دكتۆر كاوە ئەزیزی ئەندامی ئەنەكەسە و پەدەكەسە بۆ گوڵان : هاتنی شاندی ئیمڕاڵی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر داوای ئۆجەلان بووە كە بۆچوون و ڕۆڵی جەنابیانی لا گرنگ و كاریگەرە

هاتنی مەزڵووم عەبدی و شاندی ئیمڕاڵی لەسەر داوای ئۆجەلان بۆ لای سەرۆك بارزانی لە سات و كاتێكی هەستیاردا، كە ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆ یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كورد و بەهێزكردنی فاكتەری نەتەوەیی، گرنگیی لە ڕاددە بەدەری هەیە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و گرنگیی وتوێژەكانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ لایەنەكان، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر كاوە ئەزیزی مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان و ئەندامی ئەنەكەسە و پەدەكەسە ئەنجام دا .
* بارودۆخی سووریا دوای كەوتنی ئەسەد، خەریكە جۆرێك بەرەو سەقامگیری هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەحمەد شەرع لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێشوازیی لێدەكرێت و باس لەوە دەكرێت یەكێتیی ئەورپاش سزاكانی خۆی لەسەر سووریا سووك بكات، ئایا لە ماوەی نزیكەی ئەم سێ مانگەی دوای ڕووخانی ئەسەد، بارودۆخەكە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكرێت؟
- لە هەقیقەتدا ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد جیۆپۆلەتیكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، بۆ ئەو گۆڕانكارییەش پێشتر ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسین گرنگ بوو، نەمان و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا ئەمەش زۆر گرنگتر و تەواوكاری یەكترن بۆ گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ڕووخانی هەر دوو ڕژێم فەشەلی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو لەلایەك و، لەلایەكەی دیكەوە فەشەلی حزبی بەعس و فەشەلی دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی بوو. هەر بۆیە ئێستا سووریا لە گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە و گشتیدایە، چونكە سیستمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و، حزبی بەعس و سوپا و هێزە ناوخۆییەكانی پێشوو هەڵوەشاوەتەوە و كاركردن بەو دەستوورەی كە هەبوو ڕاوەستاوە و موڵك و ماڵی ئەسەد و بنەماڵەكەی دەستی بەسەردا گیرا و، زیندانیان ئازاد بوون و خزمەتی سەربازی بە ناچاری نەما، واتە هەموو ئەو كار و سیستمەی پێشووی بەشار ئەسەد نەما، ئەمەش مزگێنییەكی گەورە بوو بۆ هەموو پێكهاتەكانی سووریا، تا بە هەموو لایەكەوە كار بكەن بۆ سووریایەكی دیموكراتی و فرەنەتەوە و فرەحزبی و دەبێت كار بكرێت بۆ گۆڕینی دەستووری سووریا بە جۆرێك كە مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتە و تاكێكی تێدا پارێزراو بێت، لەوانەش مافی نەتەوە و پێكهاتەی كورد، ئێمە وەكو كورد زۆر گەشبینین و ئومێدمان زۆر بۆ دروست بووە، چونكە پێمانوایە قۆناغی تەعریب و زوڵم و زۆرداری لەسەر كوردان كۆتایی هات و لە گۆڕانكاری و دەستووری تازەی سووریادا كار دەكەین و ئومێد هەیە مافی گشتی و نەتەوەیی و تاكی كورد بچەسپێت و بە تەواوی دیاری بكرێت و كورد ببێتە فاكتەرێكی سەرەكی لە سیاسەتی سووریا و گۆڕانكارییەكاندا. لە