ئەسكەندەر ڕەسووڵ ئەندامی كڵێسا ئینجیلییەكان لە بەریتانیا و هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   هەڵویستی سەرۆك بارزانی بەرانبەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بنەمایەكی گرنگە بۆ پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی

ئەسكەندەر ڕەسووڵ  ئەندامی كڵێسا ئینجیلییەكان لە بەریتانیا و هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     هەڵویستی سەرۆك بارزانی بەرانبەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بنەمایەكی گرنگە بۆ پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی

 

 

پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا بووەتە ناسنامە و سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاتنی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانیش بەڵگەیەكی ڕوونە بۆ گرنگیدانی ڤاتیكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم پێكەوەژیانە. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەكو لە كارنامەكەیدا هاتووە، كار بۆ قووڵكردنەوە و دەوڵەمەندكردنی ئەم پێكەوەژیانە دەكات و لەم پێناوەشدا هەنگاوی گرنگی ناوە. لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەسكەندەر ڕەسووڵ ئەندامی كڵێسا ئینجلییەكان لە بەریتانیا و هەرێمی كوردستان ساز دا.

 

 

* لە خێزانێكی سكۆتەلەندی لەدایك بوویت و خۆت و خێزانەكەت ماوەیەكی زۆر لە كوردستان ژیاون و شارەزاییت لە یەزدانناسی هەیە، سەرەتا دەكرێت بزانین تا چەند ئەو پسپۆڕایەتی و شارەزاییەت لە خزمەتی دەوڵەمەندكردنی پێكەوەژیان بەكارهێناوە؟

- من لە خێزانێكی سكۆتلەندیم و ساڵی 1948 باوكم وەك ئەندازیارێكی شارستانی بووە، كە لە كۆمپانیای نەوتی عێراق و لە هێڵی نەوتی كەركووك بۆ بانیاس كاری كردووە، لە ساڵی 1957 هەر لە شاری كەركووك لە دایكبووم و لە پاش شۆڕشی 1958 بە خێزانەوە چووینەتە شاری بەغدا، دوای چەند ساڵێك گەڕاینەوە بەریتانیا و چووینەوە بۆ سكۆتلەندا، بۆیە ژیانم لە سكۆتلەندا و بەریتانیا بردووەتە سەر و لەوێ درێژەم بە خوێندن داوە، لە ئەنجامدا لە وڵاتی بەریتانیا بەكالۆریۆسم لە كۆلێژی زانست بەشی فیزیا بەدەست هێناوە، پاشان بڕوانامەی بەكالۆریۆسم لە یەزدانناسی (لاهوت) و زمانی عیبری و یۆنانی وەرگرتووە، لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە ساڵی 1991 من لە قاهیرە كارم دەكرد. كارەساتی كۆڕەوە ملیۆنییەكەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە كاریگەری لەسەر چەندین ڕێكخراوی خێرخوازی و شارستانی دروست كرد، منیش لەگەڵ ئەو ڕێكخراوانەی كە پێویستیان بەو كەسانە بوو، زمانی عەرەبی بزانێت، هاتمە هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی ئەو گەلە ستەمدیدە و مرۆڤدۆستە، لە دەستپێكی كارەكانمان سێ مانگ لە زاخۆ و سێ مانگیش لە شارۆچكەی پێنجوین لەگەڵ ڕێكخراوەكانی (ئۆپەرێشەن مێڕسی و مێدێر) كارم دەكرد، لە ئێستاشدا بۆ زیاتر خزمەتكردنی گەلی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و بۆ زیاتر گەشەكردنی پێكەوەژیان و ئاشتی و دادپەروەری لە خزمەتكردن بەردەوامم. 

* لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیان بووەتە یەكێك لەو كار و ئەركانەی كە حكومەتی كوردستان زۆر گرنگی پێ دەدات، لە ئێستادا و چەندین ساڵە ئەو پێكەوەژیانە نەتەوەیی و ئایینییە بووەتە جێی سەرنجی جیهان و بە شێوەیەكی پێشكەوتوو و بەرجەستە دەبینرێت، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لەلای كریستیانەكانی وڵاتانیی پێشكەوتوو و ڕۆژئاوا چۆن سەیر دەكرێت؟

