ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بۆ گوڵان:   لەسەر ڕووبەری 15 هەزار مەتر پاركێكی گەورە لە هەولێر دروست دەكرێت

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بۆ گوڵان:     لەسەر ڕووبەری 15 هەزار مەتر پاركێكی گەورە لە هەولێر دروست دەكرێت

 

 

پارێزگای هەولێر، بەتایبەتی ناو سەنتەری شاری هەولێر پێشكەوتنێكی خێراو گەشەیەكی بێ وێنە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش وای كردووە پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لە ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و كارەبا ڕوو لە هەڵكشان بكات، ئەمە وێڕای گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كە ئەمڕۆ جیهانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و پارێزگای هەولێریش لەم ڕووبەڕووبوونەوانە بێبەش نییە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە كارزان سەباح هەورامی لە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ساز دا.

 

* با لە دیدارتان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و كۆبوونەوەكانتان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەست پێ بكەین، ئایا لەو زنجیرە دیدار و كۆبوونەوانە باسی چیتان كرد و ئاكامی ئەو كۆبوونەوانە بۆ خەڵكی هەولێر و خزمەتكردنی شارەكە چی بوو؟

- ئەم دیدار و كۆبوونەوانە لە چوارچێوەی بەشداریبوونمان بوو لە چوارەمین كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای نیشتمانیی ئاو لە بەغدا، كە وەزیری كشتوكاڵ لە كابینەی حكومەتی هەرێم ئەندامی ئەو لێژنەیەیە و نوێنەرایەتی دەكات، ئێمەش وەكو پارێزگای هەولێر بەپێی ئەو بەرنامانەی هەمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لێكەوتە و كاریگەرییەكانی لەسەر هەولێر، بەشدار بووین، بەتایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەكانی ئاوی پاك و خاوێن بۆ ماڵان و ئامادەكارییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لافاو كە لە چوارچێوەی بەرنامە و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجاممان داوە. وەكو ئاگادارن، ڕۆژی 14ی ئاداری ئەمساڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ سەردانی هەولێری كرد و چەند دیدارێكی هەبوو، لە یەكێك لە دیدارەكان وەكو پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ كۆ بووینەوە، پوختەی كاری گۆڕانكاریی كەش و هەوامان خستەڕوو، لەوێدا توێژینەوە و داواكارییەكم ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد، كە ئەمانە چەند پلانێك بوون، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی بە هۆی گۆڕانكاریی كەش و هەوا ڕوو دەدەن، لە دەرخستەیەكدا كە خۆی لە كۆمەڵێك پڕۆژە دەبینێتەوە، ئاراستەی سەرۆك وەزیرانمان كرد، كە بڕی 14 ملیار دینارە بۆ شاری هەولێر. هەر ئەو كاتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەمەزاندی دا لەسەر دەرخستەكە و لێژنەیەكی تەكنیكی لە بەغداوە هاتن و لێژنەیەكی ئێمەش بە هەمان شێوە لەمبارەیەوە چوونە بەغدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هەمە لایەنە بۆ دەرخستەكە و هەموو قۆناغەكانی بڕی و بووە یەكێك لە بڕگەكانی كۆبوونەوەكەمان لە بەغدا.

* ئایا دەكرێت بزانین بەرنامە و پلانی ئێوە چی بوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی وشكەساڵی و كەم ئاوی و تێڕوانینی بەغدا لەو بارەیەوە چۆن بوو؟

-  ئێستا بابەتی گەرمی ناوچەكە و جیهانیش چۆنیەتی ئیدارەدانی قەیرانی ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لەئەنجامی گۆڕانگاری كەشوهەوا هاتوونەتە ئاراوە، هەموو ئاژانسە جیهانییەكانی تایبەت بە كەش و هەوا و دەوڵەتان خەریكن بەرنامە دادەنێن و پلانی خۆیان هەیە، ئێمەش وەك هەولێر بەرنامە و پلانی خۆمان هەیە و لەو چوارچێوەیەدا كۆمەڵێك پڕۆژە هەبوون كە ئەنجام دراون، لەوانە 350 كیلۆمەتر كەندە سرووشتییەكانی هەولێر چاك كراون و پاك كراونەتەوە، پۆندەكان كاریان لەسەر كراوە و لێدانی بیر و بەفیڕۆدانی ئاویش ڕێكاری خۆی بۆ گیراوەتەبەر، ئەو پارەیەش كە داوا كراوە، بڕی 14 ملیار دینارە بۆ هەولێر و چاوەڕانین حكومەتی عێراق خەرجی بكات، لەو پارەیە 6 ملیاری بۆ لێدانی بیری نوێیە كە ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر بیر لێ دران و زۆربەیان وشك دەبوون، هاوكات 4 ملیار دیناری دیكە بۆ سیانەی ئیفرازی 1و2و3یە و 4 ملیاری دیكە بۆ ژمارەیەك پۆند بووە بۆ دەورو‌بەری هەولێر، كە شێوەیەكی جوان دەبەخشێت بە سرووشتی كوردستان و ئاوێكی زۆریش گل دەداتەوە. چاوەڕوانین كە بەدواداچوون بكرێت بۆ ئەوەی ئەو پارەیە خەرج بكرێت، لە كاتێكدا ئەم داواكارییە كراوە، زۆر زیاتر لەو ڕێژە ‌پارەیە حكومەتی هەرێم و بەڕێز سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ شاری هەولێر تەرخانی كردووە، هەرچەندە نەهاتنی شایستەی دارایی لە بەغداوە كاریگەری لەسەر سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری هەبووە، بۆیە زۆر لە داواكارییەكانمان ئاراستەی بەغدا كردووە، تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراق پێزانینی هەبوو بۆ ڕێكارەكانمان و لەبەر گرنگیی ئەو بابەتە داواكاریی هەولێری هێنایە پێشەوەی ئەو بڕگانەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكاریی كەش و هەوا دانراون، ئەوەی گرنگە ئەو پارەیە بۆ لێدانی بیری تازە و سیانەی تۆڕەكانی ئاو و ژمارەیەك پۆندە، خۆشبەختانە بەشداربووانی كۆبوونەوەی بەغدا ڕەزامەندییان لەسەر پڕۆژەی ئێمە دا، لە پێناوی دەرچوون لە مەترسیی لافاو و وشكەساڵی.

