پەرەپێدانی كارامەییەكانی بەرێوەبەر
(كارل فۆن كلاو زفتیز)سەركردە و مێژوو نووسی ئەڵمانی دەلێ" پێویستە سەركردە خۆڕاگر بوەستێ وەكو تاشە بەردی گەورە كە هەموو شەپۆلەكان تێك دەشكێنێ".
كارگێڕیی قوتابخانە بە بەشی هەرە گرنگ دادەنرێت لە كارگێڕیی پەورەردەیی و كارگێڕیی فێركردن و بە كارگێڕی جێ بەجێ كردن دادەنرێت لەو كارگێڕیانە، بۆیە كارگێڕیی قوتابخانە هەمیشە لە ترۆپكی بەرپرسیاریەتی گشتی كارگێڕیی پەروەردەیی و فێركردن دایە، چونكە خاڵی دەستپێك و بەریەككەوتنە لەگەڵ كۆمەڵگە و چەقی بەدەستهێنان و بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەكان لە كارگێڕیی قوتابخانەوە دەست پێ دەكات كە ئەمانەت و پارێزراوی كۆمەڵگە بە گشتی لە قوتابخانەدا كاری لە سەر دەكرێ و هەوڵەكان لە قوتابخانە بەدی دەكرێت لە پێگەیاندن و تێگەیاندن و بنیاتنانی تاكەكان، ئەلێرە دا گرنگە و پێویستە بەرێوەبەری قوتابخانە كەسەركردەی كارگێڕیی قوتابخانەیە و كەسایەتی گرنگی پرۆسەكە و سەركردەی كاریگەری ئەو دامەزراوەیە، پێویستە زاڵ و سەركەوتووبێ بە سەر گیروگرفت وتەنگ و چەلەمە و تەنگژەكانی كە دەبنە بەربەست و ڕێگر لە پێش داهێنان و گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانەدا.
گرنگە بەرێوەبەری قوتابخانە لە رێگای بەشداری كردنی لە خول و ڕاهێنانی بەردەوام و تایبەت بە كارگێڕیی قوتابخانە و پەروەردەیی پەرە بەكارامەییە گشتی و پەیوەندیدارەكانی بدات و سەركردەیەكی خۆڕاگر و خۆنەویست و خۆشەویست و پەروەردەیی بێت لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەویش بە پەرەپێدانی كارامەییەكانی (خودی و هونەری و مرۆڤایەتی و كارگێڕیی و...) بێت، پێویستە لە ڕووی جەستەیی و ڕەوشتی و هەڵچوون و بیروهزر پەرەی پێ بدات و توانای كۆنترۆڵ كردنی هەڵچوون و توڕەبوون و هەست و سۆز و هەڵسوكەوت و ڕەفتار و گوفتارەكانی بكات، هەمیشە گیانی تەبایی و هاوكاری و یارمەتیدان و یەك خێزانی و خوشك و برا پەخش بكات و بەكردار قوتابخانەكەی شوێنی ئاسودەیی هەموو لایەك بێت و دادپەروەر بێت لە هەموو ڕەفتارێكدا، هەروەها پێویستە پابەندی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەكانی پەروەردە و وەزارەت بێت و بەیەكسانی و دادپەروەری جێ بەجێیان بكات، ئەوكات دەبێتە نموونەی بەرزی پرۆسەكە لە قوتابخانەدا و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرێ و لە بەرپرسیاریەتی خۆی نەدۆزێتەوە و خاوەنداریەتی پرۆسەكە بكات لە قوتابخانەدا و پلان و دیدگا و پەیامی ڕوونی هەبێت، هەمیشە ژینگەیەكی وا گونجاو لەبار دروست بكات لە قوتابخانەكەدا كە ببێتە مایەی ئارامی و ئاسودەیی سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران، ببێتە پردێكی گەورە لە متمانە و ڕێز لە نێوان هەموو لایەك.
جودا لەوانەش پێویستە لە ڕووی كارامەیی كارگێڕیی بە گشتی بە هەموو جۆرەكانیەوە شارەزایی تەواوی هەبێت هەر لە ڕووی دابەشكردنی كارەكان و ئیدارەدانی كات و جێ بەجێ كردنی كارەكان و ئەنجامدانی چالاكی و چارەسەركردنی نەهێشتنی بەربەست و گیروگرفتەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكان و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی وەرگرتنی بڕیاری دروست لە كاتی پێویست و هەبوونی پلانی بەردەوام و باش و دابەشكردنی كاروبەرپرسیاریەتی لە نێوان یاریدەدەرەكان و چاودێری و سەرپەرشتی كردنی كۆی پرۆسەی پەروەردە وفێركردن لە قوتابخانەدا وئەوانە و چەندان و چەندانی تر لە كارامەییە پێویستەكانن بۆ هەموو بەرێوەبەرێك كە پێویستە لە قوتابخانەدا پراكتیزەی بكەن و پەرەی پێ بدەن، چونكە بە دڵنیایی ئەوانە و زۆری تریش سادەترین ئەلف و بێی كاری كارگێڕیی قوتابخانەكانن، پێویستە بەرجەستە و پراكتیزە بكرێن لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانەكان وەكو ئەرك و بەرپرسیاریەتیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی پەروەردە و فێركردن.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی