شۆڕش شەهباز چالاكی سیاسی و ڕۆشنبیری كوردی فەیلی بۆ گوڵان: لە پرۆسەكانی كۆمەڵكوژیی ئەنفالدا كوردانی فەیلی و بارزانییەكان پێكەوە جینۆساید كراون
كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی بە هەموو پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەكانەوە بە تاوانی نێودەوڵەتیی «جینۆساید» دادەنرێت، ئەگەرچی ئەم تاوانە ساڵانێكی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام تاوانی نێودەوڵەتی بە تێپەڕبوونی كات كۆن نابێت، لە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشدا بەپێی پێویست گرنگی و بایەخ بەم جینۆسایدە نەدراوە و قەرەبووی قوربانییەكانیش نەكراوەتەوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ شۆڕش شەهباز چالاكی سیاسی و ڕۆشنبیری كوردی فەیلی ساز دا. لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاودەكەینەوە.
* وەكو چالاكێكی سیاسی و ڕۆشنبیرێكی كوردی فەیلی، شارەزایی باشت لە بابەتی مێژوویی تاوانی جینۆسایدی كوردانی فەیلی هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو پاساوانە چی بوون كە وای لە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق كرد كوردانی فەیلی جینۆساید بكەن؟
- كوردانی فەیلی لە شاری بەغدا و ڕۆژهەڵاتی دیجلە نیشتەجێن و لەم مەملەكەتەیاندا مێژوویەكی دوور و درێژیان هەیە، دەكرێت بوترێت بە دانیشتووانی ڕەسەنی بەغدا و ناوچەكانی (خانەقین، مەندەلی، جەلەولا، زرباتییە، بەدرە، خاڵس، بەعقوبە و شارەبان) ناسراون، بەمەش كوردی فەیلی ڕێژەیەكی زۆری دانیشتووانی بەغدا و ناوچەكانی بەرەی ڕۆژهەڵات و باكووری بەغدا پێك دەهێنن، بە شاری كوتیشەوە. كورانی فەیلی بە كوردپەروەری و خۆشەویستییان بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەیان ناوبانگیان دەر كردووە، ئەو دەمە بابەتی مەزهەبی و شیعە و سوننە بەو شێوەیەی ئێستا تۆخ نەبوو، بەمەش ڕژێمە شۆڤێنییەكان و قەومچییەكان ترسێكی زۆریان لە كوردبوونی فەیلییەكان لەناو جەرگەی بەغدا هەبوو، بۆیە بە دوای پاساو و بیانوویەكدا دەگەڕان كە گورزی گەورە لەم دانیشتووانە ڕەسەنەی بەغدا بدەن، بەمەش توانییان پاساوی «التبعیة الایرانیة» بدۆزنەوە، لە كاتێكدا هەر خۆی لە خۆیدا عێراق ڕەگەزنامەی لەسەر بنەمای عوسمانی و ئێرانی دابەش ببوو، كوردانی فەیلی نەیاندەویست بە زۆرەملێ سەربازی بیانگرێتەوە و بچنە شەڕەكانی دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی لە بەلقان، بە شێوەیەك بوو ئەو شەڕانە هەر گەنجێك بە زۆرەملێی سەربازی دەبرا، ئیتر سۆراخی نەدەگەڕایەوە، بۆیە زۆر لە كوردانی فەیلی بە «التبعیە الایرانیە» ناوی خۆیان نووسیبوو، خۆ ئەو كوردە فەیلییانەی ڕەگەزنامەی عێراقیشیان هەبوو، لە هەشتاكاندا پیاوانی ڕژێم ڕەگەزنامەكانیان لێ سەندبوونەوە و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان كردبوون، ئەوان مەترسیی كوردبوون و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشەكەیان هەبوو، بۆیە پاساوی تەقینەوەكەی بەردەم دەرگای زانكۆی موستەنسرییە و نەبوونی ڕەگەزنامە تەنیا بیانوویەك بوو بۆ گۆڕینی تۆپۆگرافیای بەغدا و ناوچەكە و بە عەرەبكردنی ناوچەكانیان.