* كەواتە دەكرێت بپرسین پلانتان چییە لەگەڵ بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانگاریی كەش و هەوا؟

- بڕیاری دروستكردنی سندوقێك دراوە لە ئاستی هەموو عێراق بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ‌ئاو بكرێت و پێش بخرێت و گۆڕانگاریی باشی تێدا بكرێت، ئەم سندوقە ئیتحادی دەبێت، بەڵام بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا ‌دەبێت و بێبەش ناكرێت، بەپێی ئەو بڕیارەی هەیە، سوودمەند دەبێت، كە هیوادارین ئەزموونی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە، لەوەی لە دەرەوەی ڕێككەوتن و لێگەیشتنەكان كوردستان بێبەش بكرێت و ئاستەنگی بۆ دروست بكرێت.

* پڕۆژەی ئاوی (ئیفراز چوار) كە زۆر گرنگە بۆ كۆتاییهاتن بە كێشەی ئاوی خاوێن لە شاری هەولێر ئایا ئەم پڕۆژەیە بە كوێ گەیشتووە؟

- هەولێر لە بابەتی ئاو هەنگاوی باشی ناوە، ئێستا كار لەسەر بەنداوی گۆمەسپان دەكرێت، كە پرۆژەیەكی گرنگ و گەورەیە و بەنداوی بەستۆرە بە هەمان شێوە ڕەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو بكرێت، هەولێر ئێستا بە ڕێژەی 50% پشتی بە ئاوی سەر زەوی و50% پشتی بە ئاوی ژێر زەوی بەستووە، پرۆژەی ئیفراز چوار لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێم بووە و بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی و بابەتی نەهاتنی شایستە داراییەكانی كوردستان نەتوانراوە وەك خۆی ئەو پڕۆژەیە بەرەوپێش بچێت، بۆیە ئێمە بۆ پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی و دابینكردنی سەرچاوەی ئاوی دیكە بۆ هەولێر، لە چوارچێوەی ئاوی ئیفراز چوار، یان هەر ناوێكی دیكە بۆ ئەو پڕۆژەیە لە ئاوی زێوە پڕۆژەیەكمان ئامادە كرد، كە چوار قۆناغە و هەر قۆناغێك 150 ملیۆن دینارە، بۆ قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە داوای قەرزمان لە وڵاتی سعودییە كردووە، كە لەم قۆناغەدا بارتەقای ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر ئاو بۆ هەولێر دابین دەكات، بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، كە چوار دەوری هەولێریش سوودمەند دەبێت، دواتر قۆناغی دیكەی بە دوادا دێت، بۆیە لە ماوەی ڕابردوو لە سندوقی قەرزی سعودییە داوای ئەو قەرزەمان كردووە، نامەیەكی تایبەتیی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی سعودیە كراوە، شاندێكمان سەردانی سعودییەی كرد و لەگەڵ سندوقی قەرزی سعودییە گفتوگۆمان كرد، لەوێ چەند لایەنێكی پەیوەندیدارمان بینی، وەزیری وەبەرهێنانی سعودییەمان بینی، گفتوگۆكانمان ئەنجامی زۆر باشیان هەبوو، پڕۆژەكەمان قبووڵ كرا، بەڵام لە ئاستی سعودییە و عێراق لێژنەیەك هەیە، پێی دەگوترێت لێژنەی هەماهەنگی، لەو لێژنەیە چەند وەزیری سعودییە و عێراق ئەندامن، ئێمە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی سعودییە و نامەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە كاریگەریی زۆری هەبوو، دواتر ئەم بابەتە هاتەوە بۆ عێراق و لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە و ئاراستەی لێژنەی هەماهەنگی و یاسایی دەكرێت، بۆ ئەوەی لە میزانییەی عێراق لە 2024 داخل بكرێت.

