ستیفن بلانك توێژەری باڵا لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە بۆ گوڵان: ئامانجی پوتین لە ناوبردنی ئۆكرانیایە و هیوادارم ترەمپ ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرێت

سیتفن بلانك، توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە و زیاتر لە 900 وتار و توێژینەوەی بڵاو كردووەتەوە، لەسەر سیاسەتی سەربازی و دەرەكیی یەكێتیی سۆڤیەت و ڕووسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئاسیا و ئەوروپا، چەندین جاریش لە كۆنگرێسی ئەمریكا ئامادە بووە بۆ باسكردن لە بارەی كاروباری ڕووسیا، چین و ئاسیای ناوەڕاست و ڕاوێژی پێ كراوە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا و ناوەندەكانی توێژینەوە. گوڵان لە میانەی دیدارێكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئەگەرەكانی گرتنەبەری ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ- بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریكا و ڕووسیا لەم ڕووەوە لە عەرەبستانی سعودیە كۆبوونەویەكیان ئەنجام دا بۆ ئەم مەبەستە و، ئایا تا چەند ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كار دەكات بە ئاراستەی ئەوەی ئۆكرانیا بكاتە قوربانی و، چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، بە تایبەتی كە لێدوان و تویتەكانی لەم ڕووەوە مایەی سەرسوڕمان و بگرە پێشبینی نەكراو بوون، كە هەندێ لە شرۆڤەكاران پێیان وایە ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ئەنجامی بدات، یان بەلای كەمەوە ئاراستەی كاركردنی لە پەیوەندی بە هەوڵەكانی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئەوەیە كە ستایشی پوتین بكات و دۆخەكە لە بەرژەوەندیی ئەودا یەكلا بكاتەوە.
* ڕوونە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بە چەشنێك درێژەی كێشاوە و بەردەوام بووە، بە جۆرێك كارەسات و كاولكاریی لێ كەوتووەتەوە كە ئیدی پێویستە سنوورێكی بۆ دابنرێت، كە ئێستا ئەمە بووەتە خواستی هەمووان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە ئێستادا ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بە چەشنێك لێدوان دەدات، پێدەچێت بە شێوەیەك كار بكات كە بیەوێت لەسەر حیسابی ئۆكرانیا ئەم شەڕە بە ئاراستەی یەكلاكردنەوەدا ببات، كە ئەمەش كاردانەوە و ڕەخنەیەكی زۆری لێ كەوتووەتەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ئەگەر ئێمە هەندێ بۆ دواوە بگەڕیێنەوە و بەتایبەتی بۆ كاتی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا، ئەوا دەزانین كە پێشتر و لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ مشتومڕێكی زۆری دروست كرد، بەوەی دەتوانێت لە ماوەیەكی كورت و تەنانەت پێش دەستبەكاربوونیدا شەڕەكە بوەستێنێت، بەڵام پێدەچێت ئاراستەی ئیشكردنەكەی بە چەشنێك بێت كە بیەوێت لەم ڕووەوە ئەم پرسە لەگەڵ ڤلادمیر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا یەكلا بكاتەوە، كە من تێڕوانینێكی ئەرێنیم نییە لەم ڕووەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پوتین بە ناڕەوا و بە ناهەق سەركەوتن و دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت.
* پێت وایە بۆچی دۆناڵد ترەمپ بەم شێوەیە كار دەكات، واتە پاڵنەری ئەو چییە و دەیەوێت چی بەدەست بهێنێت، چونكە ڕاستە ئەو هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاولكاری و كوشتارێكی زۆری لێ كەوتووەتەوە و چیتر نابێت بەردەوام بێت، بەڵام لەبری ئەوەی گوشار لەسەر ڕووسیا بكات، ئۆكرانیا و خودی سەرۆكی ئەو وڵاتەی خستووەتە دۆخێكی نالەبارەوە؟
- ئێمە نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە هەموو خەمی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بگاتە ڕێككەوتن و لەم ڕوەوە ئەمە بكاتە بانگەشەیەك، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەو گوێ بەوە نادات كە چ جۆرە ڕێككەوتنێك بكرێت، واتە ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵكو تەنیا دەیەوێت خۆی هەڵكشێت و بانگەشەی ئەوە بكات پرسەكەی یەكلا كردووەتەوە، تەنانەت پێدەچێت لەم ڕووەوە باكی بەوەش نەبێت كە ئۆكرانیا بخاتە دۆخێكە كە خۆی بە ناچار ببینێت بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ڕووسیادا دەستبەرداری زۆر شت ببێت.
