ئێران و هەژموون بەسەر ناوچەکەدا

ئێران و هەژموون بەسەر ناوچەکەدا

پێچەوانەی ئەو هەژموونەی بەسەر بەشی خۆرئاوا و باشووری خۆرئاوای وڵاتەکەی دروستی کردووە، سەبارەت بە دراوسێکانی خۆرهەڵاتی، بە تایبەت ئەفغانستان و پاکستان، ئێران هەمیشە نیگەرانی هەبووە تا هەژموون. ئەفغانستانی تاڵیبان بەرگەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو دەیەی لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی گرت. جگە لەوە، سەرووی سێ ملیۆن ئەفغانی لە ئێران دەژین. هەردوو ڕژێم ئیسلامی سیاسیین. بەیەکدادان لەنێوان دوو گرووپی ئیسلامی سیاسیی جیاواز، لەوانە سووننە و شیعە ڕوو بدات، ئاکامەکەی دۆزەخە بۆ هەردوو لا. لە ئاستی باڵا ئێران هەڕەشەی لە ئەفغانستان کردووە، بەڵام لە ئاستی خوارەوە ئەفغانستان گاڵتەی بەو هەڕەشانە هاتووە. سەبارەت بە پاکستان هاوکێشەکە تەواو جیاوازە. توانای سەربازی و مرۆیی ئێران و پاکستان بەراورد ناکرێت، بۆیە هەر ململانێیەکی سەربازیی لەگەڵ پاکستان گوللەدانە لە قاچی خۆی. پاکستان خۆی کێشەی لەگەڵ گرووپە جوداخوازەکانی بەلوچستان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەوڵەتێکە سوپا دەستەڵاتی یەکەم و کۆتا دەستەڵاتە لە پاراستنی سەروەرییی دەوڵەتدا.
ئێران لە بنەڕەتدا ئەو هێزە نییە، کە پێشانی دەدات، بەڵام لە بنەڕەتدا هێزێکی یەکگرتووە بەرانبەر بەو هەموو هێزە پەرتەوازە و کەرتبووانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەوایەتی دەوڵەتی ئێران لە دوو سەرچاوەوە دێت. سەرچاوەی یەکەمیان ناسیۆنالیزمی فارسییە و سەرچاوەی دووەمیان ئیسلامی سیاسیی شیعەیە. هەردوو سەرچاوەکە ناتەواون، بۆیە کەنداڵێکی گەورە بۆ ڕەوایەتی دەوڵەت دروست بووە. هەوڵی ئێران بۆ پڕکردنەوە ئەو کەنداڵە بەکارهێنانی و پەرەپێدانی هێزی سوپایە بەسەر خەڵکدا. بۆیە ئێران، بۆ نموونە، کێشەی لەگەڵ جلی کوردی، زمانی کوردی و ناوی کوردستان نییە، چونکە دەزانێت، کە ئەوەی کوردی بە ئێرانەوە بەستووەتەوە پەیمانێکی دیموکراسیی لەخۆگری هەموو نەتەوە و گرووپەکان نییە، بەڵکوو توندوتیژی و سوپا و سێدارەیە. بە پێچەوانەوە، ئەوەی فارسی بە ئێران بەستووەتەوە، سوپا و سێدارە نییە، بەڵکوو شوناسی فارسە لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێراندا. خودی ئەو ڕژێمە ئیسلامییە لە هەناوی ناسیۆنالیزمی فارس سەرچاوەی گرتووە. ئێستا لەبەر ئەو وێنە ناشارستانییەی ئەو ڕژێمە پێشانی جیهانی داوە، شەرمێکی ناسیۆنالیستی لای بەشێک لە فارسەکان دروست بووە، بەڵام ئەو شەرمە بە بڵاوبوونەوەی هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکەدا بۆتە شانازی. ئەگەرنا ترسی هەر ناسیۆنالیستێکی فارسی لە ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی بەهێزبوونی گرووپە سەربەخۆخوازەکانە، لەوانە کورد. بەڵێنی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانیش سەپاندنی هەژموونێکی ئێرانییە بەسەر ناوچەکەدا. ئەو هەژموونە چەندە بەرجەست و کاریگەرە، هێندەش سیمبۆلییە. لە ڕێگەی شەڕی بریکاری، ئێران زیاتر لەوەی هێزی هەیە خۆی دەردەخات، بە تایبەت لەو کاتانەی، کە ڕووبەڕووی مەترسیی ناوەکی دەبێتەوە. هێرشەکانی ئەمدواییەی بۆ بەلوچستان، هەولێر و سوریا بەشێکن لەو نمایشە و پێشاندانی هێزە بە تایبەت لە دوای تەقینەوەکەی کرمان. خۆی ڕەنگە کەم دەوڵەت هەبێت هێندەی ئێران ئارەزووی خۆی دەرخستنی بە هێزەوە هەبێت. هێزەکەشی لە خۆشکردنی ئاگری ئاژاوە دایە. ئەگەرنا کۆمیدیایەکی گەورەیە دووەمین دەستەڵاتدارترین پیاوی دەوڵەتت لێ بکوژرێت و توانای هیچت نەبێت. هەر هاووڵاتییەک دەیەوێت دەوڵەتێکی بەهێزی هەبێت بۆ ئەوەی چارەنووسی وەکوو قاسم سلێمانی و کوڕی شا نەبێت. "ئەوەی ڕەقە"، وەک (مارکس) و (ئەنگلس) دەڵێن، "لە هەوادا دەتوێتەوە."

 

دانیمارک

Top