- من بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی نموونەیەكی واقیعی بە كورتی باس دەكەم كە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆم لە شاری هەولێر بینیومە، لە ساڵی 1993 بۆ ماوەیەك لە شاری هەولێر لە گەڕەكەكانی زانكۆ و ئیسكان نیشتەجێ بووم، پاشان هاتینە گەڕەكی شۆڕش نزیك كڵێسای ئاشووری، لەو گەڕەكانەی تێیدا ژیاوم، پاش ئەوەی لەگەڵ خەڵكەكە تێكەڵ بووین و یەكترمان ناسی، كە دراوسێمان هەبوو، كورد و توركمان و ئاشووری و هتد بوون، بە شێوەیەكی گشتی دراوسێ و ئەوانەی ناسیمان لە هەموو پێهكاتە و نەتەوە و ئایینەكانی هەرێمی كوردستان بوون، بەتایبەتی لە گەڕەكی شۆڕش بینیمان بە واقیعی تێكەڵبوونی نێوان خێزانەكانی كورد و موسڵمان و كریستیانەكان زۆر ئاسایی بوو، پاشان پرسیمان گوتیان نەك لەو گەڕەكە بە تەنیا بەڵكو لە شاری هەولێر پەیوەندیی نێوان نەتەوەكانی وەك كورد و توركمان و كریستیانەكان زۆر قووڵ بووەتەوە و ئاموشۆ و بەشداری خۆشی و ناخۆشیی یەكتر دەكەن، ئیتر بۆمان دەركەوت ئەو پێكەوەژیانە هەر لە ئێستادا نییە، بەڵكو مێژووی بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە لە باشووری كوردستان، لە ڕاستیدا پێكەوەژیان پێویستی بە هەوڵ و كاری زۆر و گرنگ هەیە، ئەمەش لە هەرێمی كوردستان كراوە، بێگومان لەلایەن كریستیانەكانیش بە چاوێكی ڕێز و ستایشەوە ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان دەبینرێت، بەڵام هێشتا هەندێك كەموكووڕی بەدی دەكرێت، كە پێویستە بە هەموو لایەكەوە لە نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و، ئەو كەلێن و گرفتانەی كە هەندێك جار بەدی دەكرێن، چارەسەری بنەڕەتی و یەكجارەكییان بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە هەر نەتەوە و ئایینێك ڕێوشوێن و كەلتوور و مێژووی خۆیان هەیە. ئەو كەلێنە جیاوازنەی هەیە، دەتوانێت كێشەی لابەلا خۆی تێدا زەق بكاتەوە و ببێتە سەرئێشە بۆ بارودۆخە جوانەكان و ئەو سەقامگیرییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە لایەكی دیكەوە بۆمان دەركەوتووە، كە چەندان كەس لە كریستیانەكان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی كوردستانییان بەشدارییان كردووە و لەو پێناوەشدا شەهید بوون، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە خوێنبەخشین لەپێناو نیشتمان ئەركێكی پیرۆز و پێویستە، ئەوەشە بووەتە هەوێنی برەودان و گەشەكردنی ئەو پێكەوەژیانەی لەو هەرێمەدا هەیە. چەندان كەسم ناسیوە و بۆم دەركەوتووە، پێكەوەژیان لە نێوان كریستیان و كورد و موسڵمان و هەموو ئایین و ئایینزاكان وەك ئەركێك ڕەچاو كراوە، بۆ ئەوەی بارودۆخی ئاشتی و لێبووردەیی و سەقامگیری بێتەدی. ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ڕاستە لە ناوچەكەدا نموونەیە، بەڵام وەك ئەوە نییە كە لە وڵاتێكی وەك بەریتانیا كە تێیدا سەد نەتەوە و زمانی جیاواز هەن، ئەگەرچی زۆر بە كەمی هەست بە جیاوازیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دەكرێت، بۆیە دەبێت ڕاشكاو بین كە پێویستە و ئەركە لەسەر هەموو لایەك و حكومەتی كوردستان زیاتر كار بۆ پتەوكردن و گەشەكردنی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بكەن، هەتا بگاتە ئەو ئاستەی كە پێویستە.

* ئایا هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ بۆ هەموو كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان،تا چەند گرنگ بووە و بە ڕووداوێكی مێژوویی هەژمار دەكرێت؟

- بێگومان هەر كەسایەتییەكی نێودەوڵەتی كە دێتە هەرێمی كوردستان و هەر وڵاتێك گرنگە، بەتایبەت كەسایەتیی پاپا، چونكە لە هەموو دونیا ڕێزێكی زۆر و تایبەت بۆ قەداسەتی پاپا دادەنرێت. هاتنی پاپا بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان زیاتر بۆ ئەوە بوو، كە بە چاوی خۆی ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان ببینێت، بەڵام ئەوەی گرنگە زیاتر هاتنی هەر كەسایەتییەك بۆ كوردستان بە شێوەیەكی سادە و ساكار زیاتر سەرنجی خۆی دەنوێنێت و خزمەت بەو نیشتمانە دەكات.