* لێرەدا دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەین كە بۆچی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ هەلومەرجی لاوازیی ڕووسیا بە دەرفەت نازانێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆیشی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدەست دا، یان لاواز بوو، بۆچی دۆناڵد ترەمپ بە جۆرێك ڕەفتار دەكات وەك ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر ئۆكرانیا دروست بكات، نەك ڕووسیا؟
- من پێم وایە ئەم شێوازەی سەرۆكی نوێی ئەمریكا گرتوویەتەبەر لە ئاست پرسی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئەو تێڕوانینە تۆختر دەكاتەوە كە ئەمریكا لە پێگەیەكی لاوازەوە ئەم كارە دەكات لە كاتێكدا دروشمی ترەمپ بریتییە لە «سەپاندنی ئاشتی لە ڕێی هێزەوە»، هەروەها ئەو بۆچوونەش بەهێز دەكات كە دەكرێت كار لەسەر ئەو ئاراستەیە و جۆری بیركردنەوەی ترەمپ بكرێت، كە ئاشكرایە ئەم دۆخەش لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و خودی پوتینە. لێرەدا ئەوەی شایستەی ئاماژەپێكردنە ئەوەیە ئەگەر ڕووسیا ئەم دۆخەی بۆ بچێتەسەر، ئەوا دەبێتە سەرمەشقێكی خراپ بۆ هەندێ لایەن و دەوڵەتی دیكە بۆ ئەوەی هەمان ڕێچكە و ڕێباز بگرنەبەر.
* هەر لە پەیوەندی بە لەدەستدانی ڕووسیا بۆ ئەو دەستڕۆیشتووییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوی لە سووریادا هەیبوو، دەمانەوێت وەك كەسێكی تایبەتمەند و شارەزا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ڕووسیا بۆچی بڕیاری دا دەست لە ڕژێمەكەی ئەسەد هەڵگرێت، لە كاتێكدا ئەمە زەبرێكی بەهێز بوو بۆ پێگە و ناوبانگی خۆی لەم ناوچەیە و لە جیهانیشدا؟
- بە تێڕوانینی من ئەگەر پرسەكە پەیوەست بكەینەوە بەوەی ئایا ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی ڤلادمیر پوتین نەیتوانی بەرگری لە ڕژێمەكەی ئەسەد بكات، یان خۆی بڕیاری دا دەستبەرداری ببێت و پشتی تێبكات، ئەوا من پێم وایە هۆكارەكە بێتوانایی ڕووسیا بوو، چونكە ڕوون بوو كە سوپای ڕووسیا سەرقاڵ بوو بە شەڕی ئۆكرانیاوە و لە دۆخێكدا نەبوو هێزی زیاتر ڕەوانە بكات بۆ سووریا بۆ ڕزگاركردنی چارەنووسی ڕژێمەكەی ئەل ئەسەد، لە هەمان كاتدا ئەوەش ئاشكرا بوو كە سوپای سووریا ئامادە نەبوو شەڕ لە پێناو مانەوە و درێژەكێشانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەل ئەسەد بكات.
* ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە و باس لە سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەین لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، ئەوا ئاشكرایە كە ئەم ئیدارەیە یارمەتی و هاوكاریی بەرچاوی دەستەبەر كرد بۆ ئۆكرانیا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ ڕەخنە لە ئیدارەی جۆ بایدن دەگرێت، پێتان وایە كاردانەوەكانی ڕووسیا و بەكارهێنانی چەكی پێشكەوتوو، هەروەها پەنابردنەبەر هەڕەشەی ئەتۆمی بووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ ئەم سیاسەتە بگرێتەبەر كە لە بەرژەوەندیی ڕووسیایە؟
- ئەوە ڕاستە كە ڕووسیا پەنای بردە بەر بەكارهێنانی هەندێ چەكی پێشكەوتوو و دواتر دەستی برد بۆ هەمواركردنەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت عەقیدەی ئەتۆمی، ئەویش لە دەرئەنجامی ڕێگەپێدانی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن بۆ ئەوەی ئۆكرانیا مووشەكە دورهاوێژەكانی ئەمریكا بۆ لێدان لە ئامانجەكانی نێو خاكی ڕووسیا بەكار بهێنێت، بەڵام ئەمە پتر هەڵكشانێكی تەقلیدی بوو، دواتر ئەوەی لە واقیعدا ڕوو دەدات جیاوازە لەوەی كە لە گوتارەكاندا دەگوترێت و بانگەشەی بۆ دەكرێت.
* با دوا پرسیارمان دەربارەی ئەوە بێت كە چۆن لە چارەنووسی ئۆكرانیا و دەرئەنجامی شەڕی ئۆكرانیا دەڕوانن، لەبەر ڕۆشنای لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ كە بە شێوەیەكی زۆربەی ئۆباڵی دۆخەكەی خستووەتە ئەستۆی سەرۆكی ئۆكرانیا و تەنانەت زیلینسكی بە دیكتاتۆر وەسف دەكات؟
- لە ڕاستیدا من پێم وایە ئەوەی ڤلادمیر پوتین هەوڵی بۆ دەدات بریتییە لە كۆتاییهێنان بە ئۆكرانیا، لەم ڕووەوە ئەوەی ڕووسیا دەیەوێت بەسەر ئەو وڵاتەیدا بسەپێنێت لای هیچ ئۆكرانییەكی قبووڵكراو نییە. من ئومێدەوارم دۆناڵد ترەمپ ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرێت و بەردەوام بێت لەسەر پشتیوانیكردنی ئۆكرانییەكان.