سەركەوتن پێویستی بە بڕیاردانە

سەركەوتن پێویستی بە بڕیاردانە

(بیل كۆسبی) ئەكتەری كۆمیدی ئەمریكی دەڵێ" پێوستە تاوەكو سەركەوتوو بی، دەبێ ئارەزووی سەركەوتنت زیاتر و گەورەتر بێت لە ترسی سەرنەكەوتن".
قوتابی كە ڕوو دەكاتە قوتابخانە دەیەوێت قۆناغەكانی خوێندن بە سەركەوتوویی ببڕێت ساڵ لە دوای ساڵ، بێگومان سەركەوتن و بڕینی قۆناغەكان ئاسان نییە و لە خۆڕا بەدی نایەت، پێویسی بە ماندوو بوون و خۆ هیلاك كردن و شەونخوونی هەیە و دەبێت قوتابی ئامانجی خۆی دیاری بكات و پلانی بۆ دابنێ‌، جودا لەمەش ئەوە گرنگە دەمەوێ باسی بكەم، چۆن بتوانین وا لە قوتابی بكەین عەوداڵ و پەڕۆشی سەركەوتن بێـت و تاكە ئامانج و خەونی بڕینی پۆلەكانی خوێندنی بێت و بەنمرەی زۆر باش و بە سەركەوتوویی سەرجەم قۆناغەكان تێبپەرێنێت.
بۆ هاتنەدی ئەو ئامانج و خەونانە پێویستە قوتابی ئارەزووی سەركەوتنی هەبێت و هیچ ئەرك و بەرپرسیاریەتییەك دوا نەخات بۆ سبەی، چونكە سبەی بەزەیی بە كەس دا نایەتەوە،دەبێ ئەوڕۆ ئەو خولەكە بڕیار بدات و دەست پێ بكات، چونكە سەركەوتن پێویستی بە بڕیاردانە و پێویستی بە ئازایەتیە سەركەوتن ڕقی لە دوا خستن و دەستبەرداربوون و خۆ بەدەست دانەوەدانە. ئەوەی خەون و ئامانجی هەبێت ناخەوێت، نەك بخەوێ و خەون ببینێ‌. ژیان بێ بەزەییە و بەزەیی بەو كەسانە دا نایەتەوە كە لاواز و بێ دەسەلاتن، هەموو شتێك دوا دەخەن، دواخستن واتە ئەنجام نەدان، واتە سارد بوونەوە، واتە خۆ بەدەستەوەدان بۆ بارودۆخێك كە لێت دیار نییە شاراوەیە.
قوتابی دەبێت فێر ببێت ئەوە بزانێ ئەو ڕێگایە ڕێگای هەمووان بووە و دەبێت پێدا تێپەڕبین و سەركەوتوو بین چونكە سەرنەكەوتن لە فەرهەنگی ئازاكان نییە بۆ ئەوەی لە وانەكان بە سەركەوتوویی دەربچی و نمرەی زۆر باش بەدەست بهێنی و ساڵ دوای ساڵ بێ ڕاوەستان بێ چەقین قۆناغەكان ببڕی، پێویستە هەست و سۆز لە لایەك هەڵبگرین، ئێستا كاتی جەنگە، كاتی خوێندنە، كاتی سەركەوتنە وەكو پاڵەوان لە گۆڕەپانی جەنگ سەركەوتووبە هەموو ماندوو بوونێك و شەونخوونیەك و ئارەق ڕشتنێك و هەموو فرمێسك ڕشتن و ئازارێك لە بیر دەكرێ و دەبێتە ڕابردوو، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها سەركەوتن و دەرچوونە لەگەڵت دەژی و بەردەوام دەبێت بۆیە دەبێ ئەوپەری بڕوات بە خودای گەورە هەبێت كە لە قورئانی پیرۆز دەفەرمووێ(إن مع العسریسرا) دوای هەموو ناخۆشییەك خۆشییەك هەیە بڕوات بەخۆت هەبێت و نەترسی، ترس ئامانجەكان لە ناو دەبات و لە هەر كۆسپ و تەگەرە و نسكۆیەك كە دێنە پێش ڕاناوەستێی و بەردەوام بە، چونكە ڕێگای گەیشتن بە لوتكە و سەركەوتن پڕە لە هەوارز و نشێو و هەڵكشان و داكشان، گەر لە هەر كۆسپ و ساتمە و نسكۆیەك وەستای ئەوا سەركەوتوو نابێت، ئەگەر لەوانەیەك و دووان و زیاتر كەوتووی دەست بەردار مەبە بەردەوام بە و بخوێنە و بڕوات بە خۆت هەبێت كە دەردەچی و بەردەوام بە، بەریتانییەكان هەمیشە دەڵێن" ناوەستین كاتێك ماندوو دەبین، دەوەستین كاتێك كۆتایی دێت". بۆیە قوتابی خۆشەویست لە بیرت بێت ئەوە ڕێگای تۆیە دەرچوونیش تاكە مەبەست و خەونی تۆیە، خودای گەورەش ئەو كەسانە نائومێد ناكات كە هەوڵ دەدەن و بەردەوامن، بۆیە تۆش لە هەر كاتێك پێویستە لە سەرت هەموو نیگەرانی و دوو دڵی ڕاڕایی دەرخە دەرەوە دەرگای ترس دابخە لە ژوورەكەت بڕیار بدە دەبێت دەربچی و سەركەوتووبی، هەموو ووزەیەكی ئەرێنی بۆخوێندن بخە گەڕ و نیشانی هەموو لایەكی بدە كە دەتوانی ئەنجامی بدەی سەركەوتوو بی و قۆناغەكان دەبڕی و دەگەیتە لوتكە، سەركەوتوو دەبی بەوپەری ئاسودەیی و شانازییەوە لە لوتكەوە جێگیر دەبیت ، هەموو ئاستەنگ و كۆسپەكان بە جێ دەهێلی و دەبیە مایەی شانازی بۆ خۆت و خانەوادە و كەسوكار و مامۆستاكانت، ئەوەشت لە یاد بێت تۆ نە یەكەم كەسی نەدواین كەسی بەو قۆناغانە تێپەر دەبیت بە سەركەوتوویی، ئەوەش بزانە گەیشتن بە لوتكەی سەركەوتن ئاسان نییە، دەبێ وێستگەكانی هیلاكی و كەوتن و كۆسپ و تەگەرە و نائومێدی ببڕی خاوەن خواست و ئیرادەی بەهێز بی ئینجا دەگەیت، كە گەیشتی هەموو ناخۆشی و ماندوو بوونی لە یاد دەكەی و تەنیا سەركەوتن و دەرچوون لەگەڵت دەمێنێتەوە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top