چەمکی توندوتیژی دژی ئافرەتان و مێژوویەک قێزەون

چەمکی توندوتیژی دژی ئافرەتان و مێژوویەک قێزەون

بەشێوازێكی گشتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بەمانای هەر جۆرە زەبرو كاردانەوەیەكی جەستەيی، زارەكی، دەروونی، سێكسی وهەروەها مەعنەوی دێت، كە لەلایەن كەسێكەوە بەرامبەر ئافرەت، ئەنجام دەدرێت، سەرەنجام دەبێتە هۆكارێك بۆ ئازار گەیاندن بە ئافرەت و لەژێر هەر ناونیشانێكدا بێت.

ئافرەت کێیە؟

ئافرەت واتا مرۆڤ، دایك، هاورێ‌، هاوژین وهەروەها دیوەكەی تری بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤایەتییە بەشێوازە دروستەكەی.

شێوازەکانی توندوتیژی دژ بەئافرەتان چین؟

ئەگەر بەشێوازێكی گشتگیر قسە لەسەر جۆرەكانی توندوتیژی دژ بەئافرەتان بكەین دەكرێت خۆیان لەچەند جۆرێكی دیاری توندوتیژی ببیننەوە، وەكو جەستەیی و زارەكی ودەروونی، كەهەریەك لەو جۆرانە دەكرێت بەرامبەر ئافرەت پەیرەو بكرێت، دەشێت لێرەدا فراوانتر باس لەجۆرەكانی بكەین، لەدیاریترینیان توندوتیژی جەستەیی لەرێگای بەكارهێنانی هێزی جەستەییەوە، توندوتیژی دەروونی لەرێگای بەكارهێنانی وشەی نەشیاو، تەشهیر، سەرزەنشت كردن و جۆرەها كاردانەوەی تر كەببێتە هۆكارێك بۆ ئازارگەیاندن بەلایەنی دەروونی ئافرەتان هەروەها توندوتیژی سێكسی ئەوەش لەرێگای لاقەكردن، دەستدرێژی یاخوود ناچاركردنی ئافرەتان بەئەنجامدانی كردەوەیەكی سێكسی دوور لەویستی خۆی، هەروەها توندوتیژی بونیاتنراو لەسەر لایەنی رەگەزی ( جێندەر )، كە خۆی لەسەپاندنی هێزو باڵادەستی رەگەزی نێر دەبینێتەوە بۆ سەر رەگەزی بەرامبەر، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەرهەڵدانی جۆرەها توندوتیژی. هەروەها توندوتیژی روحی یەكێكی ترە لەدیارترین جۆرەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بەئامانجی لێدانی وكوشتنی روحییان… لەدواجاریشدا هەریەك لەوجۆرانەی ئاماژەیان پێكرا دەشێت بەپێى ژینگەی كۆمەلایەتی، پەروەردەیی، هەروەها ژينگەی كارو ئاستی هۆشیاری تاكەكانیش بگۆردرێت.

بۆچی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەنجامدەدرێت؟

هۆكارەكان زۆرن، دەكرێت گرنگترینیان لەچەند خالێكدا كورت بكەینەوە وەكو كێشە خێزانی وكۆمەلایەتییەكان كەزۆرجار هۆكارێكی سەرەكین بۆ تێكشكاندنی ئاشتەوایی خێزانی و لەدواجاریشدا كاریگەری نەرێنیان دەبێت بۆسەر لایەنی دەروونی منداڵان بەوەی وەكو گرێیەكی دەروونی تیاندا بەپەنگ خوادوویی بمێنیتەوە ولەدواجاریشدا هەمان ئەو كێشانە لەقۆناغەكانی داهاتووی ژیانی خێزانی وكۆمەلایەتییاندا دووبارە ببنەوە. هەروەها یەكێكی تر لەهۆكارەكان دەكرێت لایەنی ئابووری بێت، بەوپێیەی بوونی داهات و ئابوورییەكی جێگیر وسەربەخۆ بۆ ئافرەتان بەتایبەت دەشێت یارمەتیدەرێكی باش بێت بۆ جێگیربوونی ژیانی خێزانییان وهەروەها لەسەر ئاستی ژیانی خێزانیش پاڵنەرێكی بەهێزبێت بۆ بەرێكردنی ژیانێكی خێزانی ئارام بۆیان. هەروەها ئاستی هۆشیاری ورۆشنبیری وكاریگەرییەكانی دابونەریت وبیری نێرگەرایەتی و پیاوسالاری وكاریگەری وتاری ئاینیش رۆلی زۆر گەورە دەگێرن لەتەشەنەكردنی حالەتەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان.

چۆن ڕووبەڕووی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بوەستینەوە؟

ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان بەكاراكردنی زیاتری رۆڵ وئەدای دامەزراوە خێزانی وپەروەردیی وهەروەها میدیاییەكانیش دەبێت لەوەی هەریەك لەوانە كار لەسەر بەرهەمهێنانی سیستەمێكی نوێ بكەن بۆ چۆنییەتی پێگەیاندنی تاكێكی تەندروست لەڕووی شێوازی بیركردنەوە لەهەمبەر كۆی ئەو پرسانەی پەیوەستن بەژیانی كۆمەلایەتی ودۆسییەكانی ئافرەتانەوە. هەروەها زۆریش پێویستە لایەنە تەشریعییەكان ودادگاكانیش رۆڵی راستەقێنەی بنوێنن لەچۆنییەتی بەگژداچوونەوەی حالەتەكانی توندوتیژی چونكە، بیرمان نەچێت سیستەمی دادگایی سیستەمێكی كاریگەرو پێویستە بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمەلایەتی وهەر كەموكورتییەك لەم سیستەمەش كۆمەڵگە بەرەو سەرگەردانی دەبات. دواتریش رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئافرەتان وهەروەها رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش پێویستە ستایل وشێوازی كاركردنیان بەئاراستەیەكی باشتردا بگۆرن، زۆرترین جەخت لەسەر كاری مەیدانی بكەن وهەروەها چەقی توانا وچالاكییەكانیان شۆربكەنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە لەرێگای كاری مەیدانییەوە.

Top