«سەلمە»، تێپەڕاندنی مـۆنۆدراما
نەژاد نەجم پیاوە دیارەكەی شانۆی كورد لە شاری كەركووك، یەكێكە لە نیشانە گەشەكانی شانۆ لەو شارەدا، لە هەمان كاتدا (ئەو و هاوكار و هاوپیشەكانی) ئاماژەیەكن بەوەی شانۆی كوردستان لە كەركووكدا ئامادەیە، دەكرێ بڵێین ڕەوتی شانۆ لەم گەورە شارەی كوردستاندا، بە گوڕ و تینەوە بەردەوامە و لە برەودایە. شانۆكارانی ئەم شارە تا ئەندازەیەكی زۆر لە ڕووی نمایش و چالاكییەوە، چ لە كەركووك بێت یان لە ئاستی كوردستان و هەندەران، توانیویانە خۆ بنوێنن، دەنگی هونەرەكە و ڕەنگی شانۆكارانی شار، بە خەڵك و ناوەندی هونەر بگەیەنن.
ئا/ تاریق كارێزی
لە ئەزموونێكی تازە و ناوازەدا، نەژاد نەجم وەك دەرهێنەر، پرۆژە نمایشی مۆنۆدرامای «سەلمە»ی گرتووەتە ئەستۆ. نەژاد گوتی «دەقی سەلمە بۆ خۆی چەندین چیرۆكی دوا بە دوای یەكە، بیرۆكەی چیرۆكەكانم بەرەو ڕووی د. دڵشاد مستەفا كردەوە، ئەویش بە دید و ڕوانینی خۆی، زۆر جوان بیرۆكەی چیرۆكەكانی گەڵاڵە كرد. دەقەكە مۆنۆدرامایە، بەڵام تاكە كاراكتەری دەقەكە بە گوێرەی زنجیرەی چیرۆكەكان، چەندین كەسایەتی بەرجەستە دەكات. پێشتر دەقەكە ناوێكی دیكەی هەبوو، من و د. دڵشاد ڕێككەوتین ناوی بنێین سەلمە.»
دەرهێنەری «سەلمە» ڕوونی كردەوە، ئەم كاراكتەرە گورزەیەك ئازار و نەهامەتیی نەتەوەیەك دەگێڕێتەوە، كە لە شاڵاوی ئەنفالدا سەدان هەزار كەس، لە كیمیا باران كردنی هەڵەبجەدا سەرووی 15 هەزار كەس، لە ڕێی هات و نەهاتی كۆچ بەرەو هەندەرانیش، سەدان كەسی لە دەریای ئیجە و سنووری نێوان توركیا و یۆنان و وڵاتانی دیكەی بەڵكاندا، بوونە قوربانی.
سەلمە كاراكتەری مۆنۆدرامایەكە، هەر خۆی ڕۆڵی هەشت تا نۆ كاراكتەر دەگێڕێت، منداڵە، قاچاخچییە، جەندرمەیە، پارێزەرە، پاسەوانی سنوورە، دایكە، باوكە، پۆلیسە. ئەستێرەی شانۆ لە كەركووك هەوار فارس لەو نمایشەدا (سەلمە)یە. نەژاد نەجمی دەرهێنەر دەڵێ «لەم نمایشەدا ئەزموونێكی نوێ تاقی دەكەمەوە.» هەر لەو كاتەوەی شانۆ لە گێڕانەوە ڕا بەرەو نواندن چوو، نواندنێك كە لە بەراییدا ڕێك و ڕەوان، سرووتی خواپەرستی بوو، پاشان گۆڕا بە نواندن و یەكەمین ئەكتەریش (تیسپس: Thespis)ـە، كە ئیدی هونەری مۆنۆدراما (تاك ئەكتەر) بۆ بەراییەكانی پەیدا بوونی شانۆ لە لای گریك و لە ئاستی جیهاندا، دەگەڕێتەوە. نەژاد نەجم دەڵێ «مۆنۆدرامام لە یەك ئەكتەرەوە كردووە بە دوو ئەكتەر، بە بێ ئەوەی ڕێسای ئەم جۆرە شانۆیە بشكێنم، من (ئەكتەرێكی كورد، هەوار فارس و ئەكتەرێكی فەرەنسی، ئۆغێلێ)م، لە یەك مۆنۆدرامادا كۆ كردووەتەوە، هەوار دەقەكە بە زمانی كوردی، ئۆغێلێ بە زمانی ئینگلیزی، نمایش دەكەن. هاوكات نمایشەكە لە یەك مۆنۆدرامادا كۆمەڵێك كاراكتەر بە هەمان ئەكتەر، بە تەنیا ئەكتەرێك، بەرجەستە دەكات.»
وەك نەژاد نەجمی دەرهێنەر گوتی، خانمە ئەكتەری فەرەنسی ئۆغێلێ لە مانگی شوبات/2024دا دێتە كوردستان. هەر لە مۆنۆدرامای (سەلمە)دا سێ ئەندازە شێوەی (چوارگۆشە، بازنە، سێگۆشە) وەك هێما سوودیان لێ وەرگیراوە، چوارگۆشە گوزارشت لە كوردستانێكی دەورە دراو بە وڵاتانی داگیركەر دەكات، هەر جووڵەیەكی نێو چوارگۆشە، لە گۆشەیەكەوە بەرەو گۆشەیەكی دیكەت دەبات، گۆشەش بۆ وڵاتێكی ژێردەستە مایەی كوشت و بڕ و مەرگ و مردنە، بازنەش هێمای بەردەوامی و هەوڵی نەبڕاوەیە لە پێناو گەیشتن بە ئامانج، بە ئازادی و سەربەخۆیی و سەرفرازی. كورد وێڕای هەموو نەهامەتییەكی ئەنفال و مەرگ و چەوسانەوە، نە كۆڵ دەدات، نە لە ڕۆیشتن بە ئاراستەی سەرفرازی و ئازادی ماندوو دەبێت، بازنە زۆر بە چڕی دۆخی ئێستای باشووری كوردستان بەرجەستە دەكات، كە حكومەت و ئاڵا و زمانی فەرمیی هەیە، هیواشمان وایە بە مەنزڵی وڵاتێكی سەربەخۆ بگات. دەبێ ئەوەش بڵێین سێگۆشە باسی دەسەڵاتی كورد (حوكمەت و ئاڵا و زمان) دەكات، لە سێ شێوەی ئەندازە، سێ ڕەهەندی واتا بەدەست دێت و بەرجەستە دەبێت. بە گوتەی نەژاد دەرهێنەری سەلمە، د. دڵشاد مستەفا «زۆر بە وردی كاری لەسەر هێڵ و گرێ و ململانێ و كاراكتەرەكان كردووە، سەلمە هێمایەكی دیاری نمایشەكەیە، هەموو فەزاكەی دەجوولێنێ.» بە گوێرەی ڕێڕەوی دەقەكە، سەلمە هەوڵ دەدات دەنگی كورد بە دادگای نێودەوڵەتیی لاهای بگەیەنێت.