* كەواتە كوردانی فەیلی لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو پێكهاتە ڕەسەنانەی كوردبوون كە كەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب، ئایا تا چەند لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەو ناوچانە گەڕانەوە دەستی كوردانی فەیلی و خێزانە كوردەكان قەرەبوو كرانەوە؟
- مێژووی عێراق سەلماندوویەتی كە جگە لە كورد و ئاشووری و كلدانی و جوو، نەتەوەی عەرەب بوونێكی لاواز و كەمیان لە عێراقدا هەبووە، تەنانەت مەلیك فەیسەڵی عێراق لە شانشینی سعودییەوە لە بنەماڵەی هاشمی هاتووەتە عێراق و حوكمی كردووە، كاتێك ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەڕووخێت و دەوڵەتی توركیا دروست دەبێت، هۆزە عەرەبەكان لە بیابانەكانەوە كۆچیان كردووە بۆ بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی عێراق كە خاكی ڕەسەنی باوك و پاپیرانی كورد بووە و یەكەمین زیانمەندیش لەم كۆچە هەر كورد بووە. كاتێك بەریتانییەكان دێنە عێراق و دواتر لە 1930 یەكەمین شاڵاوی تەعریب لێرەوە دەستی پێ كردووە، ئالێرەوە گۆڕینی دیمۆگرافیای كورد زەق بووەوە، كوردانیش بەوە ناسراون كە بەردەوام پێشوازیان لە ئاوارە و پەناهەندە و خەڵكی لێقەوماو كردووە و هزری ئەوەیان نەبووە كە ئەو نەتەوانەی ڕۆح و هەستی داگیركردن و هێرشیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی نەتەوەكانی دیكە هەبووە، مەبەست و مەرامیانە، نەك دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕن، بەڵكو دەستیان بڕوات جینۆساید و قەتڵوعامیشیان دەكەن، هەرواش بوو لە ساڵی 1970 نەك گەنجەكانی كوردانی فەیلی زیندانی دەكران، بەڵكو بێسەروشوێن دەكران و ناسنامە و ڕەگەزنامەیان لە خێزانەكانیان وەردەگرتەوەو بە زۆرەملێ ڕاپێچی ناوچە سەرسنوورەكانی ئێرانیان دەكردن، لەوێشەوە بەرەو ئۆردوگاكانی ئێران و دەستپێكردنی ژیانی ئاوارەیی و نەهامەتی دەستی پێ دەكرد، هەرچی ماڵ و حاڵیشیان هەبوو كە لە گەڕەكەكانی بەغدا ئێستاش شوێنەوارەكانی ماوە، دەستی بەسەردا دەگیرا و بەسەر پیاوی ڕژێمدا دابەش و تاڵان دەكران. ڕەنگە پشتگیریی كوردانی فەیلی بۆ عەبدولكەریم قاسم و مەلا مستەفا بارزانی كە دژی بەعسییەكان و قەومچییەكان ڕاوەستانەوە، هۆكارێكی سەرەكیی ئەنجامدانی ئەو جینۆسایدە بوو، كە وایلێهات فەرمانی هەڵوەشانەوەی ئەو خێزانانەش درا، كە كچ و كوڕیان لەگەڵ كوردانی فەیلی هاوسەرگیرییان پێكهێنابوو.
