خەلیل محەمەد ئەحمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر دەكەن و كار بۆ تێكدانی بارودۆخی كەمپی مەخموور دەكەن
پەكەكە لەو كاتەوەی هاتوون چەندین شوێنیان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان داگیر كردووە، بەم هۆیەشەوە چەندین شوێن و ژمارەیەكی زۆر گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە و، دەستی سوپا و درۆنی توركیایان ڕاكێشاوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان. لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا لەگەڵ خەلیل محەمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە، ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار تاوتوێ كران.
* بۆچی ماوەیەكە چەكدارانی پەكەكە جموجووڵەكانیان زیادی كردووە لە چەندین ناوچە و دەڤەری باشووری كوردستان و، لێرە و لەوێ كاری دوور لە نەتەوایەتی و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ئایا هیچ وڵات و لایەنێك هەیە پشتگیرییان لێ بكات؟
- پەكەكە لە دوای دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەك لایەنێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد نەماوە، هەر ئەمەش وای كردووە، بەردەوام كەسانی دڵسۆز و ئەندامانی ناو ڕێكخستنەكانیان لێیان دوور بكەونەوە، ئەم حاڵەتەش زۆر زیاتر بوو، لە دوای ئەوەی پەكەكە لەسەر ڕێگەی نەتەوەیی لای دا و بوو بە هێزێكی چەكدار لە ناوچەكەدا و، بەپێی داواكاری و مەرام و ئەجێندەی وڵاتانی هەرێمایەتی دژ بە پرسی كورد دەجووڵێنەوە، هەر ئەمەشە وای كردووە، كە پەلاماری باشووری كوردستان بدەن و چەند ناوچەیەكی سنووریی وەك چیای قەندیل داگیر بكەن، مەبەستی سەرەكی و مانەوەشیان لە خاكی باشووری كوردستان دژ بە حكومەت و پەرلەمان و ئەو سەقامگیری و سەروەریی یاسایە كە هەیە، لە لایەكی دیكەوە لە دوای شەڕی خەندەق چەكدارانی پەكەكە زیاتر ورە و توانایان لە هەموو ڕوویەكەوە و بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە داڕماوە، بۆیە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت، وەك چەند گرووپێكی چەكدار لە چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان، بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی دەردەكەون، كە پێشتر لە ڕێگەی پەكەكەوە دەستی سەربازانی توركیا گەیشتە ناوچە سنوورییەكان، كە بەم هۆیەوە زیاتر لە (600) گوندی ئەو ناوچە و دەڤەرانە چۆڵیان كردووە و، تا ئێستاكەش ئاوەدان نین، لە ئێستاشدا بە هەڵەی جووڵەی ئەو گرووپە چەكدارانەی پەكەكە لە ناوچەكانی ڕاپەڕین و نزیك شاری سلێمانی و شاری كۆیە و چەمچەماڵ و ناحیەی تەكیە و ئیدارەی گەرمیان و مەخموور، درۆنی توركیا بۆردومانیان دەكات، بەمەش خەڵكی مەدەنیی ئەو ناوچانەی باشووری كوردستانیش ڕووبەڕووی زیانی گیانی و دارایی بوونەتەوە، بێگومان ئەو كارانەی چەكدارانی پەكەكە بەبێ پشتیگریی لایەن و وڵاتان نابێت، كە دەستیان لەپشت دەدەن و لە ڕووی مووچە و پێداویستیی كردەوەكانیانەوە هاوكاری و یارمەتییان دەدەن، بەتایبەتی حەشدی شەعبی و ئەو میلیشیایانەی كە زیاتر سەر بە كۆماری ئیسلامین و، وڵاتانی هەرێمایەتیی داگیركاریش لە پشت كردەوەكانی چەكدارانی پەكەكەون.
