کەیت بلانچێت داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکــات پاڵپشتی بۆ پەنابەران زیاد بکات

کەیت بلانچێت داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکــات پاڵپشتی بۆ پەنابەران زیاد بکات

خانمە ئەكتەر (كەیت بلانچێت) باڵیۆزی نیازپاكی لە كۆمیساریی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە یەكێتیی ئەوروپا كرد، كە پاڵپشتی بۆ پەنابەران و وڵاتانی میواندار زیاد بكات و دڵنیابێت (لە سەر پاراستنیان نەك بەهێزكردنی سنوورەكان).

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەستێرەی خاوەن خەڵاتی ئۆسكار كە لە ساڵی 2016 وەك باڵیۆزی نیازپاكی UNHCR دەستنیشان كرا، لە پەرلەمانی ئەوروپی لە برۆكسل گوتی: «دەبێت لەوە تێبگەیت كە كەس منداڵەكانی ناخاتە ناو بەلەمێكەوە، مەگەر دەریا سەلامەتتر نەبێت».

ئاماژەی بەوەشكرد: سوپاسی یەكێتیی ئەوروپا دەكەم بۆ پاڵپشتی دارایی درێژخایەنیان بۆ پەنابەران لە سەرانسەری جیهان و، داوا دەكەم پشتگیرییەكان بەردەوام بن و زیاد بكرێن، جیهان چاودێرییان دەكات.

داواكارییەكەی بلانچێت لە كاتێكدایە كە یەكێتیی ئەوروپا هەوڵ دەدات چاكسازی لە یاساكانی مافی پەنابەری و كۆچبەریدا بكات، بۆ كەمكردنەوەی كۆچبەری نایاسایی، هەروەها لە كاتێكدایە كە وڵاتانی ئەندام هەوڵ دەدەن ڕێككەوتنی تایبەتی خۆیان ئەنجام بدەن، و لەو بوارەوە ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە كە ناوەندێك لە ئەلبانیا دروست دەكات، بۆ پێشوازیكردن لەو كۆچبەرانەی لە ڕێگەی دەریاوە هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا دەدەن.

بلانچێت ئاماژەی بەوەش كرد، ژمارەیەكی پێوانەیی ١١٤ ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون لە ماڵ و حاڵی خۆیان، كە لە توندوتیژی و ململانێ و گۆشەگیری و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ هەڵدێن، هەروەها بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی ئاوارە و پەنابەر بۆ بەرزترین ئاست، پارەداركردنی مرۆیی لە جاران پێویستترە.

لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: «وەبەرهێنان لە پەروەردە و بژێوی ژیاندا بكەن بۆ ئەوەی خێزانەكان لە هەر شوێنێك بن، دەرفەتیان هەبێت بە ئاسوودەیی بژین، نەوەك ناچار وڵاتەكانیان جێبهێڵن، هیچ كەسێك سوود لە نەوەیەكی گەنجی نامۆ و دوورخراوە نابینێت».

Top