پێویستە لە ناخمانەوە ئەرێنی بین

پێویستە لە ناخمانەوە ئەرێنی بین

(توماس ئەدیسۆن) داهێنەری گەورەی ئەمریكی و دۆزەرەوەی كارەبا دەڵێ" هیوا گەورەكان كەسانی گەورە دروست دەكەن".
گرنگە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی دا بەردەوام ئەرێنی بێت و هیوا بەخش بێت و هەمیشە كاریگەری ئەرێنی بخاتە سەركەسانی دەوروبەری و قوتابییەكانی و بەردەوام هانیان بدات بۆ ئەنجامدانی كارەكان و هەمیشە وایان لێ بكات بە چاوی ئەرێنی و گەشبینی سەیری بوون و ژیان بكەن، چونكە كە بە چاوی جوان و گەشبینی و ئەرێنییەوە تەماشای ژیان و شتەكان بكەین، بێگومان هەمیشە بەجوانی و بە ئاسانی و دڵخۆشی دەیانبینین. گرنگە چۆن بتوانین وزەی ئەرێنی دروست بكەین لە ناخمان لە بیروهزرمان لە باوەڕمان ؟ ئاشكرایە هەموومان بیركردنەوەكانمان دروست كراوی خۆمانن كەس ناتوانێ‌ بیركردنەوەیەكی لابەلا و جیاواز گۆڕانكاری لە بیركردنەوەكانمان بكات، گەر خۆمان یارمەتی نەدەین. واتە تاكە كەس كە دەتوانی بیگۆڕی تەنها خۆمانین، بۆیە دەبێت فێربین بیركردنەوەی ئەرێنی دروست بكەین لە ناخ و هزرو بیركردنەوەكانمان بە شێوەیەك بتوانین خزمەتی خۆمانی پێبكەین، هەمیشە ئەرێنی و گەشبین بین ئەوەش یارمەتیدەری سەرەكی دەبێت بۆ هاسەنگ بوونمان بۆ بەختەوەری و هێوربوونەوەمان، لە بیرمان نەچێت لە بنەڕەتەوە لە سەرەتاوە ئەرێنی پێویستی بەوە هەیە كەوا باوەڕی تەواومان بە خودای گەورە هەبێت، هەمیشە هەموو شتێك بۆ خودا بگەرێنینەوە پاڵپشتیمان بە خودا هەبێت و دواتریش هەمیشە بیرمان لای چارەسەر بێت نەك لای گرفتەكان. بۆیە هەردەم بیركردنەوەی ئەرێنی بەرهەم و ئەنجامی باشی دەبێت، دووربكەوینەوە لە نەرێنی و ڕەش بینی و بۆڵە بۆڵ وگلەیی و لۆمە كردن و خۆ بەراورد كردن لەگەڵ كەسانی تر و بیركردنەوەی نەرێنی كە هەموو ئەوانە زۆر مەترسیدارن لە سەر مرۆڤەكان ژیانیان دەكاتە زنجیرەیەك لە ناخۆشی و ئاستەنگ و دڵتەنگی و داڕووخان و نائومێدی و داشكان، هەوڵبدەین لە شتە ناخۆشەكان خۆشی دروست بكەین و هەمیشە بە باوەڕی ئەرێنی و هیواوە سەیری بابەتەكان بكەین، گەر كەسەكان ئەرێنی و گەشبین بوون دڵنیابە پاشەڕۆژیان خێروچاكە دەبێت دەوروبەر و كۆمەڵگاش دەبێتە پارچەیەك لە وزەی ئەرێنی.
لە بیرمان نەچێت لە بەرزترین حاڵەتەكانی ئیلهام و سروشت كردن كەدەتەوێ چێژوخۆشی ببینی لەو كاتانەدا بیرۆكەی زۆر باشت بۆ دێت، بۆیە گرنگە هەمیشە گەشبین بین و ئەرێنی بین ئەوەش وا دەكات سروشت و خورپەی دڵمان لەو كاتەدا چێژوخۆشی ببینن كە دەبێتە سەرهەڵدانی بیرۆكەی زۆر باش و ئەرێنی كە بێگومان ئەنجام و بەرهەمی باشتری دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بە دڵنیایی جەخت لەوە دەكەمەوە هەركەسێك ئەگەر نەتوانێ‌ دڵی خۆی خۆش بكات بیركردنەوەی ئەرێنی بۆ خۆی دروست بكات و نەتوانی كاریگەڕی ئەرێنی لە سەر هەڵسوكەوت و ڕەفتار و ژیانی خۆی دروست بكات و نەتوانێ‌ سەركردایەتی ژیانی خۆی بكات و ئامانجی نەبێت و بێ بەرهەم بێت ئەوا بەدڵنیایی هیچ كەسێك و هێزێك ناتوانی كاریگەڕی لە سەر ئەو كەسە دروست بكەن كە خزمەتی خۆی و خەڵك بكات و هەمیشە كەسێكی نامۆ وبێ بەرهەم دەبێت. بۆیە دەبێت لە خۆمانەوە لە ناخمان لە بیركردنەوەمان لە باوەڕمان لە ئارەزوو و خواستمان ئەرێنی بین و بە چاوی ئەرێنی سەیری خۆمان و دەوروبەر و كۆمەڵگا بكەین ئەوكات بەرهەم و خێرو چاكە و خزمەت كردنمان بۆ خۆمان و دەوروبەر و كۆمەڵگا دەبێت، هەمیشە كەسی بەرهەمدار و ئەرێنی سوودبەخش دەبین.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top