پڕۆفیسۆر كریستۆفەر جەی فێتەوێس پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، بۆ گوڵان: هێرشە مووشەكییەكانی ئێران ڕووداوێك بوون نابێت دووبارە ببنەوە

پڕۆفیسۆر كریستۆفەر جەی فێتەوێس  پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، بۆ گوڵان:  هێرشە مووشەكییەكانی ئێران ڕووداوێك بوون نابێت  دووبارە ببنەوە

 

 

كریستۆفەر جەی فێتەوێس، پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، تایبەتمەند و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەت و ستراتیژیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەكی كۆمەڵكوژ، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەكی بەناوبانگ و ئاستبەرزی وەك زانكۆی جۆرج واشنتۆن و زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوە و كتێبە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە تیشكخستنەسەر هێرش و پێشێلكارییەكانی ئەم دواییەی ئێران لە دژی سەروەریی عێراق و هێرشكردنەسەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

 

* هەروەك ئاشكرایە كە لە ئێستادا بارودۆخێكی پڕ لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی باڵی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە لەبری ئەوەی كار بۆ هێوركردنەوەی هەلومەرجەكە و سنوورداركردنی بارگرژییەكان بكرێت، ئەوا بە پێچەوانەوە هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەكە هەندێ كردار ئەنجام دەدەن، كە هێندەی دیكە دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن، بەتایبەتی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر پاكستان و سووریا و عێراق، لێرەدا دەمانەوێت بە دیاریكراوی پرسیاری ئەوە بكەین كە بۆچی ئێران هەولێری كردە ئامانج؟

- لە ڕاستیدا ڕەنگە چەندین هۆكار و پاڵنەر هەبن لە بارەی ئەم هێرشانەی دوایی كە ئێران ئەنجامی دان، كە ڕەنگە بۆ من ڕوون نەبن و پێیان ئاشنا نەبم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی من لەم ڕووەوە دەتوانم ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە ئەم كردار و پەلامارانەی ئێران ئەنجامی دان، لە دوای ئەو هێرشانەوە بوون كە كرانە سەر ڕێوڕەسمی یادكردنەوەی پرسەی قاسم سلێمانی، چونكە ئەوە بوو، ئێران دوای ئەو تەقینەوانەی كە لە مەزاری قاسم سلێمانی ڕوویان دا، هێرشی كردە سەر چەند لایەك، بەڵام ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەتوانم بیڵێم، ئەوەیە كە ئەمە بۆ پیشاندانی هێز و توانا و ئیرادەی وڵاتەكە بوو، بۆ جەماوەری ناوخۆی.

* زۆر باس لەوە كراوە كە عێراق لە بارێكدا نییە كە بتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت و، بەرەنگاری ئەو ئالنگارییە ئەمنی و دەرەكییانە ببێتەوە، كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە چەشنێك كە لە ئێستادا ئەم وڵاتە بە ئاشكرا بووەتە گۆڕەپانی ڕكابەریی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەر چۆنێك بێت لەبارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێرانەوە حكومەتی عێراق هەڵوێستێكی جیاوازتری هەبوو بەراورد بە هەڵوێستەكانی پێشووی، لەم ڕووەوە چۆن لە كاردانەوەكەی حكومەتی عێراق دەڕوانن؟

- ئەوەی پەیوەست بێت بەم پرسەوە، ئەوا ئەگەر من لە جێی بەغدا و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بوومایە، ئەوا كاری لە پێشینە و ئەولەوییەتم هەوڵدان دەبوو بۆ ئەوەی كارێك بكەم كە بازنەی هەڵكشانی توندوتیژییە هەرێمایەتییەكە ڕابگرم و بیوەستێنم. واتە بە ئاقار و ئاراستیەكدا كار و كۆششم دەكرد كە نەكەومە نێو چەقی ئەم گێژەن و تەنگژەیەوە. هەرچۆنێك بێت، ناتوانم لەوە دڵنیا بم كە ئایا بڕیاربەدەستانی عێراق هاوڕا دەبن لەسەر ئەوەی ئەم پرسە بكەنە ئەولەوییەت و كاری لە پێشینەی خۆیان یان، نا.

 * ئەگەر بێینە سەر هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەم هێرش و پێشێلكارییانەوە، ئەوا ئەوەی بەدی كرا، ئیدانە و ڕەتكردنەوەیەكی بەربڵاوی ئەم دەستدرێژكارییانە بوو، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە هێشتا مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەم هێرش و پێشێلكارییانە لە ئارادان، كەواتە ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت، یان دەتوانێت كارێك بكات كە ڕێگری لە ئێران بكات، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا جارێكی دیكە پەلاماردانی لەم شێوەیە دووبارە نەكاتەوە؟

