گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: له‌ قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن دڵنیانین و دڵنیاین ده‌نگه‌كانی پارتیمان زیاتره‌ له‌وه‌ی ڕاگه‌یاندراوه‌

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: له‌ قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن دڵنیانین و دڵنیاین ده‌نگه‌كانی پارتیمان زیاتره‌ له‌وه‌ی ڕاگه‌یاندراوه‌

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایدەگەیەنێت: "سه‌رباری تانه‌ و تێبینییه‌كانمان، وه‌كوو پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ دیالۆك و ڕاگۆڕینه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كانی پارێزگاكان، له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ سیاسییه‌كان و ئاسایكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر ڕێككه‌وتنیان له‌باره‌وه‌ كراوه‌."

ئەمڕۆ هەینی 29/12/2023، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: "هاووڵاتییانی به‌ڕێز، له ‌ڕوانگه‌ی بڕوابوونمان به‌ دیموكراسی و پرۆسەی هه‌ڵبژاردن و به‌شداریی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی حوكمڕانیی عێراق، له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ سیاسییه‌كان و كارنامه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵی، به‌ تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی هۆكارن بۆ سه‌قامگیری و ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان، وه‌كوو ڕێككه‌وتنی شنگال و ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی شاری كه‌ركووك، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی تێبینیمان له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه‌، به‌ڵام به‌شداریمان كرد له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و ڕاشكاوانه‌ ڕایده‌گه‌یەنین، كه‌ تێبێنیمان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ هه‌بوو، چ له‌ پێش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ و چ له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌دا، به‌ تایبه‌ت ئاسته‌نگیی زۆر بۆ پارتیمان دروست كرا، هه‌ر له‌ گوشارە ئه‌منی و سیاسییه‌كانه‌وه‌ تاوەكوو به‌كارهێنانی لایه‌نی دارایی بۆ كڕینی ویژدانی هه‌ندێك خه‌ڵك، به‌ڵام هه‌ڤاڵانمان و جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رزی پارتیمان به‌ گڕوتینه‌وه‌ به‌شدار بوون و گرفت و ئاسته‌نگه‌كانیان تێپه‌ڕاند."

دەشڵێت: "ئێستاش دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌، سه‌رباری تێبینییه‌كان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی، چونكه‌ له‌ قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن دڵنیانین و دڵنیاین ده‌نگه‌كانی پارتیمان زیاتره‌ له‌وه‌ی ڕاگه‌یاندراوه‌، ئه‌م كه‌م و زیادكردنه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ حساباتی سیاسییه‌وه‌."

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: "جه‌ماوه‌ری خۆشەویستی كوردستان، سه‌رباری تانه‌ و تێبینییه‌كانمان، وه‌كوو پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ دیالۆك و ڕاگۆڕینه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كانی پارێزگاكان، له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ سیاسییه‌كان و ئاسایكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر ڕێككه‌وتنیان له‌باره‌وه‌ كراوه‌ و دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتییان به‌بێ جیاوازی."

Top