گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بۆ گوڵان : ئامانج پەلاماری مووشەكی بالیستی و درۆنەكان ڕاگرتنی گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستانە
كەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەولێر بە یەكێك لە كەرتە گرنگەكانی ئابووری پارێزگاكە و هەرێمی كوردستان دادەنرێت، ئەم دوو بوارە لە پارێزگاكە و لە ماوەی ڕابردوودا گەشەی فراوانی بە خۆیەوە بینیوە. خەڵكی پارێزگای هەولێر و ناو سەنتەری شاری هەولێر پەیوەندییەكی باش و فراوانیان لەگەڵ هاوپیشە و توێژی بازرگانان و پیشەسازیكارانی ناوچەكانی دیكەی عێراق و دەوروبەردا هەبووە، بەمەش ئاڵووێری بازرگانی و پیشەسازی تادێت زیاتر ڕوو لە گەشەكردن دەكات. زۆر لایەنی سیاسی و میلیشیا و وڵاتان لە ناوچەكەدا حەز لەم پێشكەوتنانە ناكەن، ئەوەتا بە مووشەكی بالیستیكی و درۆن هێرش دەكەنە سەر خەڵكی سڤیلی هەولێر. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی كەرتەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە پارێزگای هەولێر، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی هەولێر ساز دا .
* با سەرەتای پرسیارەكەمان لەوەوە دەست پێبكەین، وەكو سەرۆكێكی نوێی هەڵبژێردراوی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئایا دیدگە و ستراتیژیەتێكی نوێی كاركردنتان هەیە بۆ خزمەتكردنی بازرگان و پیشەسازیكارانی پارێزگاكە؟
- بازرگان و پیشەسازیكار و كاسبكاران لە پایتەختی هەرێمی كوردستان توێژێكی فراوان و دەوڵەمەندن و، كاریگەرییان نەك تەنیا لەسەر ڕەوشی ئەم كەرتانە و باروبژێوی ژیانی خەڵكی و بەدەستهێنانی زۆرترین هەلی كار هەیە، بەڵكو كاریگەریی زۆر بەهێزیان لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریش هەیە، ئەوەتا تا دێت قەبارەی ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ ڕووی لە زیادبوون كردووە، لەولاشەوە كەرتی پیشەسازی وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا دوای تێپەڕبوونی شوێنەوارە خراپەكانی كۆرۆنا و گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە و وشكەساڵی، توانراوە ژمارەیەكی زۆری كارگەكان بەگەڕ بخرێنەوە و بەرهەمی ناوخۆ ڕووی لە زیادبوون كردووە. بۆ ساخكردنەوەی ئەم بەرهەمە زیادەیە و هاندانی برا جووتیارەكانمان ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بوێرانەی ناوە، بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساخكردنەوەی بەروبوومەكانیان، ئەوەتا بۆ یەكەم جارە بەرهەمی نێوخۆی پارێزگاكەمان و زۆر پارێزگا و ناوچەی دیكەی كوردستان ڕەوانەی پایتەختەكانی وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا كراون، بەمەش بەرهەمی كوردستان بووە بڕاندێكی ناسراو لە ئاست كێبڕكێی بڕاندە بەناوبانگەكانی جیهاندا. بازرگانی و پیشەسازی بەو پێیەی بە بناغەی ئابووری و گەشەی پارێزگاكەمان دادەنرێن و ژمارەیەكی زۆری هەلی كاری ڕەخساندووە. ڕێژەیەكی زۆری خەڵكی هەولێر پشتی بە كار و كاسبی و بازرگانی و پیشەسازی بەستووە، بۆیە لێرەدا دیدگە و ستراتیژیەتی ئێمە بەرەو گەشەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و جۆراوجۆركردنی ئابووری، بەتایبەتی بەرەو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری دەچێت. ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە ماوەی كاركردنی ئەم خولەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێردا، زاڵ بین بەسەر تەحەددییەكاندا و هەنگاو بۆ بووژانەوەی هەردوو كەرتەكە بنێین. بەداخەوە هێرشەكانی ئەم دواییە و شەهیدكردنی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی و منداڵەكەی و كوشتنی بازرگانە عێراقییەكە، دۆخەكەی بە ئاقارێكی خراپدا بردووە. پێشڕەو دزەیی سەرمایەدار و كەسایەتییەكی دیار و ئاشتیخوازی شاری هەولێر و ئەندامێكی كارای ژوورەكەمان بوو. ئەم هێرشانە زیانگەیاندنە بە پەیوەندیی لەمێژینەی دراوسێیەتی و زیانی گەورەی بە بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی ئێران گەیاندووە، كە زەمەنێكی زۆرە ئێمەی كوردستانییان كار بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی دەكەین.
