دوو خوشكی كارامە و دەستڕەنگین
كەسانی دەستڕەنگین لە نێو گەنجان و خانمە شۆخانی كوردستاندا زۆرن، بە تایبەت ئەوانەی لە بەشێكی جەستەیان بێبەشن، وەك ئەو دوو كچە نازدارە نابیستە، كە خاوەن توانایەكی جوان و داهێنەرانەن لە بواری كاری دەستی و دەستڕەنگینی خانماندا، (شنۆ و بۆكان) دوو خوشكی تەمەن 39 ساڵ و 24 ساڵن، كە شنۆ بە تەواوی نابیستە و بۆكانیش كەم بیستە.
سەبارەت بە دەستپێك وچۆنیەتیی كاركردنیان، بۆكان دەڵێت: «لە 2019ـەوە، وەكو كەسێكی كەم بیست دەستم بە كاری دەستی كردووە، زۆر حەزم دەكرد كار بكەم، بەڵام لە هیچ شوێنێك ڕێگەیان پێ نەدەداین كار بكەین، بە بیانووی ئەوەی كەم بیستین و ناتوانین وەك پێویست كار بكەین، بۆیە منیش بە هاوكاریی شنۆی خوشكم هەوڵم دا كاربكەم، كە ئەو لە ساڵی 2010ـەوە كار دەكات و فێری كاری دەستڕەنگینیی كردم، زۆر دڵ خۆشم بە كارەكەم، بەرهەمەكانیشمان بریتیین لە(كوڵاوە و كڵاو و خشڵ و ئێكسسوارت، تەوقە، دەسبەند، ملوانكە و بازنی ناسك) هەروەها كاری كەرەستە و كەلوپەلی وەك جانتا و گۆرەوی و چنینیش دەكەین، بەرهەمەكانمان بە ڕێگەی دلیڤەری بە خەڵك دەگەیەنین، تا ئێستا بەشداریمان لە چەندین فیستیڤاڵ و نمایش و پیشانگە گشتییەكاندا كردووە، لە زۆربەی پلاتفۆرمەكانی سۆشیاڵ میدیاش خاوەن ئەكاونتی تایبەت بە خۆمانیان بە ناوی (بۆكان و شنۆ)».