ئەبوبەكر ئەتاچ سیاسەتوان و ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان :     هاتنی شاندی ئیمراڵی و گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە و كاریگەریی لەسەر سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی دەبێت

ئەبوبەكر ئەتاچ  سیاسەتوان و ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان :        هاتنی شاندی ئیمراڵی و گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە و كاریگەریی لەسەر سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی دەبێت

 

* شاندی دەم پارتی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بۆ سەرۆك بارزانی هێناوە، پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ دەستپێكردنەوەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كوردە لە توركیا، ئاشكراشە كە هەموو كات سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا كردووە، ئایا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- هاتنی ئەو شاندەی باكووری كوردستان بۆ لای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە پەیامی ئۆجەلانیان هێناوە، زۆر گرنگە، چونكە ئەو سەردانە و هێنانی ئەو پەیامە ئەوە دەسەلمێنێت كە جەنابی سەرۆك بارزانی لای ئۆجەلان ڕاوبۆچوونی گرنگ و تایبەت و كاریگەریی هەیە و لەلایەن خەڵكی باكووری كوردستانیشەوە جەنابی بارزانی قورسایی و قەدرێكی یەكجار گەورەی هەیە و بە كوردپەروەر و مەرجەعی كوردانی دەزانن. لەلایەكی دیكەوە ئەو شاندەی كە هاتوون لە دەم پارتییەوە، ئەوە دەگەیەنێت كە هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان پێویستیان بە بارزانی و حەكیمیی سیاسەتەكانی ئەو هەیە بۆ یەكگرتنی هەموو پارچەكانی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە ئۆجەلان و هەموو خەڵكی باكووری كوردستان و پارچەكانی دیكەش دەزانن كە پێشتریش جەنابی مسعود بارزانی هەوڵی زۆری داوە تاوەكو پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بۆ چارەسەری كێشەی باكوور ئەنجام بدرێت، كە ئەمەش لەلایەن خەڵكی باكوور و بەتایبەتی لای ئۆجەلان و پەكەكەش دەركەوتووە كە مەبەستی سەرۆك بارزانی بۆ ئەوە بووە كە چیتر كورد، بەتایبەتی لە باكووری كوردستان، بە كوشتن نەچن و خەڵكەكەشی لەسەر ماڵ و كاری خۆیان سەرگەردان و ئاوارە نەبن و سەقامگیری زۆرتر و باشتر لە باشووری كوردستانیش بێتەدی، لەبەر ئەوەی هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لە باشووری كوردستان (لە قەندیل) بووەتە هۆكاری ناڕەحەتی و چۆڵبوونی ژمارەیەكی زۆر گوند لە سنوورەكانی باشووری كوردستان و، لەشكریی توركیا و ئاوارە بوونی خەڵكێكی زۆر لەو شوێنانە لە هەرێمی كوردستان، هاوكات ئۆجەلان و خەڵكی باكووری كوردستان دەزانن كە قورسایی و كاریگەرییەكی زۆری جەنابی سەرۆك بارزانی لەلای دەوڵەتی توركیا و ئەردۆغان هەیە، چونكە بۆ هەموو لایەك تا ئاستی نێودەوڵەتییش دەركەوتووە كە جەنابی سەرۆك بارزانی كەسایەتییەكی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستە و هیچ كاتێك حەزی بە شەڕ و كوشتن و ماڵوێرانیی هیچ شوێن و وڵاتێك نەكردووە، بەتایبەتی بۆ كوردان و وڵاتانی دراوسی، لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئەوە بزانین كە هەرێمی كوردستان بە هەر شێوەیەك بێت كە ئێستا فیدڕاڵییە، بەڵام لە سایەی حەكیمی و لێبوردەیی و ئاشتیخوازیی جەنابی سەرۆك بارزانی، لەلایەن هەموو دنیاوە بەتایبەتی لەلای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و تا ئاستێكی باش لەلای وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و عەربیش، وەكو دەوڵەتێك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكومەت و پەرلەمانەكەیدا دەكرێت، بۆ نمونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دیتمان ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە دوبەی بەشداریی لە كۆڕبەندی سەركردەی وڵاتاندا كرد و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوكات لە میونشن بەشداریی لە كۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، هەر بۆیە ئۆجەلانیش ئەوەی بۆ دەركەوتووە و شاندەكەی دەم پارتی ڕاسپاردووە كە لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و پەیامەكەی ڕاوبۆچوونی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر پێویست و گرنگە.

