کارنامە گرنگەکەی پارتی بۆ کەرکووک
لە دوای دەرچوونی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە لە پاش ساڵی (٢٠٠٣)وە هەمیشە ویست و خواستی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەسپاندنی دیموکراسی و سازانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بووە.
پارتی، لە ڕابردوو و ئێستاشدا پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە بنەمای یەکەمین و سەرەکی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق.
پارتی، مەبەستییەتی لەڕێگەی دیاریکردنی دەسەڵاتی خۆجێیەتی و نەهێشتنی ئەو زوڵمە بەردەوامەی بەرانبەر بە هاووڵاتیان لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت، بە لیستی ١٩٧ بەشداری هەڵبژاردنی ٢٠٢٣/١٢/١٨ بە ئامانج و دیدگای قووڵی (پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن).
خواست و ئیرادەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بریتییە لە بەدیهێنانی دادپەروەریی و تەبایی و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسیی و ئیداری پارێزگای کەرکووک، هەروەها چاکسازییکردن و دابینکردنی خزمەتگوازایی لە کۆی سێکتەرەکانی پارێزگای کەرکووک.
لە کارنامەی پارتیدا سەبارەت بە کەرکووک، هەوڵەکان لەڕێگەی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کەرکووکییەکان، چڕ دەکرێنەوە بەمەبەستی فەراهەمی ژیانێکی شایستە و ئاسوودەی پڕ لە کەرامەت و دوورکەوتنەوە لە کێبڕکێی نارەوا دوور لە خواستی کوردستانیانی کەرکووک.
لە قۆناغی داهاتوودا پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ى دەستوور و پێداگریی لەسەر ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ.
ئەوەی لە پەیام و کارنامەی پارتیدا ڕەنگیداتەوە پەیامی هاریکاری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە کە ئەمە داواکاریی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکووکە.
چەند خاڵێکی گرنگی دیکە کە بنەما سەرەکییەکانی پارتین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ پێداگیرییە لەسەر نەهێشتنی ئاسەوارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە
کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیدان بە پاراستنی ناسنامە و کوردستانیبوونی کەرکووک.
لە ڕووی خزمەتگوزاری گشتییەوە؛ لیستی ١٩٧ كار دەكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ گەڕەکە
پشتگوێخراوەکان و چارەسەری کێشەکانیان و بۆ تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوازییە وەستێندراوه كان.
لیستی ١٩٧ی پارتی لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەی زەوی و زاوری جوتیاران لە
پارێزگای کەرکووک جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل و قووڵكردنەوەی دیموكراسی و باڵادەستی
سەروەریی یاسا لە کەرکووک سڵ لە هیچ بەربەستێک ناکاتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە بە بەخشینی گەورەترین بارەگای خۆشی بە زانكۆی کەرکوک، خەمخۆرى بۆ سەقامگیریی و تەناهی کەرکووک سەلماند..
پارتی بە دروشم و ئامانجی (سیاسەتی پارتی لە کەرکووک پاراستنی شکۆی کوردستانیانی کەرکووکە) بەرەو سەرکەوتنی گەورە و زامنکردنی دادپەروەریی و یەکسانی لە کەرکووک هەنگاوی هەڵگرتووە.