عەبیر سەبری:هاوسەرەكەم لە زۆر شتدا ئامۆژگاریم دەكات

عەبیر سەبری:هاوسەرەكەم لە زۆر شتدا ئامۆژگاریم دەكات

لە میانەی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەنووسیدا، خانمە هونەرمەند عەبیر سەبری باسی لە چەند لایەنێكی تایبەت بە كارە هونەرییەكانی كرد.

سەرەتا دەربارەی دیمەنی سەرنجڕاكێش گوتی: «لەم ڕووەوە زۆر شت دەربارەی من گوتراوە، بەڵام ناتوانم كەس تاوانبار بكەم لەسەر بیرۆكەكانی، پێش هاوسەرگیری، دژی دیمەنی ورووژێنەر بووم بە هەموو شێوەیەك، زۆر ڕۆڵ هەبووە، كە ڕەتم كردووەتەوە لەبەر ئەم بابەتە».

عەبیر هەروەها گوتی: «هونەر قەدەغە نییە، بەڵكو جوانی و خەیاڵ و داهێنانە، بۆ من درووست نییە باسی ئەوە بكەم كە ئایا لە ڕووی ئایینییەوە هونەر حەرامە یان ڕێگە پێدراوە، هەموو مرۆڤێك لە پیشەكەیدا ڕووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە، ڕێگەپێدراو و حەرام ئەو ڕۆڵەیە كە كەسەكە‌ هەڵیدەبژێرێت».

لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا عەبیر باسی لە ئیرەیی پێبردن كرد و گوتی: «ئەگەر كەسانێك هەبن ئیرەییشم پێ ببەن، كاردانەوەیەكی توندم نابێت بەرامبەریان و بە هیچ جۆرێك بیر لەوە ناكەمەوە بچمت لای فاڵگرەوە و جادووگەران، هەرچەندە دڵنیام كەسانێك هەن بەچاوی خراپ سەیرم دەكەن و ئیرەییم پێ دەبەن، دڵنیام جادووشم لێ دەكەن، بۆ ئەوەی لە كارەكانمدا پەكم بخەن، چونكە جادوو و ئیرەیی لە قورئانی پیرۆزدا باس كراوە، ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان چاو و زاریش لێی دام، ڕوو لە خودا دەكەم بۆ ئەوەی ئەم ئیرەیی و كردەوانە كاریگەرییان لەسەرم نەبێت، چونكە خودای گەورە مرۆڤەكان لە كردەوە زیانبەخشەكان دەپارێزێت».

سەبارەت بە دراما توركییەكانیش پێچەوانەی زۆربەی ئەكتەرەكانی دیكە، عەبیر دەڵێت: «من بە هیچ شێوەیەك دژیان نیم، بەڵام پاڵپشتی هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمە گرنگانە دەكەم كە لە ڕووی ڕۆشنبیری و فۆتۆگرافی و بەهاوە سوودی لێ ببینین، لە هەمان كاتدا ناكرێ پەنا بۆ ژمارەیەكی زۆر زنجیرەی توركی ببرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی هەرزانن و بۆشاییەك لە بەرهەمە میسرییەكان پڕ دەكەنەوە».

عەبیر باسی لە هاوكاریی هاوسەرەكەی كرد و گوتی: «هاوسەرەكەم بەشداریم دەكات لە زۆر شت، بەڵام بۆچوونەكی زیاتر ئامۆژگارییە، پێم خۆشە گوێ لە ئامۆژگارییەكانی بگرم، بەڵام بە هیچ شێوەیەك دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانمدا ناكات، چونكە زۆر باش دەزانێت من كارێك پێشكەش ناكەم پێی خۆش نەبێت، دەزانێت كە من هەمیشە ڕۆڵی ڕووكەش و ناجدی ڕەت دەكەمەوە، چونكە ئەو حەزی لێ نییە».

عەبیر لە كۆتاییدا گوتی: «من هاندەری تەقلید نیم و حەزم لەوە نییە لاسایی كەس بكەمەوە، ئەگەر ئەو كەسە لە هەر ئاستێكیشدا بێت، چونكە قەناعەتی تەواوم هەیە ئەوەی بۆ من گونجاوە، بۆ ئەوانی دیكە ناگونجێت».

سەرچاوە: الشرق الاسط

Top