ڕاستیدا هێزی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) ئەوە نەبوو كە بتوانێت ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێنێت، چونكە ڕژێمی ئەسەد جگە لە هێز و توانای خۆی، لەلایەن ڕووسیا و ئیران و حزبوڵڵاوە هاوكاری و پشتگیریی گەورە دەكرا، بەڵام لە هاتنی جۆلانی و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەددا ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتی هەبوو، كە وای كرد، بەو ئاسانییە و لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ڕژێمە زاڵم و مەترسیدارەی بەشار ئەسەد بڕووخێت و جۆلانی دەسەڵات بگرێتە دەست، بێگومان بە گرتنە دەستی دەسەڵاتی سووریا لەلایەن جۆلانیەوە، ئێران لە سووریا نەما و حزبوڵڵا ڕایان كرد و ڕووسیاش بە تەواوی لە كارەكانی ڕاوەستا و ڕۆڵی نەماوە، ئەم گۆڕانكارییە یەكێكە لەو فاكتەرانەی بۆ هاتنەدیی ڕۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێ گرنگ بوو. لەلایەكی دیكەوە، هاتنی جۆلانی و نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بووە هۆی ئەوەی كە بە یەكجاری كێشە و قەزییەی كورد و ڕۆژئاوای كوردستان لە لۆكاڵییەوە ببێتە نێودەوڵەتی، لە لایەكی دیكەوە ڕووخانی بەشار و هاتنی جۆلانی بیر و هزری «دەوڵەت باخچەلی» و حزبێكی ئاوا فاشیی توركیا كە زیاتر لە سەد و دە (110) ساڵە خەریكی كوردكوشتن و لەناوبردنی كوردن، هاتنە سەر ئەو بیروڕا و بۆچوونە كە دەست بە پڕۆسەی ئاشتی بكەن و ئۆجەلان لە ئەمڕاڵی بانگهێشت بكەن، تا بێت لە پەرلەمانی توركیا پشتگیری و بانگەوازی خۆی دەرببڕێت بۆ ئاشتی لە توركیادا، هاوكات دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین، كە جۆلانی هات، نە كورد، نە عەلەوی، نە عەرەب، نە هیچ پێكهاتەیەكی سووریای نەكوشت، كە ئەمەش دەستپێكێكی زۆر باش بوو بۆ ئاشتەوایی و هاتنەدیی دیموكراتی لە سووریا و، هەنگاوی دووەمی جۆلانی زۆر گرنگە، كە دەیەوێت سوپایەكی نوێ دروست بكات بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكان، بەتایبەتی نەتەوەی كورد، تاوەكو سوپایەكی یەكگرتووی سووریا بێت و ئەو سوپایەی تازە دادەمەزرێت، بە بەشداریی سەربازیی ناچاری نییە. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر تەماشای هەسەدە بكەین كە هێزێكە لە كورد و عەرەب و كریستیان و كەسانی دیكە پێك هاتووە، بەڵام سەركردایەتی و پێشەوایی لە هەموو جومگەكانی ئەو هێزەدا كوردن، كە وەكو سووریایەكی بچووكە و ڕێكخراوێكی سەربازییە كە لەلایەن ئەمریكاوە دروست كراوە، ئەگەرچی مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاندووە كە ئەوانیش وەكو هەسەدە بەشێكن لە سووریا و ئامانجیان پاراستنی یەكپارچەیی سووریایە و هێزێكن بۆ پاراستنی گەلی سووریا و بەشێكن لە سوپای سووریا، بەڵام ئێمە وەكو ئەنەكەسە كاری سیاسی دەكەین، لەگەڵ قەسەد و مەسەد و پینەكە، كە ئەحزابی سەر بە هەسەدەن، گفتوگۆی باش و بەردەوام لە نێوانماندا هەیە بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و بە هاریكاری هێزی هاوپەیمانیی ئەمریكی و فەرەنسی و، هەموو ڕۆژێك چاوپێكەوتن هەیە بۆ دامەزراندنی یەك شاند و بۆ داواكردنی یەك داخوازیی كورد لە سووریا، كە لەو داخوازییانەشدا ڕا و بۆچوونی ئەمریكی و فەرەنسیشی تێدایە. بێگومان داخوازیی ئێمەی كورد لە سووریا فیدڕاڵییەت، یان حوكمی ئۆتۆنۆمییە.
* پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژئاوا هەر لە سەرەتاوە بەو ئاراستەیە بووە كە سوود لە دەرفەتی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرن و، داواكاریی ئەوە بووە هەموو لایەنە كوردییەكان یەك بگرن و یەك ئامانج و یەك هەڵوێست و یەك ئاراستەتان هەبێت، بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی كوردی سووریا، ئایا تا چەند لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا بەم ئاراستەیە هەنگاویان هەڵگرتووە؟
- پاڵپشتی و ئومێدی گەورەی ئێمە ئەوەیە كە مەرجەعێكمان هەیە، كە ئەویش جەنابی سەرۆك (مسعود بارزانی)یە، كە هەموو كەس و لایەنێكمان لێی تێدەگەن، تا ئەو ئاستەی كە ئەو شاندەی چوونەتە لای ئۆجەلان بۆ ئیمڕاڵی، ئۆجەلان پێی گوتوون، دەبێت بڕۆن بۆ لای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە ڕاوبۆچوون و قسەی ئەو لای من گرنگە، لەلایەكی دیكەوە ئەنەكەسە و پینەكە و قەسەد و مەسەد وەكو ئاماژەم پێدا، پێشتر بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی گفتوگۆی بەردەوام لە نێوانماندا هەبووە، بە هاریكاریی ئەمریكا و فەرەنسا، بۆ ئەوەی شاندێكی یەكگرتوو پێك بهێنین و داخوازییەكانمان بكەینە یەك بۆ كورد لە سووریا، كە ئومێد هەیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دیالۆگ لە نێوان ئەو لایەن و حزبانەدا ئەنجام دراوە و، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوو شاندەكە پێك بێت و كار بۆ ئەوە بكەین، داخوازییەكانی خۆمان و گەلی كورد یەك بخەین و بكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سووریا، لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان جەنابی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی كراوە و ئومێد هەیە ئەو داوا و پێشنیار و داخوازییانەی جەنابی سەرۆك پێشنیاری كردووە، 100% جێبەجێ بكرێن.
* هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ باشووری كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو. ئایا هاتنی مەزڵووم عەبدی بە فڕۆكەیەكی ئەمریكی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، چ كاریگەرییەكی هەبووە؟
- هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی بووە ئاهەنگ و شاییەكی كوردستانی، كە هەم لە ڕۆژئاوای كوردستان و هەم لە باكوور و لە هەرێمی كوردستان بووە جێگای خۆشحاڵی بۆ هەموو لایەكمان، چونكە ئەو هاتنەی مەزڵووم عەبدی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی داوایەكی گەورە و سەرەكیی هەموو كوردان بوو بۆ یەكخستن و یەكڕێزیی ماڵی كورد، تەئكیدێكیش بوو بۆ مەرجەعییەتی كوردانە كە جەنابی سەرۆك بارزانییە و ئەو یەكڕێزییەی ماڵی كورد لە مێژووی كورداندا زۆر گرنگ و پێویستە، ئەمەش وا دەكات دەرئەنجامێكی باش بۆ كوردان بێتەدی، بەتایبەتی لەوەی كە كورد بە یەك شاند و یەك داخوازی بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی بچنە گفتوگۆ بۆ وەرگرتنی مافی كوردانی سووریا، یان بڵێین ڕۆژئاوای كوردستان.
