سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ خاتوو پلاسخارت كرد

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ خاتوو پلاسخارت كرد


به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ خاتوو جينين پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، دۆخى سياسى و ئه‌منى و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدايان تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگيى به‌ڕێوه‌چوون و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ عێراق، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئاسايشى پرۆسه‌كه‌ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى له‌ كه‌شێكى ئارام و سه‌قامگيردا، به‌تايبه‌تيش له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى سه‌د و چل.
ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ردوولا به‌ ئه‌رێنى هه‌وڵه‌كان و ڕۆڵى به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقيان هه‌ڵسه‌نگاند و هيوايان خواست له‌ قۆناغى داهاتوودا بره‌وى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بدرێت و به‌ لێكگه‌يشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، كێشه‌كانى نێوانيان چاره‌سه‌ر بكرێن.
دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Top