* ئێوە لە یەكەمین هەڵوێستاندا بەرانبەر مووشەكبارانكردنی هەولێر و بەئامانجكردنی بزنێسكار و خەڵكی سڤیلی شارەكەتان، داوای بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران و هەڵپەساردنی سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانتان لەگەڵ ئەو وڵاتە كرد. پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چەند ئەم هەنگاوە دەچێتە قاڵبی فشارخستنە سەر ئێران بۆ ڕاستكردنەوەی پەیوەندییەكان و بەجێگەیاندنی ئەركی دراوسێتی؟
- كورد و سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، هەرگیز ڕێگەیان بەخۆیان نەداوە، ببینە بەشێك لەو ململانێیەی نێوخۆ، كورد گەلێكی ئاشتیخواز و لێبووردەیە، هەولێرییەكان بەوە ناسراون، میللەتێكی ئاشتیخوازن و ڕێزی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزا و خەڵكی لێقەوماو دەگرن. هەر پەناهەندە و ئاوارەیەك ڕێگەی بكەوێتە هەولێر جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە و لەم شارەدا نیشتەجێ دەبێت و خۆی بە هەولێری دادەنێت. ئەمە مێژوو سەلماندوویەتی، بەتایبەتی لەگەڵ گەلی كوردمان لە ڕۆژهەڵات و نەتەوەكانی دیكەی ئێران كە پەیوەندییەكی مێژوویی پێكەوەیان دەبەستێتەوە. دەزانن ئەو ئاڵووێرە بازرگانییەی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان كە ژووری بازرگانیی ئێران باسی لێوە دەكات، ساڵانە بە سێ ملیار دینار دەیخەمڵێنێت، ئاڵووێرێكی تاك لایەنەیە و زیاتر هاوردەیە و لە بەرژەوەندیی گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەدایە، لۆرییە بارهەڵگرەكان بە پڕی دێن و بە بەتاڵی دەگەڕێنەوە دیوی ئێران، بە واتایەكی دیكە خەڵكی كوردستان زیاتر ئاڵووێری كەرتی بازرگانییەكەیان لە خزمەتی ئێراندایە، لە كاتێكدا وڵاتی جێگرەوە هەیە و بە كوالێتییەكی بەرزتر و باشتریش، هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر لە پێگەیەكی جوگرافیایی وا بەهێزدایە، دەتوانن لە رێگەی عێراق و بەندەری بەسرە و توركیا و سووریاوە ببنە جێگرەوەی بەرهەمی ئێرانی و، سوود بە خەڵكی خۆمان بگەیەنین و هیچ نەبێت لە ئێستاوە كار بۆ بەرهەمهێنانی نێوخۆیی و پڕۆژە و كارگەی بچووك بكەین. ئەو گەنجە زۆرەی بە دوای كاردا دەگەڕێت، لە كێڵگەكانی كشتوكاڵی و كارگە و كارخانەكانی نێوخۆیی هەلی كاریان دەست بكەوێت، بەمەش نەك تەنیا خەڵكی بەشمەینەتی ئیدارە سەربەخۆكان و قەزا و ناحیە و گوندەكان هەلی كاریان دەست دەكەوێت، بەڵكو بە دەیان پیشەسازیی نێوخۆیش دەبووژێتەوە، بەشێك لەو هێرش و بۆردومانانە بۆ ئەوەیە كەرتی ئابووریی پارێزگای هەولێر و هەرێمی كوردستان بەگشتی لە گەشەكردن ڕابوەستێنن و پەلكێشمان بكەنە ناو ئاڵۆزییەكان و جەنگەكانی خۆیانەوە. خۆ ئەمە یەكەمین جار نییە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر و دوور لە هەموو بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان دەكەنە ئامانج و مافی دراوسێتی پێشێل دەكەن و، بە درۆن و مووشەك و برسیكردنی خەڵكی كوردستان هێرش دەكەنە سەرمان، لە كاتێكدا شاری هەولێر بە گەورەترین شار دادەنرێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان، ئەم هێرشانە ناچاری كردین، چیتر بێدەنگ نەبین و داوامان لە بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان بەگشتی كرد بایكۆتی هێنان و تەنانەت بەكارهێنانی كاڵا ئێرانییەكان بكەن.