* زۆرجار لایەنی سیاسیی وا هەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، مێژووی كوردانی فەیلی و پەیوەندییان و پاڵپشتیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی دەشارنەوە. وەكو چالاك و ڕۆشنبیرێكی كوردی فەیلی چۆن دەڕوانیتە ڕۆڵ و پەیوەندیی كوردانی فەیلی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی؟
- زۆر زەحمەتە و هەڵەیەكی گەورەیە مێژوو بە لاڕێدا ببرێت و لەسەر بنەمای ڕق و كینەی سیاسی ئەم سەردەمە باس بكرێت، مەلا مستەفا بارزانی بە ڕەحمەت بێت، پاڵپشتییەكی زۆری لە مەزڵوومییەتی كوردانی فەیلی دەكرد، ئەو تێڕوانینی زۆر جیاوازی بۆ كوردبوون و كوردایەتی هەبووە، كورد لای ئەو كورد بووە و گشت پێكهاتەكانی كوردی كۆكردووەتەوە و یەكەمین شۆڕشی سەرتاسەری و جەماوەری هەڵگیرساندووە، دیدگای مەلا مستەفا بارزانی ئەوەندە گەورە بووە لە ڕێككەوتنی 11ی ئاداردا سەدام حوسێن باسی دەكات، كە داوای كردبوو كوڕێكی بۆ جێگرەوەی سەرۆك كۆمار دابنێت، بەڵام بارزانی ئەمەی ڕەت كردەوە و كوردێكی فەیلی پێشنیار كردبوو، كە حەبیب محەمەد بوو، ڕژێمی بەعسیش ڕەتیان كردەوە بە بیانووی ئەوەی ئەمە ڕەگەزنامەی ئێرانییە، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی ئەمەی قبووڵ نەكرد و كەسی دیكەی بۆ ئەو پۆستە بەرز نەكردەوە، لە بابەتی كەركووكیشدا مەلا مستەفا بارزانی سازشی لەسەر كوردستانییەتی ئەو پارێزگایە نەكردووە، كوردانی فەیلی لەبەر هزرو بیری نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی مێژوویەكی دەوڵەمەند و قووڵیان لەگەڵ ئەم سەركردە گەورەیەی كورد هەیە. خۆ مێژوویەكی دوور نییە، لە شۆڕشی ئەیلوول كوردانی فەیلی پەیوەندییەكی بەهێزیان بە شۆڕشەوە هەبوو، تەنانەت دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریمی برا گەورەی حەبیب محەمەد سكرتێری پارتی، دامەزرێنەری پارتی بووە و دواتریش دەیان تێكۆشەر و بەرپرس و شۆڕشگێڕ و كەسایەتیی گەورەی دیكەی ناو كوردانی فەیلی ڕابەرایەتیی یەكێتیی ئافرەتان و ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوانیان كردووە. یەكەمین بێژەری ئێزگەی دەنگی كوردستانیش هەر كوردی فەیلی بووە، كوردانی فەیلی كۆمەك و هاوكاریی شۆڕشیان كردووە. یەكەمین ئافرەتی كورد كە لە سێدارەدرا، لەیلا قاسمی كوردی فەیلی بوو. من لە كۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی كوردستان كە بۆ كوردانی فەیلی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەوێ حزوورێكی فراوان و گەورەی كوردانی فەیلی لێ بوو، لە وتاری سەرۆك مەسعود بارزانی باسی لە ڕۆڵ و پێگەی كوردانی فەیلی كرد لەناو شۆڕشی ئەیلوول و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد، مەلا مستەفا بارزانی كە لە یەكێتیی سۆڤێتی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، لە بەسراوە تاوەكو شوێنی نیشتەجێبوونی لە بەغدا كوردانی فەیلی پێشوازی و پارێزگارییان لێ دەكرد، لە ئەنفال و بێسەروشوێنكردنی گەلی كورددا كوردانی فەیلی و بارزانییەكان پێكەوە جینۆساید كراون، كوردانی فەیلی لەبەر ئەوەی بارودۆخی داراییان لە بەغدا باش بوو، بە واتایەكی دیكە زۆربەی بازرگان و گەورە سەرمایەدارانی بەغدا كوردانی فەیلی بوون، بۆیە هاوكاری و كۆمەكی باشی شۆڕشی كوردیان كردووە.
* باسی بارودۆخی باشی كوردانی فەیلیت كرد لە بەغدا و ناوچەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دیجلە، ئایا تا چەند تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلی و دەستگرتن بەسەر بازرگانی و كاسبییەكەیاندا هۆكارێك بووە بۆ جینۆسایدكردنیان و بەزۆر ڕاپێچكردنیان بۆ ئێران؟
- كوردانی فەیلی لە شەستەكان و حەفتاكاندا لەناو ڕیزەكانی شیوعی و پارتیدا بوون، ئەوان ژمارەیەكی زۆری كاسب و پیشەوەر و بازرگان و خاوەن لۆری و كارگە بوون و كارخانەیان لە بەغدا هەبوو. پیاوانی ڕژێم لەم بەهێزییەی كورد دەترسان، بۆیە تەماعی داگیركردنی ماڵ و حاڵیان و خاكی بەپیت و دەوڵەمەندی خانەقین و دیالە و سەلاحەیدین و تەواوی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلەیان هەبوو، هەرواشیان كرد، هۆكاری تەعریبەكە تەنیا كوردبوون نەبوو، بەڵكو تاڵانی و دزین و زەوتكردنی خاكی بەپیتی ئەو ناوچەیە بوو، شوێنەوارەكانی خانووەكانی جەمیلە لە بەغدا شاهیدی قسەكانمە، خودی سەدام حوسێن كۆشكی لەسەر زەوییەكانی كوردانی فەیلی دروست كرد و قەرزاریان بوو، كاتێكیش ماڵ و حاڵیان لێ زەوت كرا و دەربەدەری دەرەوە كران، تاكو ئەمڕۆ قەرەبوو نەكرانەوە.