- من نامەوێت پێشبینی بكەم، بەڵام ئەگەر سەركێشی بكەم و مەزەندەیەك بكەم لەم ڕووەوە، ئەوا دەڵێم ئەم هێرشانە سەرەتا و دەستپێكی هەڵگیرسانی ناكۆكییەكی بەربڵاو و بەرفراوان نەبوون، بەڵكو تەنیا ڕووداوێك بوو، بەڵام ڕووداوێك بوو كە نابێت دووبارە بكرێتەوە، كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانم بڵێم، كە ئەگەر من لە پێگەیەكدا بوومایە و ڕاسپاردەم هەبووایە بۆ سەركردەكانی هەولێر، ئەوا پێشنیاری ئەوە دەكەم كە دەست بۆ تۆڵەكردنەوە نەبەن، ئەمە وەك هەڵچوونێك وایە، كە ئەگەر لێی گەڕێی خۆی خاو دەبێتەوە و دەنیشێتەوە.

* ئەگەر تێكڕای ئەو بارودۆخەی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرچاو بگرین، كە چەندین ناكۆكی لەخۆ دەگرێت و چەندین ڕەهەندی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە، ئایا دەتوانین لەم ڕووەوە بڵێین كە ئەو هەلومەرجەی هاتووەتە ئاراوە بە شێوەیەكی سەرەكی خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات، واتە ئێران براوەی ئەم بارودۆخەیە؟

- لە ڕاستیدا من پێم وانییە ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە ئارادایە، یان ئەو ناكۆكی و شەڕەی هاتووەتە ئاراوە زیان بە ئێران بگەیەنێت، یان سوود و قازانجی پێ بگەیەنێت، چونكە من باوەڕم وایە ئێرانیش بە چەشنی هەموو لایەك تووشی سەرسوڕمان بوو لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی كە بزووتنەوەی حەماس لە دژی ئیسرائیل ئەنجامی دان. هەروەها من پێم وایە ئێران هێندە كۆنتڕۆڵی نییە لە بەرانبەر هاوپەیمانە هەرێمایەتییەكانی، بەو چەشن و ئەندازەیەی كە زۆر كەس لە نێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا مەزەندەی دەكەن و لێكدانەوەی بۆ دەكەن، چونكە ئەمانە كاراكتەری سەربەخۆن، كە ڕاستە گوێ بۆ ئێران دەگرن و پەیوەندییان هەیە لەگەڵیدا، بەڵام مەرج نییە كە شوێنكەوتەی ئامۆژگارییەكانی ئێران بن، یان پابەند بن بە فەرمانەكانیەوە. كەواتە ئەگەر بە پوختی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، ئەوا ئەگەر ئەم تەنگژە توندوتیژەی ئێستا بە ئاراستەی یەكلابوونەوەیەكی ئاشتییانە پەرە بستێنێت، ئەوا ناتوانین بڵێین ئێران لە دۆخێكی باشتر، یان خراپتردا دەبێت.

 * ئەگەر لە هەر بازنەی مەزەندە و پێشبینییەكاندا بمێنینەوە، ئایا ئەگەر بارگرژی و ناكۆكی و كێشەكانی ئەم ناوچەیە بەردەوام بن و پێشهاتەكان بە ئاراستەی هەڵكشانی زیاتردا بڕۆن، پێشبینی ئەوە ناكەن كە ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی ببنەوە؟ ئایا پێت وایە خواستی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەوە بێت كە دۆخەكە بەم ئاقارەدا ببات؟

- نەخێر، من پێم وایە ئەوەی لە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتبی جۆ بایدن بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە ئیحتیوا بكرێت و ڕێگری بكرێت لە هەڵكشانی زیاتری بارگرژی و ناكۆكییەكان، هەرچەندە لە ئێستادا ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر بزووتنەوەی حوسییەكان لە یەمەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وانییە ئەمە گۆڕانكاری لە ئەولەوییەتی ئەم ئیدارەیەدا بكات، لە هەمان كاتدا ئاماژەیەك بەدی ناكەم بۆ ئەوەی ئێران بیەوێت بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت.

*     ئایا پێتان وایە ئەو شەڕەی لە ئێستادا لە غەززە لە ئارادایە بەرفران ببێت و شەڕێكی هەرێمایەتیی بەرفراوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە ئاراوە، بە چەشنێك كە ئەمریكا و هێزە جیهانییەكانی دیكە تێوەبگلێن؟

- نەخێر، من پێشبینی ئەوە ناكەم كە شەڕێكی بەربڵاو و بەرفراوان ڕوو بدات و هەڵبگیرسێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئاماژە بەوەش بكەم كە من پێشبینی ڕوودانی ئەو شەڕەش ناكەم كە لە ئێستادا لە ئارادایە و بەردەوامە، كەواتە كێ دەزانێت، چونكە ئەگەر جارێكی دیكە دۆناڵد ترەمپ جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست لە كۆشكی سپی، ئەوا ئەو كاتە هەموو مەزەندە و پێشبینییەكان گۆڕانكارییان بە سەردا دێت.

 

Top