* وەكو پارێزگاری هەولێر پێت وانییە ئەو گەشە و ئاوەدانییەی كە لە هەولێردا هەیە، پێویست دەكات بودجە و پارەیەكی زۆری لە بواری خزمەتگوزارییەكاندا بۆ دابین بكرێت؟

-  كاری جددی لەسەر سەوزكردنی هەولێر كراوە و سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە، هەر لە سەوزكردنی ڕێگای شەقامەكانی ناوەوە و دروستكردنی پاركی نوێ و بایەخدان بە سەوزایی لە دەوروپشتی هەولێر و ئاسانكاری بۆ سەوزایی بە شێوەی ستاندار وای كردووە، ئێستا هەولێر لە ستانداری نێودەوڵەتی بۆ سەوزایی نزیك بووەتەوە، دوایین پرۆژە بۆ سەوزكردنی هەولێر كاركردنە لەسەر چاندنی نەمام و سەوزكردنی بەشێك لە شەقامی 150 مەتری لە هەولێر، لە ئاستی ڕێگاوبانیش پارێزگای هەولێر هەنگاوی قورس و گرنگی هەڵگرتووە، ئێستا باشترین ڕێگاوبانەكان لە عێراقدا لە هەولێر ڕەنگ دەداتەوە و بەدروستكردنی شەقامی 120 و 150 مەتری ئەوەندەی دیكە فشاری ناوخۆی لەشەر شەقامەكانی ناوشار كەم كردووەتەوە، جگە لەوەش سیمایەكی جوانی بە شار بەخشیوە و كاركردن لە تەواوكردنی شەقامی 150 مەتری دەست پێ دەكات. بەشێكی زۆری ڕێگا نوێیەكانی هەولێر بە شێوەی ستانداری نێودەوڵەتی كراون و ئاستێكی گەورەی تۆمار كردووە لە بەرزیی كوالێت و جوانیی سیماكانیان و بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان و هەولێری خۆشەویست بەردەوام دەبین لە دروستكردنی پڕۆژەی گرنگی ستراتیژی و هەولێر بە شێوەیەكی خێرا گەشە دەكات. بریارە ئیماراتییەكانیش پڕۆژەیەكی گرنگ و قورس لە هەولێر ئەنجام بدەن، كە سەرمایەیەكی زۆری تێدا خەرج دەكرێت، بەم شێوە بڕوات، هەولێر دەبێتە ناوەندێكی گرنگی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی لە ناوچەكە، چونكە ئاماژەكان هەموویان بۆ ئەوەن كە كۆمپانیاكانی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی هەولێر و ئابووریی هەولێر هەنگاو بنێنن. ماوەی چەند ڕۆژ پێش ئێستا كونسووڵی چین سەردانی كردین، ستایشی ئەو پێشكەوتن و ئاوەدانییەی كرد كە لە هەولێری پایتەخت هاتووەتە ئاراوە و ئاماژەی بەوە دا، لە هەولێر وەك شارێكی مێژوویی و دێرین هەست بە ئاسوودەییەكی زۆر دەكەن. بۆیە چاومان لەوەیە گەورە كۆمپانیاكانی چین و ئەمریكا و و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپاپی زیاتر بێنە هەولێر و لێرە وەبەرهێنان بكەن. ئەوەتا لە ئەنجامی دیدارمان لەگەل كونسووڵی چین گفتوگۆ لە بارەی پڕۆژەی دروستكردنی پاركێكی گەورە كرا. لەم نزیكانە پاركێكی گەورە بە دیزاینێكی سەردەمییانە و لەسەر شێوازی چینی و بە ڕووبەری (15 هەزار مەتر چوارگۆشە) لەلایەن كونسووڵخانەی چین و بەسەرپەرشتیی پارێزگای هەولێر دەست بە دروستكردنی دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی دروستكردنی ئەم پاركە دەبێت بە پاڵپشت و هاوكار بۆ ژینگەیەكی تەندروست و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر. لە دیدارمان لەگەڵ كونسووڵی چین جگە لە باسكردن لە ڕێكارەكانی پێدانی ڤیزای وڵاتی چین كە لەلایەن كونسووڵخانەی ئەو وڵاتەوە، هەموو ئامادەكارییەك كراوە و لەسەری ساڵی نوێوە لە هەولێر ڤیزای چین لە كونسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بە هاووڵاتییان دەدرێت، پاشان كونسووڵی گشتیی وڵاتی چین، بە فەرمی بانگهێشتی كردین بۆ سەردانیكردنی وڵاتی چین و پارێزگاكانی وڵاتەكەی و خواستی ئەوەی نیشان دا، كە هەولێری پایتەخت ببێت بە دەستەخوشكی یەكێك لە پارێزگاكانی وڵاتەكەی، منیش ئەوەم قبووڵ كرد.

Top