* شاندی دەم پارتی لە هەولێر بوون و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنا و پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ئیمڕاڵی دەبەنەوە، هەروەها شاندی دەم پارتی وەك خۆیان دەڵێن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی بۆ ڕۆژئاواش ناردووە. بەڕای ئێوە ئایا پەیامی ئۆجەلان بۆ ڕۆژئاوا چییە؟ ئایا تا چەند پەكەكە ڕێز لە پەیامەكەی ئۆجەلان دەگرێت و واز لە ڕۆژئاوای كوردستان دەهێنێت؟
- لە هەقیقەتدا تا ئێستا ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی ئۆجەلان دیار نییە كە چیی تێدایە، بەڵام لە ڕووی لێكددانەوە و بۆچوونەكانەوە، نامەكە و داواكاریی ئۆجەلان بۆ پەكەكە ئەوەیە كە چەك دابنێن و دەست بە كاری سیاسی بكەن، هاوكات بۆ ڕۆژئاوی كوردستان بە هەمان شێوە، دەبێت پەكەكە چەك دابنێت، هەر چەندە پێویستە لەگەڵ چەكدانان پەكەكە لە ڕۆژئاوا دەر بچن، ئەمە بۆ پەكەكە لە هەموو شوێن و بەشەكانی كوردستان ڕاستە كە دەبێت لە قەندیل و باشووری كوردستانیش دەر بچن، هەرچەندە بۆچوونی من وایە پەكەكە ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان چەك دانانێت و ناكشێتەوە، چونكە هێشتا بارودۆخی سووریا ئاسایی نییە و دەستوور تازە نەكراوەتەوە و سوپای تازەش دانەمەزراوە و نازانرێت چارەنووسی كورد چۆن دەبێت، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە وەكو ئەنەكەسە و خەڵكی ڕۆژئاوا و سووریاش، پەكەكە چەك دابنێت و لە سووریا نەمێنێت، بارودۆخەكە باشتر دەبێت و هاتنی ئەو شاندەی ئیمڕاڵی بۆ لای جەنابی سەرۆك ئەوەمان پێدەڵێت كە پێشتریش ڕۆڵی جەنابی سەرۆك دیار و گەورە و بەرز بووە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و، ئێستاكەش ڕۆڵی سەرەكی دەبینرێت لە لایەن توركیا و ئۆجەلانەوە بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی كە دەبێتە فریادڕەسێك بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتییەكە لە نێوان توركیا و پەكەكە و كوردی باكوور و ڕۆژئاواش. لەلایەكی دیكەوە بۆچوونێك هەیە كە پەكەكە چەك دابنێت و بێت لە باشووری كوردستان لە دهۆك و زاخۆ و شوێنی دیكەی باشوور بحەوێنەوە، كە ئەمەش بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی و حكومەتی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بێت، دەبێت ئەوەش بزانین كە متمانە و قورساییەكی زۆر گەورە لە لایەن توركیاوە بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی هەیە، وەكو تاكە مەرجەعییەت و كاریزمای نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردان .
* وەرچەرخانێكی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ جارێكی دیكە بووەتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئێستا خەریكی ئەوەیە كە شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا كۆتایی پێ بهێنێت. ئایا ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كورد و توركیادا دەكات؟
- بەشێك لە سیاسەتی ترامپ بریتییە لە دروستكردنی ڕۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی تازە، ئەوەش زیاتر بۆ پاراستنی ئیسرائیل و بەرفراوانبوونی سنووری ئیسرائیل و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیلە و بۆ ئەوەیە هەموو دەوڵەتەكانی دراوسێی ئیسرائیل بە ڕێككەوتنێكی ئاشتییانە و بە هێمنی دەوڵەتی ئیسرائیل قبووڵ بكەن وەكو دەوڵەتێكی سرووشتی، لەلایەكی دیكەوە ترەمپ كار بۆ ئەوە دەكات لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەموو ئەو سیستمانەی هەیە، كە دیكتاتۆری و زوڵم و ستەمە لەسەر خەڵك و گەلەكانیان بیگۆڕێت بە سیستمی دیموكراتی و شەڕ و ئاشووب لە ناوچەكەدا بگۆڕێت بە دەسەڵاتێكی بێ چەك و نەرم و، هاتنەدیی مافی تاك و خەڵكەكانی و كورد لەو سیاسەتەدا فاكتەری سەرەكیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چ لەلایەنی ئەمریكا، چ لەلایەنی ئیسرائیل، چ بۆ ئەوروپا، چونكە ئەو پێشوازییەی كە ئێستا لە كورد دەكرێت لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەوروپاوە، لە مێژوودا قەت دووبارە نابێتەوە و نەبووە.
