرد و خۆی جیا نەكردەوە.

پابەندبوون و پەیڕەوكردنی ڕێڕەوی مەزهەبێك نەك هەموو مەزهەبەكان لەناو وڵاتدا، وێڕای ئەوەی سەواب و هەنگاوێكی پەسند و پێویستە، لەهەمان كات هۆكاری یەكڕیزی و دیاربوونی مەرجەع و یەكخستنی سەرچاوەی مەعریفی و ڕێكخستنی كاروباری ژیان و پاراستنی بەرژەوەندی و پارێزراویی مافە لەلایەك و، ڕێگریكردنە لە پەرتەوازەیی و ناكۆكی و دووبەرەكی و ململانێ و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی و شڵەژانی كۆمەڵگە و پشێوی و فیتنە و ڕەتكردنەوەی یەكترە لەلایەكی دیكەوە، سەرەڕای ئەمەش دروستكردنی ئاڵۆزی و بیری توندڕەوی و سەرهەڵدانی گرووپی توندئاژۆ و فكری هاوردە و خەتەرناكە لەناو كۆمەڵگە. چونكە بە دانانی چوارچێوەی گشتی و دیاریكردنی مەزهەبێكی دیاریكراو هەمووان لەدەوری یەك سەرچاوە ڕۆشنایی وەردەگرن و دروشم و خواپەرستی و مامەڵە و نەریتەكانیان ڕێكدەخەن، كە دواجار ئەو جۆرە لە پەیڕەوكردن دەبێتە بەشێكی گرنگی پرۆسەی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی ئایینی لەناو كۆمەڵگەدا.

میللەتی كورد كە پابەندی مەزهەبی ئیمامی شافیعی بووە و لەسەری ڕاهاتووە و زۆرینەی ڕەهای زانایانی كورد لەسەر ئەم مەزهەبە ڕۆیشتوون و كۆمەڵگەیان ئاراستە كردووە و گرفتی ئایینی نەبووە، چ عەجەب ئێستا ئەم ڕێبازە ڕەسەنە زانستی و میراتی و توراسیە نەپارێزین! چ ئیجابە كوردستان بكەینە مەیدان و بازاڕی ساغكردنەوەی فەتوای هاوردەو نەگونجاو بە واقعی میللەتی خۆمان!؟ چ عەجەب هەموو دەرگایەك بەسەر خەڵكی ئاسایی بكەینەوە و تووشی قەیرانی ناحاڵیبون لە دۆخەكە و دابەشبوون و تێكدانی كەشی ئارامی خواپەرستی ناو مزگەوتیان بكەین!

زانایان لە ڕابردوو و ئێستادا بە حوكمی ئەوەی پسپۆڕی ئەم بوارەن؛ دەزانن چۆن مامەڵە و هەڵسوكەوتیان كردووە و دەكەن، بەڵام خەڵكی ئاسایی و كەمزان و نائەهل ئەو مافەی نییە لەخۆڕا دەست بۆ پرسێكی وا هەستیار ببات و بە ئارەزووی خۆی هەر جارەو بە شێوازێك جۆرە فەتوایەك بڵاو بكاتەوە، كە هیچ وڵاتێك ڕێ بە فەوزا و بێسەروبەری و شتی لەم شێوە لە بواری فەتوا نادات. بۆیە باشتر وایە و پێویستە كلیلی دەرگای فرە مەزهەبی و فرە فەتوایی لای ئەهلی خۆی بێت و بە كەسی نەشیاو نەكرێتەوە، وەك ئەوەی ئێستا بەشێكی زۆری خەڵكیش سەری لێ شێواوە و نازانێ بە كام دوعایە بڵێ ئامین!!

 

Top