* بێگومان ئەم پەیامەی ئۆجەلان ئاراستەی سەركردایەتی پەكەكەش لە قەندیل كراوە، ئایا بە بۆچوونی ئێوە، سەركردایەتیی قەندیل پێشوازی لە پەیامەكەی ئۆجەلان دەكەن و پێوەی پابەند دەبن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەست پێبكات؟

- ئۆجەلان سێ نامەی ناردووە، نامەی یەكەمی بۆ قەندیل ناردووە و نامەی دووەمی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ناردووە و نامەی سێیەمی بۆ كوردانی باكووری كوردستان لە ئەوروپا ناردووە، ئەو نامەیەی كە بۆ قەندیل ناردراوە لەلایەن قەندیلەوە لە سەرەتادا هیچ قسەیەكیان لەسەر نەبوو، بەڵام پاش ئەوەی قەندیل و سەركردەكانیان لە گفتوگۆ و تاوتوێی نامەكەدا واقیعەكەیان بۆ ڕوون بووەوە، ئەوە بەشێوەیەكی پۆزەتیف پێشوازییان لە نامەكە كردووە، ئەوەی من لێی تێگەیشتووم ئۆجەلان تەئكیدە كە قەندیل بە پەیام و نامەكەی ڕازین و پابەندی پڕۆسەی ئاشتی دەبن .

* پەیامی ئۆجەلان ئاراستەی كوردانی ڕۆژئاوا (پەیەدە) ش كراوە، ئایا پەیەدە ئامادەباشیی ئەوەی هەیە خۆی لە پەكەكە جیا بكاتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژئاواش دەست بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ حكومەتی تازەی سووریا دەست پێبكەن؟

- بێگومان ئۆجەلان نامەی دووەمی دوای قەندیل بۆ پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان ناردووە، پەیەدە لە ڕۆژئاوە دەڵێت ئێمەش پابەندی نامەكەی ئۆجەلانین و لە سووریا دەردەچین، بەڵام لە ئێستادا كە ناوچەكە ڕووبەڕووی شەڕ بووەتەوە چ لەگەڵ داعش چ لەگەڵ لایەنی توركیا و گرووپی دیكەی دژی كوردان، بۆیە لە ئێستادا وا چاوەڕوان دەكرێت كە پەیەدە لە ڕۆژئاوا تا100% نەزانن پڕۆسەی ئاشتییەكە تەواو و جێگەی خۆی دەگرێت و شەڕ نامێنێت، ئەوان چەك دانانێن، بەڵام من بەپێی ئەزموونی خۆم دڵنیام كە نامەكەی ئۆجەلان كاریگەریی تەواوی لەسەر پەیەدە لە ڕۆژئاوا هەیە و پابەندی پەیام و بڕیارەكەی ئۆجەلان دەبن، گەرچی لەكاتێكدا كە جۆلانی داوا دەكات هەموو هێزە كوردییەكان چەك دابنێن كە هێشتا هیچ مافێكی بۆ كورد ڕانەگەیاندوە و دەستووریش نەنووسراوەتەوە، چونكە ڕۆژئاوای كوردستان بە ئۆتۆنۆمییش ڕازین وەكو قۆناغی یەكەم، چونكە زۆر ماندووبوون لەگەڵ ڕژێمی سووریای پێشوو و توركیاش، كە نەك كوردانی ڕۆژئاوا بەڵكو هەموو كورد بە تیرۆریست دادەنێت، بۆیە تا ئەو كاتەی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان لە پڕۆسەی ئاشتی دڵنیانەبن و متمانە دروست نەكەن و مافی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دیاری نەكرێت ئەوان چەك دانانێن، هەر بۆیە ئۆجەلانیش لەگەڵ ڕاوبۆچوونی پەیەدەیە لە ڕۆژئاوی كوردستاندا و قبووڵ ناكات بەو شێوەی ئێستا چەك دابنێن .

* چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد پەیوەستە بە ئامادەباشیی حكومەتی ئەردۆغان بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و دووبارە پێناسەكردنەوەی ناسنامەی ئەو دەوڵەتە، ئایا بە ڕای ئێوە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی، پرۆسەی هەمواركردنەوەی دەستووریش دەست پێدەكات؟

- ئەردۆغان ئێستاش دەڵێت پڕۆسەی ئاشتی نییە، بەڵكو دەڵێت دەبێت پەكەكە چەك دانێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەت باخچەلی و ئۆجەلان داوای ئاشتی دەكەن، بەڵام ئەردۆغان ڕاستی ناڵێت، گەرچی لە پشتی پەردە لە نێوان دەوڵەتی توركیا (نە ئەردۆغان و نە باخچەلی) و ئۆجەلاندا دانوستاندن هەیە، و ئەو دانوساندنە گەیشتە ئەوەی كە باخچەلی داوای پڕۆسەی ئاشتی بكات، گەرچی دەزانین كە ماوەی(50 بۆ60)ساڵ دەبێت بە هەموو تەمەنی باخچەلی دژی گەلی كورد بووە و بیر و هزرێكی نەتەوەیی و فاشیستی هەیە، بەڵام ئەو دانوستاندنەی كە لە نێوان دەوڵەتی توركیا و ئۆجەلان هەیە ئەوە باخچەلی قۆزتییەوە و ڕایگەیاند كە پێویستە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بكرێت و، ئۆجەلان بێتە پەڕلەمان و پەیام بدات بە پەكەكە چەك دابنین، تاوەكو چیتر توركیا لەو بارودۆخەی شەڕدا نەمێنێت، ئەمە دووبارە من دەڵێم بیر و كاری دەوڵەتی توركە نەك باخچەلی و، لە پاشان ئەردۆغانیش هاتە سەر ئەوەی بڵێت من ئەوە قبووڵ دەكەم و پێویستە پڕۆسەی ئاشتی دەست پێبكات، گەرچی لەلایەكی دیكەوە دەبینین لەگەڵ ئەو قسانەش ئەردۆغان سەرۆك شارەوانییە كوردەكان دەگۆڕێت بە قەیوم و لە چەندین لای دیكە دژی كوردانی باكوور كار و هەڵسوكەوتی نەخوازراو ئەنجام دەدات، كە زۆر پێچەوانەی پڕۆسەی ئاشتی و سەركەوتنی ئاشتییە، بەڵام هەمواركردنەوەی دەستوور هەنگاوی دووەم دەبێت دوای پڕۆسەی ئاشتی و سەركەوتنی و توركیا ناچارە هەمواری دەستوور بكات، چونكە بەپێی دەستوور لە ئێستادا كورد لە باكووری كوردستان (توركیا) نییە، بەڵام هەمواركردنەوەی دەستوورەكەش بەو شێوەیە نابێت كە پڕبەدڵ مافی كوردی تێدابێت، بەڵكو ددانپێدانی قسەكردن و خوێندن بە زمانی كوردی و لایەنی ڕۆشنبیری و كلتوری و هەندێ بواری سادە بۆ كورد لە دەستوورەكەدا دیاری دەكەن، بەڵام وەكو ئەوەی هەق و ماف و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی لە دەستووردا بۆ كورد دیاری بكەن، ئەمە نایەتەدی و هەموارەكە زۆر بەدڵی كورد نابێت لە ڕووی نەتەوەی و نیشتمانییەوە، وەكو ئەوە نابێت كە بۆ باشووری كوردستان (هەرێمی كوردستان) جێگیر كراوە. گەرچی شتێكی باشە وەكو هەنگاوی یەكەم لە وڵاتێكی وەكو توركیا كە پێشتر باوەڕی بە بوونی گەلی كورد نەبووە، بەو هەنگاوە سەرەتاییانە توركیا بەرەو دیموكراتییەت دەچێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی كوردی باكووریش بەوە باشتر و گۆڕانكاری بەسەردا دێت و، پەكەكەش لە سەرەتا و پێشتر بۆ گەلی كوردی باكووری كوردستان كە شەڕی چەكداری دەكرد باش بوو، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە باش نییە، چونەك توركیا و ڕای نێودەوڵەتییش پەكەكە بە تیرۆریست دادەنێن، ئەمەش كاریگەری لەسەر خەڵكی سڤیل و جەماوەری كوردی باكوور دروست كردووە، كە لە بارودۆخی ناخۆش و ناسەقامگیردان، بەڵام بە سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و هەمواركردنەوەی دەستوور، كورد لە توركیا دەچێتە قۆناغێكی باشتر و سەركەوتوو.  گەرچی دەبێت ئەوەش لەبیر نەكەین كە سەد ساڵ پێش ئێستاكەش هەوڵ درا بۆ پڕۆسەی ئاشتی تا ئەو كاتەی كە دەنگی كوردیان بەلای خۆیان ڕاكێشا لە پاشان تورك لە ئاشتییەكە پەشیمان بووە و زۆر لە جاران خراپتر و مەترسیدارتر دژی كورد جووڵانەوە، ئەوەی ئێستاكەش من هەر بەو جۆرە دەبینم كە توركیا دەیەوێت دەنگ و ڕەنگی كورد لە گۆڕانكاریی ناوچەكە بەلای خۆیدا ڕاكێشێت، پاشان دووبارە دێتەوە سەر ئەسڵی كار و دوژمنایەتیی گەلی كوردی ئاشتیخواز.

