ئامینە عەبدوڵڵا:زۆر جار پارچە موزیكێك لەكاتی نیگاركێشاندا خەیاڵێكی ڕۆحی بە شێوەكار دەبەخشێت

ئامینە عەبدوڵڵا:زۆر جار پارچە موزیكێك لەكاتی نیگاركێشاندا خەیاڵێكی ڕۆحی بە شێوەكار دەبەخشێت

خاتوو(ئامینە عەبدوڵڵا)، دیمەنە دڵڕفێنەكانی كوردستان وای لێكردووە رووبكاتە هونەری شێوەكاری بۆ ئەوەی بتوانێت بەهرەو حەزوو و ئارەزووەكانی خۆی لە رێكەی تابلۆكانی بدۆزێتەوە بۆ برەو دان بە هونەرەكەی بە پاڵپشتی و هاوكاری خێزانەكەی دەچێتەبەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرە جواتەكان بەسەركەوتووی تەواو بكات لە ئێستاش قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی هونەرجوانەكانی هەولێرە خاوەنی چەندین پیشانگای هاوبەشە بۆ ئاگاداربوون لەچالاكییەكانی ئەو خاتوونە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.

هەڤپەیڤین/كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین ئامینە عەبدوڵڵا كێیە؟

-خەڵكی شاری سلێمانیم، دانیشتووی شاری هەولێرم، هەر لە منداڵییەوە حەزێكی زۆرم بۆ كاری هونەری هەبووە، بە تایبەتی بواری شێوەكاری، لە قۆناغەكانی خوێندنیشدا بەشداریی زۆربەی چالاكییەكانی نێو قوتابخانەم دەكرد، هەر ئەو حەز و ئارەزووە وای لێكردم بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی شێوەكاری و بە سەركەوتوویی تەواوی بكەم، ئێستاش قوتابیی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێرم، تائێستا بەشداریی چەندین پیشانگای هاوبەشم كردوە.

ئامینە عەبدوڵڵا:زۆر جار پارچە موزیكێك لەكاتی نیگاركێشاندا خەیاڵێكی ڕۆحی بە شێوەكار دەبەخشێت

* خۆت بە قەرزاری كێ دەزانین لە بواری هونەریدا كە هەردەم هاوكار وپاڵپشتت بوون؟

- خێزانەكەم هەمیشە هاوكارو پاڵپشتم بوون، خۆم بە قەرزاری دایك و باوكم دەزانم، زۆر هاوكارم بوون لە بواری هونەری شێوەكاریدا، هەروەها خوشك و براكانم، بەتایبەتی برا گەورەكەم، كە هەمیشە هاندەرم بووە و زۆر لەگەڵم ماندوو بووە، لە هەمان كاتدا سوپاسی مامۆستاكانیشم دەكەم كە ڕێنیشاندەر و ڕێنوێنی كارم بوون.

*هەر هونەرمەندێك شێواز ی تایبەتی بە خۆی هەیە، شێوازی كاركردنی تۆ چۆنە؟

-من زیاتر حەز لە وێنەكێشانی سرووشت و ئەو دیمەنانە دەكەم كە سەرنجم ڕادەكێشن، واتە زیاتر لە ڕێبازی واقعیدا كاردەم و بەهۆی خۆشەویستیم بۆ موزیك زۆرجار حەز بە دروستكردنی ئامێرە موزیكەكانیش دەكەم، بۆیە هەندێك لە تابۆلۆكانم ئامێرەكانی میوزیك لەخۆدەگرێت.

*ڕەنگ فاكتەریكی گرنگە بۆ هەر تابلۆیەك، زیاتر چ ڕەنگێك لە تابلۆیەكانتدا بەكار دەهێنیت؟

-لە نیگاركردنی هەر تابلۆیەكدا حەز دەكەم ڕەنگەكان هەمەجۆر بن، بۆیە هەموو ڕەنگێك لە تابلۆیەكانمدا بەكار دەهێنم، نابێ تابلۆ لە یەك ڕەنگدا خۆی بنوێنێ، بەڵكوو جوانی تابلۆ لە ڕەنگاوڕەنگییەكەیدایە.

