تاس: ڕووسیا ساڵانە زیاتر لە ٣٢ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم دەهێنێت
ڕووسیا لە شەش ساڵی داهاتوودا زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدات.
ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری ئاندری بلوسوف، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بڵاویکردووەتەوە: ڕووسیا بەنیازە تا ساڵی ٢٠٣٠ ساڵانە زیاتر لە ٣٢ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم بهێنێت، بەرهەمهێنەرانی ناوخۆش ٧٠%ی بازاڕەکە پێکدەهێنن.
بلوسوف بە تاس-ی ڕاگەیاندووە، "بڕیارە قەبارەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 32 هەزار و 500 یەکە بێت". ئەمەش نزیکەی سێ هێندەی قەبارەی بەرهەمهێنانی ئێستایە. "ڕووسیا تا ساڵی ٢٠٣٠ بە بڕی ٦٩٦ ملیار ڕوبڵ کە دەکاتە ٧.٦٦ ملیار دۆلار، پڕۆژەی نیشتمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دابین دەکات".
ساڵی ڕابردوو ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، دەتوانرێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیکەی هەموو پیشەسازییەکاندا بەکاربهێنرێت، نەک تەنها لە بواری سەربازیدا. ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر هەندێک ژێرخانی ئۆکرانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار بەکاردەهێنێت.
گوڵان: سەردار خەلیل