* باسی جۆراوجۆركردنی كەرتە ئابوورییەكان و بووژانەوەی بەرهەمی نێوخۆی كوردستانت كرد. ئایا دەتوانین لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووك و هاندانی بزنێسكارەكانەوە بەرهەمی ناوخۆیی گەشە پێ بدەین؟
- بەڵێ، دەتوانین، ئەوەتا بەرهەمی گۆشتی مریشك و هێلكە و گۆشتی سوور و پەتاتە و گەنم و جۆ و چەندین بەرهەمی دیكەی خۆماڵی زیادی كردووە، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی دەبێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ ڕوو بكەینە بازاڕەكانی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و، بگرە هەناردەی وڵاتانی دیكەی وەكو كەنداو و ئەوروپا بكرێن. ئەگەر لە كوردستان پاڵاوتگە و پیشەسازیی نەوت و كارگەی چیمەنتۆ و ئاسن نەبووایە، فشار و گەمارۆیەكی زۆریان لەسەر دادەناین. دەبووایە لەبری ئەوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی تاران داوای شكاندنی بایكۆتی لێ بكردینایە، فشارەكان و گوتارەكەیان بە ئاراستەی داوای لێبووردن و قووڵكردنەوەی پەیوەندیی دراوسێتی و دۆستانەی گەلی كورد و فارس بكردایە. ئەوان خۆیان باس لە سێ ملیار دۆلار قەبارەی ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، لەم سێ ملیارە چەندی بۆ ساغكردنەوە و هەناردەكردنی بەرهەمی كوردستان دەڕوات؟ بێگومان ئەوەندە كەمە هەر حیسابی بۆ ناكرێت. ئەوەتا تەرازووی بازرگانیی ئێمە زۆر لاسەنگە و بە قازانجی ئەوان دەشكێتەوە. چەند كۆمپانیای ئێرانی و كرێكار و كاسبكاری ئێرانی لەم هەرێمەی ئێمە كار دەكەن؟ لەلایەكی دیكەوە لە كاتی ڕیفراندۆمیشدا گەمارۆی ئابوورییان لەسەر هەولێر دانا، لە ئێستاشدا توركیا و عێراق و سووریا و ئوردن و دەیان وڵاتی دیكەی كەنداو و ئەوروپا بەدیلی كاڵا و شمەكی ئەوانن. داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم، بۆ پاڵپشتیی جووتیارانی كورد و بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ و پشتگیریی بەدەستهێنانی زۆرترین هەلی كار بۆ جووتیارانی كورد، ڕوو لە بەكارهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی بكەن، بۆ متمانەپێدانیش بە بەرهەمی ناوخۆ، داوا دەكەین خەڵكی خۆمان فێری دانانی ماركە و بڕاندی تایبەت بە خۆیان بن، تاوەكو كڕیار متمانەی پێ بكات. ئەگەر هەرچی زووە پاڵپشتیی پیشەسازیی خۆراكی و بەرهەمی نێوخۆیی خۆمان نەكەین، ئەوا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی جیهان و ناوچەكەوە كە تێچوون و بەهای خۆراكییەكان لە هەموو دونیادا ڕووی لە زیادبوون كردووە، زەرەرمەند دەبین.
* هەنگاوی داهاتووی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر چییە و، ئایا بەنیاز نین پەیوەندییەكانتان لەگەڵ وەزارەت و دەستە و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و ژوورە بازرگانییەكانی شارەكانی عێراق و توركیا بەهێز بكەن، بۆ خزمەتكردنی هەردوو توێژی بازرگانی و پیشەسازی؟
- ئێمە دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەردەم ئەركێكی قورسدایە و بە بیانووی پاساوی جۆراوجۆر پشكی هەرێم لە بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان دواخستووە. حكومەت هەموو ئەرك و پابەندبوونەكانی خۆی بەرانبەر ناوەند جێبەجێ كردووە. ژووری بازرگانی و پیشەسازی كە نوێنەرایەتیی ئەو توێژە فراوان و گەورەیە دەكات، داواكاری و ڕاسپاردەی خۆی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە. ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی پەیوەندیدار بەهێزتر دەكەین و گرنگییەكی زیاتر بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەدەین. داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری و هاوكاریی زیاتری بازرگانەكان و بەتایبەتی پیشەسازیكاران بكات لە ڕووی باج و ڕسومات و كرێی كارەباوە، هاوكات خێراكردن لە دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان گرنگیی لە ڕاددەبەدەری بۆ ئێمە هەیە، دواجار كاركردن بۆ ئابووریی سەربەخۆ، لەمانەش هەمووی گرنگتر هوشیاریی خەڵكی كوردستانە بۆ گرنگیدان بە بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆیی، چونكە كارێكی نیشتمانییە سوود بە هاونیشتمانییەكەی خۆت و خێزانەكەی بگەیەنیت، لە ڕێگەی كڕین و بەكارهێنانی بەروبوومەكەی، لەم هۆشیارییەشەوە هەموو چەمكەكانی ئاسایشی خۆراكی و ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووریی سەربەخۆ و بونیادنانەوەی گوند و ناوچە دوورەدەستەكان و باشكردنی ژیانی هەژاران و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیار و دوژمنانی كورد هەمووان لە بایەخی بەرهەمی ناوخۆ تێدەگەن.