* ئایا بۆچی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كوردانی فەیلی قەرەبوو نەكرانەوە و تەنانەت كەیسەكەیان نەكرا بە كەیسێكی جینۆسایدی نێودەوڵەتی؟
- لە كاتی جینۆسایدە گەورەكەی كوردانی فەیلی لە سەرەتای هەشتاكان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی ڕژێمی بەعسیان دەكرد لە دژی ئێران، تەنانەت وێرانكردنی گوندەكان و ئەنفال و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكان و ڕاگواستن و تەعریب و تەرحیل پشتگوێ خرا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش عەقڵییەتی بەعسی و ڕەتكردنەوەی كورد و تەعریب بەردەوامیی هەبووە، خۆ ئەگەر كەیسی دوجەیل نەبووایە، سەدام حوسێنیان لە سێدارە نەدەدا، لەم ڕوانگەیەوە لە عێراقی بەناو نوێشدا بە شێوەیەكی دیكە مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كورد پشتگوێ خراوە. لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامە، فەلەستینی و میسری ڕەگەزنامەیان پێ داون، كەچی هێشتا كوردانی فەیلی دۆسێكەیان لە نهۆمی دووەم لە شوێنی بیانییەكانە، بەداخەوە كوردانی فەیلی نەیانتوانی جینۆسایدەكە وەكو هۆلۆكۆس بناسێنن، ئێمەش وەكو كورد نەمانتوانیوە كەیسەكانی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بگەیەنینە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكان و خەباتێكی بێوچانی بۆ بكەین، تەنانەت لە ڕووی كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و دیكیۆمێنتەكان و مۆزەخانەی نەتەوەیی و فیلم و ئەدەب و هونەریشەوە نەمانتوانی قەبارەی كۆمەڵكوژی و تاوانەكە بە جیهان بناسێنین، ئەمەش كەمتەرخەمیی وەزارەتی شەهیدانە كە نەیتوانیوە ئەم كەیسانە بەپێی قەبارەی تاوانەكە بە جیهانی دەرەوە بناسێنێت. ئێستاكەش كات درەنگ نییە و دەتوانین لە نێوخۆ و لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش كاری گەورە لەسەر كەیسەكانی ئەنفالی گەرمیان و بادینان و بارزانییەكان و كیمیاباران ڕاپێچكردنی بە زۆرەملێی كوردانی فەیلی و كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی و دەیان تاوانی دیكە بكەین، كە هەر هەمووی دەچێتە چوارچێوەی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆسایدەوە. بەداخەوە ململانێی حزبایەتی و پەرتەوازەی كورد و پێكهاتەكانی وای كردووە لە كەیسەكانی ئەنفال و كیمیاباران و تاوانەكانی دیكەدا بە تێڕوانینی كوردایەتی و نەتەوەیی تەماشای نەكەین و یەك دەنگ و تەبا نەبین و زۆرجار بە جیاوازی كار دەكەین، بۆیە لە بەرانبەردا لە سەرجەم كابینە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەروەكو ماددەی 140 ی دەستووری كاری پێ نەكراوە و قەرەبووی قوربانییەكانیش نەكراوەتەوە، لەكۆتاییدا هیوادارم سەنتەری ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە پایتەختی كوردستان دابمەزرێت و ئەم كەیسە ئەگەرچی ساڵانێكی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام وەكو تاوانێكی نێودەوڵەتی و كۆمەڵكوژی دەمێنێتەوە و كۆن نابێت و پێویستە سۆراخی ئێسك و پرووسكی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی فەیلی بگرین و قەرەبووی ماڵ و حاڵیان بكرێتەوە و ڕەگەزنامە بدرێتەوە ئەوانەی بە هەر پاساو و هۆكارێك بێت، ڕەگەزنامەیان پێ نەدراوە.