سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى تيمێكى باڵاى يووئێن كۆبووه‌وه

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/11/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ڤۆلكه‌ر پێرسێس سه‌رۆكى تيمى سه‌ربه‌خۆى پێداچوونه‌وه‌ى ستراتيژى به ئه‌ركى نێرده‌ى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كاندا له عێراق (يوونامى) كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بيروڕايان ده‌رباره‌ى ئه‌رك و سه‌ردانى به‌ڕێز پێرسێس بۆ عێراق و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراق گۆڕييهوه و تيشكيان خسته سه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانى تيمى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسه‌كانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵ و پشتگيريى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانس و ڕێكخراوه‌كانى له عێراق و هاوكارييه‌كانى له بوار و قۆناغه جياكاندا، ئاماژه‌ى به هه‌وڵ و كاره‌كانى يوونامى كرد كه دواى پرۆسه‌ى ئازادى، يارمه‌تيى عێراقى داوه بۆ سه‌قامگيرى و به‌ره‌وپێشبردنى ديموكراسى و باشكردنى كارى دامه‌زراوه‌كان.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز پێرسێس، ديد و بۆچوونه‌كانى ده‌رباره‌ى ئه‌ركى يوونامى له عێراق و داواكاريى عێراق بۆ پێداچوونه‌وه به ئه‌ركى نێرده‌ى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كاندا خسته ڕوو، هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رنج و بۆچوونه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى ده‌رباره‌ى كار و ئه‌ركى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسه‌كانى بۆ هاوكارى و يارمه‌تيدانى عێراق كرد.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و ناوچه‌كه‌يان به گشتى، تاوتوێ كرد.