* ئایا پەیوەندیی نێوان مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان چۆن دەبینیت؟

- بە دڵنیاییەوە پەیوەندی و هاتوچۆ لەنێوان پیاوانی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بەتایبەتی لەنێوان پیاوانی ئایینی كریستیان و مامۆستایانی ئیسلام و ئێزدی و ئایینەكانی دیكەش هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییە نابێت لێرەوە ڕاوەستێت، یان تەنیا لە كاتی مەراسیم و بۆنەكان بێت، بەڵكو پێویستە پەیوەندی و تێكەڵبوونێكی تەواو و ڕۆحی هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو بەربەست و كێشانەی هەیە بتوێتەوە و نەمێنێت، بۆ نموونە من سەردانی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە مزگەوت و حوجرەكان دەكەم و لە لاشم كارێكی باش و ئاساییە، چونكە هەر دوولا لەسەر زۆر چەمك و بابەتی ئایینی گفتوگۆ دەكەین، بەڵام دەبینم هەمان ئەو كەسایەتییەی من لە مزگەوت سەردانی دەكەم، ئەو وەك من سەردانم ناكات، بە هەر هۆكارێك بێت و بە شێوەیەكی گشتی زۆر كەم دەبینم خێزانە كریستیانەكان و موسوڵمانەكان لە هەرێمی كوردستان هاتوچۆی یەكتر بكەن، هەر چەندە لە هەندێك بۆنە و مەراسیمی خۆشی و ناخۆشیی یەكتر سەردان و هاوبەشی یەكتر دەكەن، بەڵام پێویستە پەیوەندیی نێوان كەسایەتی و خەڵكی ئاسایی ئایینەكان زیاتر و باشتر بێت، بەمەش پێكەوەژیان لە چوارچێوەیەكی دیاریكراو و چەقبەستوو زیاتر گەشە دەكات، هەتا ئەو ئاستەی كە خودا و پەیامبەرەكان ئاواتیان بووە. زۆر حاڵ و شوێنی جیاواز لە نێوان ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان ماوە بۆ نەهێشتن و كاڵبوونەوەی جیاوازییەكان، دەبێت هەموو كەس زیاتر لە ئایین و هاتنی ئایینەكان بۆ سەر زەوی تێبگات، بۆ ئەوەی كە خودا دەیەوێت لەنێوان گەلان و ئایین و ئایینزاكان بێتەدی، كە ئەویش ئازادی و ئاشتی و خۆشگوزەرانییە بۆ مرۆڤەكان، كە لەم خاڵەدا گرنگترین كار و پێداویستی دادپەروەری و سەقامگیریی یاساییە لەناو وڵاتەكەدا، كە ئەمەش هەتا ئێستا بەو شێوەیە نییە كە پێویستە بۆ كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان.

* ئایا چۆن سەیری كار و بەرنامەی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی دەكەیت، لەلایەنی گرنگیدان بە پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانەوە؟

- لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی نوێنەری كریستیان و ئێزدی و ئایینەكان دانراون، یان ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی وەك كریستیانەكان زیاتر گرنگیان پێ دراوە. لەو ڕێگایانەوە دەنگ و داواكاریی پێكهاتە ئایینییەكان دەگاتە سەرۆكی حكومەت. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو كابینەكان بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمدا كاری باش و بەرچاوی بۆ هەموو ئایین و ئایینزا جیاوازەكانی كوردستان ئەنجام داوە، چ لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی كڵێسا و مەزار و شوێنە ئایینییەكان و چ لە گەیاندن و دروستكردنی ڕێگا بۆ قەزا و ناحیە و گوندەكانی كریستیانەكان، هاوكات بوونی عەنكاوە لە ناحیەوە بۆ قەزا، كارێكی باشە كە بەم هۆیەوە لەلایەن كریستیانەكان بۆ مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان متمانەی زیاتر دروست دەبێت.

* ئایا هەڵویستی جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن دەخوێنیتەوە بۆ هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان؟

- هەڵویستی جەنابی مسعود بارزانی زۆر بەڕێزە و لە جێگای خۆی بوو، هەروەها بنەمایەكی گرنگە بۆ پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی، لە لایەكی دیكەوە لە مرۆڤدۆستی و شۆڕشگێڕی كوردانەوە هەر ئەو هەڵویستە مرۆڤدۆستییە چاوەڕوان دەكرێت، هەروەك ئەوەی كە لەو كاتەی مەترسیی تیرۆر و تیرۆریستان لەسەر كریستیانەكانی بەغدا و مووسڵ و دەشتی نەینەوا بوو، سەرۆك بارزانی فەرمانی دا، هەموو دەرگا و سنوورەكان بە ڕووی ئەو كریستیانە ئاوارانەدا بكرێنەوە و لە هەرێمی كوردستان هەموو لایەك پێكەوە بژین و بمرن، كە ئەمەش لەبیر ناكرێت.    

 

Top