*لە نێوان بەهرە و ئەزموون خۆت لە كامیاندا دەبینیتەوە؟

-بەهرە و ئەزموون دوو بنەمای سەرەكیی هەر هونەرمەندێكە، هەردووكیان پێكەوە دەبنە ئەو دوو باڵەی بەهۆیەوە دەتوانیت ئەمسەر و ئەوسەری ئەو بوارەی كە دەتەوێت، پێی بگەیت، كە خولیا و حەزی خۆتە، منیش وەكو هونەرمەندێك هەوڵم داوە هەردووكی بكەمە فاكتەرێك بۆ ئەوەی زیاتر پێشڤەچوونم، هەم لە بەهرەكەم، هەمیشە لە فێربوون و ئەزموون، بە ئاوێتەكردنی هەردووكی توانیومە ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆم لە بوارەكەی خۆمدا بدۆزمەوە.

ئامینە عەبدوڵڵا:زۆر جار پارچە موزیكێك لەكاتی نیگاركێشاندا خەیاڵێكی ڕۆحی بە شێوەكار دەبەخشێت

*چۆن دەتوانیت لە ڕێگەی هونەرەوە گوزارشت لە ئافرەت بكەیت؟

-من لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە چەند تابلۆیەكم كێشاوە كە دەربڕی دنیای ئافرەتە، بە دروستكردنی وێنەی ئافرەت لەسەر تابلۆكانم كێشاومە، بەشداریی پێشانگاشم كردووە بۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، بە واتایەكی دیكە لە ڕێگەی تابلۆكانمەوە توانیومە گوزارشت لە بوێری و ناسۆرییەكانی ئافرەتان بكەم.

*ئەو بابەتانە چین كە دەتەوێت لە ڕێگەی تابلۆكانتەوە تیشكی بخەیتە سەر؟

-بەگشتی دیمەنی سرووشتی كوردستان و ئامێرە میوزیكە دڵخوازەكانم هەوێنی تابلۆكانمن، هەروەها زۆربەی كات سوود لە ئینتەرنێت وەردەگرم و بە گەڕان هەر وێنەیەك ببینم و سەرنجم ڕابكێشێ، وەریدەگرم و دووبارە بە بیرۆكەی خۆم دەیكێشمەوە.

*تا چەند هونەری شێوەكار پەیوەندی بە هونەركانی دیكەوە هەیە، بۆنموونە وەك: شانۆ، سینەما، ئەدەب، موزیك...؟

-هەرچەندە ئەمانە هەریەكە و ڕەهەند و لقێكن و پێكەوە دنیا جوانەكەی هونەر پێك دەهێنن، بەڵام بۆ هەریەكەیان هزر و خەیاڵی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ئەوەی خۆتی تێدا ببینیتەوە، ئەمەش بەپێی بیركردنەوەی كەسەكان دەگۆڕێ، دەبینی كە كەسێك خولیایەكی هونەری هەیە، بەڵام ڕەنگە تەنیا یەك لەو لقانەی هونەر ببێتە بواری دڵخوازی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار پارچە موزیكێك لەكاتی نیگاركێشاندا خەیاڵێكی ڕۆحی بە شێوەكار دەبەخشێت * پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەكار چۆنە؟

-بەو پێیەی بواری دڵخواز و دنیای تایبەتی خۆمە، هەمیشە و لە هەر كات و شوێنێكدا، دڵ و دەروونم لەلای هونەرمەندانی شێوەكارە، بەجۆرێك بووەتە بەشێكی دانەبڕاوی ژیانم، هەردەم هاوكار و پاڵپشتی سەرجەم هونەرمەندان بووم، ئەوانیش بەرامبەر من بە هەمان شێوەن

*هیچ پرۆژەیەكی نوێت لە هەگبەدایە؟

-بەڵێ، پڕۆژەیەكی هاوبەشم هەیە لەگەڵ هاوڕێكانم، ئەوەش كردنەوەی پێشەنگایەكی تایبەتە و بە نیازین‌ لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو لە پیشانگایەكی هاوبەشدا چەندین تابلۆ نمایش بكەین.

*جگەی لە بواری هونەری شێوەكاری خوولیا و ئارەزووت كام لە هونەرەكاتی دیكە هەیە؟

-وێڕای بوارەكەی خۆم، ئارەزووی بواری میوزیك دەكەم، بە تایبەت ئامێری كەمانچە، حەزیش دەكەم لە داهاتوودا ئەگەر دەرفەت هەبێت خۆم فێری ژەنینی كەمانچە بكەم.

Top