* دەم پارتی فراكسیۆنێكی لە ناو پەرلەمانی توركیا هەیە، ئەم فراكسیۆنە بۆ هەمواركردنەوەی دەستوورەكە زۆر گرنگە، بە تایبەتی بۆ ئەوەی هەمواركردنەكە پێویستی بە ڕیفراندۆم نەبێت، ئایا تاچەند دەم پارتی ڕۆڵی دەبێت لە چەسپاندنی مافەكانی كوردی باكوور لەو دەستوورەدا؟

- فراكسیۆنی دەم پارتی نوێنەری گەلی كوردی باكووری كوردستانن، سەرەڕای هەبوونی چەند لایەن و حزبێكی دیكەی كوردی، بەڵام ئەو لایەن و پارتانەی دیكە بچوكن و جەماوەریان ئەوەندە زۆر نییە، هەر بۆیە لە هەموو پرس و بابەت و كێشە و دیاڵۆگێك لە ناو توركیا، بەتایبەتی لە پەرلەماندا، ئەندامانی فراكسیۆنی دەم پارتی ڕۆلی خۆیان دەبینن و لە جێگیركردن و ددانان بە مافی كوردان لە دەستووری نوێی توركیا كە بڕیارە دەستوورەكەی پێشتر هەموار بكرێتەوە، ئەوە دەبێت فراكسیۆنی دەم پارتی ڕۆڵی تەواو و كارا و ڕاستەقینەی كوردانی باكوور ببینن و لەبری پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش هەر ئەو فراكسیۆنەی دەم پارتی كە بەشدارە لە پەرلەمان، دەتوانێت ڕۆڵی جەماوەر و گەلی كوردی باكوور ببینێت، ئەو فراكسیۆنە و ئەندامەكانیان كە نوێنەری كوردانن لە باكووری كوردستان، دەبێت لەو كاتەدا واتە لەكاتی نووسینەوەی دەستوورەكە و هەمواركردنیدا زۆر ورد و بەدیقەتتر كار لەسەر پرسەكە بكەن. ئەندام پەرلەمانەكانی دەم پارتی دەتوانن و پێویستیشە گفتوگۆ و قسە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر و كەسایەتی و جەماوەری تەواوی كوردی باكوور بكەن و چی بۆ گەلی كوردی باكوور پێویستە لە هەمواری یاساكەدا بەتەواوی بۆیان شی بكەنەوە و ڕاوێژ بە لایەن و حزبە كوردییەكان بكەن، بەڵی بە تەئكید ئەو فراكسیۆنە پەرلەمانییە دەتوانێت ڕۆڵی زۆر جۆراوجۆر و گەورەی جەماوەی و گەلی كوردی باكوور ببێنێت، لە هەقیقەتدا فراكسیۆنی دەم پارتی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پەكەكە هەبووە و هەر بەو دەنگ و ڕەنگەشەوە توانیویەتی ببێتە خاوەنی ئەو ژمارە كورسییەی كە لە پەرلەمانی توركیا بەدەستی هێناوە.

 

Top