* ئایا ئەو كارە تێكدەرانەی چەكدارانی پەكەكە ئەنجامی دەدەن، بووەتە هۆكاری ئەوەی كە كوردانی باكووری كوردستان و ڕێكخستنەكانیان باوەڕیان پێیان نەمێنێت؟
- شوێنی ڕاستەقینەی پەكەكە كە باكووری كوردستانە و باكووری كوردستان خاوەنی ئەو هەموو چیا و شاخە سەخت و دژوارانەیە، كەچی پەكەكە پەلاماری خاكی باشووری كوردستانی داوە و چەند شوێنێك كە بە خوێنی ڕۆڵە و نیشتمانپەروەرانی باشووری كوردستان ڕزگار كراون، داگیریان كردووە و ژیانی تێدا نەماوە، بەم كارانە خەڵكی باكووری كوردستان و بەتایبەتیش ئەوانەی بیری نەتەوایەتی و كوردایەتیان هەیە، بە تەواوی خۆیان لە پەكەكە كشاندووەتەوە و باوەڕیان پێیان نەماوە، لە لایەكی دیكەوە شەڕی خەندەق ماڵوێرانی و كاولكاری بۆ گەلی كورد و كوردستانی باكوور هێنا، كە تێیدا باكووری كوردستان لە ڕووی گیانی و داراییەوە زەرەر و زیانی زۆریان بەركەوت، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە كە وای كردووە، پەكەكە لە ڕووی چەكداری و ڕێكخستنەوە زۆر لاواز ببێت، بەتایبەت لە بەشی باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان، هاوكات سەركردەكانی پەكەكە باوەڕیان بە كوردایەتی نییە، باوەڕی ڕاستەقینەشیان بە ماركسی، یان ئومەمی نییە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و دارایی خۆیان كار دەكەن و كوڕ و كچ و گەنجانی كورد، بەتایبەتی لە باكووری كوردستان بە كوشتن دەدەن، ئەو هۆكارانەی باسمان كرد و چەندانی دیكە، بۆ جەماوەر و لایەنگیرانیان ئاشكرا بووە، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان كەم دەبنەوە و ئەو جووڵە و كردەوە نامرۆڤانە و ناڕەوایانەش لێرە و لەوێ ئەنجامی دەدەن، زیاتر لە چوارچێوەی كاری تیرۆریستییە، بۆیە متمانە و باوەڕی خۆیان لە دەست داوە.
* ئایا چەكدارانی پەكەكە چۆن بوونەتە داردەستی ئەو حەشدی شەعبییانەی دژی هەرێمی كوردستانن، ئایا ئەمە دژ بە بیر و بەرنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە؟
- هەموو ئەو جووڵە و كردەوانەی ماوەی چەندین ساڵە تا ئێستا چەكدارانی پەكەكە لە هەرشوێنێكی كوردستان، بەتایبەتی لە باشووری كوردستان ئەنجامی دەدەن، بە داردەستیی و ڵاتانی داگیركەر و حەشدی شەعبیی سەر بە ئێرانە، هەموو پیلان و كارەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان بۆ نانەوەی ناسەقامگیری و ئاشووبە و دژایەتییەكی زۆر هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە پەكەكە نەك تەنیا باوەڕی بەبیری نەتەوەیی نییە، بەڵكو دژی سەربەخۆیی كوردستانە كە سەربەخۆیی كوردستانیش پلان و ستراتیژیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانییە، ئەو وڵاتانەی دوژمن و داگیركەری كوردستانن، زیاتر دەستیان خستەپشتی پەكەكە بۆ نانەوەی كێشە و گرفتی جۆراوجۆر لەناو هەرێمی كوردستانی فیدڕاڵ و خاوەن حكومەت و پەرلەمان و سەروەریی یاسا .
* قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی شۆڕش و خوێنی شەهیدان و خەباتی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانە، ئەو هەرێمە بووەتە پێگەیەك بۆ هەموو گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەدا، ئایا لایەنگران و ئەندامانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانیان ئەم ڕاستییە نازانن، كە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێنەوە؟
- هاتن و پەلاماردانی باشووری كوردستان لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە خۆی لەوەوە دەبینێتەوە كە لە باشووری كوردستان قەوارە و كیانێكی ئازاد و دیموكرات و فیدڕاڵ و سەربەخۆ هەیە، كە بووەتە چەتر و پەناگەیەكی بەهێز و سەقامگیر بۆ هەموو تاكێكی كوردستانی لە هەر شوێنێكی دونیا بن، هەر بۆیە چەكدارانی پەكەكە لێرە بوونەتە سەرئێشە و زەحمەتێكی گەورە بۆ حكومەت و لایەنی ئەمنیی هەرێمی كوردستان، لێرە باسی نموونەیەك دەكەین: چەكدارانی پەكەكە لەگەڵ هاتنی داعش بۆ شنگاڵ هاتوونەتە ناوچەكە، كەچی شەڕ كۆتایی هاتووە و داعش مەترسیی لەسەر ناوچەكە نەماوە و هێزی پێشمەرگە هەرچی پێویستە وەك ئەرك لەسەریان بۆ خزمەتی كوردستان پێشكەشی دەكەن، كەچی پەكەكە لە شنگاڵ ناكشێتەوە و چۆڵی ناكات، بۆ ئەوەی ناوچەكە ئارام و ئاوەدان نەبێتەوە، ئەوان بە پشتگیری و هاوكاریی حەشدی شەعبی ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن لەو ناوچانە ماونەتەوە.
* ئایا چەكدارانی پەكەكە هۆكار چی بوو ئەو هەوڵ و پڕۆسەی ئاشتییەیان لەبار برد، كە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ تەرخان كردبوو؟
- پەكەكە هیچ كاتێك باوەڕی بە گفتوگۆ و دیالۆگ نییە لەگەڵ هیچ لایەن و حزب و كەسێك، بەتایبەتی كە دیتیان جەنابی سەرۆك بارزانی وەك كارێزما و مەرجەعییەتی گەلی كوردستان، بە هەوڵ و تێكۆشانێكی لەخۆبردەیی خۆی تەرخان كرد كە كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ حكومەتی توركیا بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام چەكدارانی پەكەكە زانییان بەهۆی ئەو چارەسەرە ئاشتییەوە ئەو پیلان و كردەوانەی بۆیان داڕێژراوە، جێبەجێ نابێت، هەستان شەڕی خەندقی ماڵوێرانكەریان بۆ كوردی باكوور نایەوە و پڕۆسەی ئاشتییان لەبار برد، بەرژەوەندیی چەكدارانی پەكەكە، بەتایبەتی سەركردەكانیان لە پڕۆسەی گفتوگۆ و ئاشتیدا نییە، چونكە پەكەكە هەموو كاتێك یەكێك لەو لایەن و هێزانەیە لە ناوچەكەدا كە كاری قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەكات، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و چەندین شوێن و وڵاتانی دیكە، ئەو كردەوە قێزەوەنە نامرۆڤایەتییە بە هۆی ئاشتی و سەقامگیرییەوە ئەگەر نەشمێنێت، ئەوە زۆر كەم دەبێتەوە، هەر بۆیە لێرە بە پێویستی دەزانم لایەنی پەیوەندیدار و ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیار و بەئاگا بن لەوەی كە چەكدارانی پەكەكە یەكێكن لەو لایەنە خراپانەی كە بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە ناوچەكەدا ئەنجام دەدەن .
* بۆچی لە ئێستادا پەكەكە زیاتر ڕوویان لە ناوچەی گەرمیان و چەمچەماڵ و مەخموور كردووە؟
- مەبەست لەو كار و جووڵەشیان زیاتر بۆ نانەوەی پشێوی و ناڕەحەتی و ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستانە، ئەو كارانەشیان وای كردووە، ئەو ناوچانەش بكەونە بەر بۆردوومانەكانی سوپای توركیا و درۆنەكانیان، لە ناوچەی مەخموور بە هاوكاری و پاڵپشتیی حەشدی شەعبی دەیانەوێت ئەو كەمپەی كە كوردانی باكوور تێدا نیشتەجێن، بكەونە بارودۆخی خراپ و ناسەقامگیر و دڵەڕاوكێ.