هۆشداریی ڕووسیا بۆ ڕۆژئاوا: دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانماندا بگرن، ڕێوشوێنی توند دەگرینەبەر

هۆشداریی ڕووسیا بۆ ڕۆژئاوا: دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانماندا بگرن، ڕێوشوێنی توند دەگرینەبەر

 

 

 

 ڕووسیا هۆشداری دەداتە ڕۆژئاوا، ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەست بەسەر سەدان ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی مۆسکۆدا بگرن، ئەوا ڕووسیا ڕێوشوێنی ئەوپەڕی توند دەگرێتەبەر.

بە گوتەی ئیسنا، دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە ساڵی 2022 هێزەکانی خۆی ڕەوانەی ئۆکرانیا کرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گواستنەوەی دارایی بانکی ناوەندی ڕووسیا و وەزارەتی دارایی ئەم وڵاتەیان قەدەغە کرد و 300 ملیار دۆلاریان لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2022دا بەست و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بلۆک کراوە.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە یاسایەکی نوێی پەسەند کرد بۆ تەرخانکردنی قازانجەکانی سەروەت و سامانی بەستووی بانکی ناوەندی ڕووسیا، ئەمەش یەکەم هەنگاوی کۆنکرێتییە بەرەو ئامانجی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەکارهێنانی ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی دارایی ئۆکرانیا.

لەم نێوەندەدا ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئەمە دزییە. کارێکی ناڕێژەییە کە ئیستغلال بکەیت لە کاتێکدا هیچ شتێک بۆ تۆ نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاردانەوەی مۆسکۆ لە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ڕووسیا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر توند دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەدا گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەمان ئەم بابەتەی بە دزی زانیوە، هەڵوێستی ئێمە دەبێتە سزای دزەکان نەک وەک کارێکی سیاسی.

هەروەها ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئەگەر دەست بەسەر سەروەت و سامانەکەیدا بگیرێت، دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەدا دەگرێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top