ئەحلام حەجی بۆ گوڵان:ئەكتەری سەركەوتوو پێویستە هەموو جۆرە ڕۆڵەكان تاقی بكاتەوە

ئەحلام حەجی بۆ گوڵان:ئەكتەری سەركەوتوو پێویستە هەموو جۆرە ڕۆڵەكان تاقی بكاتەوە

خانمە ئەكتەر و شاجوانی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئەحلام حەجی) بەم دواییە بەشداریی لە زنجیرە درامایەكی كۆمیدیدا كرد، كە سەركەوتنێكی باشی لە وڵاتی مەغریب بەدەست هێنا، لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ دووبارە تاقیكردنەوەی كاری كۆمیدی لە زنجیرە درامایەكدا كە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی داهاتوودا نمایش دەكرێت، ئەحلام كە ئێستا لە شاری هەولێرە بەم شێوەیە بۆ گوڵان باسی لە كارە هونەرییەكانی خۆی كرد.

سەرەتا باسی لە بەشداریكردنی لە چەند كارێكی نواندندا كرد، كە دوایینیان كارێكی كۆمیدی بووە، دەربارەی هۆكاری هەڵبژاردنی ڕۆڵی كۆمیدی دەڵێت: «ئەكتەری ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە بتوانێت لە هەموو ڕۆڵەكاندا سەركەوتوو بێت، هەستم دەكرد لە كۆمیدیاش سەركەوتوو دەبم، كارەكان زۆر خۆش بوون، بە دڵنیاییەوە ئاسان نەبوو، بەڵام هەستم دەكرد كاردانەوەی بینەر بۆ ئەم ڕۆڵانە نەرێنییە، بۆیە ئەم ئەزموونە دووبارە دەكەمەوە كە لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو (٢٠٢٤) زۆر خۆش دەبێت لەگەڵ كۆمیدی، من زیاتر خۆم لە درامادا دەبینمەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە ناتوانم لە كۆمیدیادا ئەنجام بدەم، بە پێچەوانەوە نزیكەی سێ ساڵ لەسەر یەك لە ڕەمەزاندا لە چەندین بەرنامەی كۆمیدیدا بەشداریم كردووە، و بینەرێكی زۆرم هەبوو»، لە بارەی ئەو زنجیرە درامایەش گوتی: «ساڵی پار بەشداریم لە زنجیرە درامایەكی كۆمیدیدا كرد بە ناوی (جودیا) لە دەرهێنانی سەفا بەرەكە و سیناریستی بەناوبانگ بوشرا مەلاكە، لە مانگی ڕەمەزانی ڕابردوو لە كەناڵی یەكەمی نیشتمانیی مەغریبدا نمایش كرا و بەرهەمی كۆمپانیای (دیسكۆنیكتد)ـە بۆ بەرهەمهێنانی هونەری، لەم زنجیرەدا ڕۆڵێكی سەرەكیم بینی و ژمارەیەك ئەستێرەی ناوداری مەغریبی بەشدارییان تێیدا كرد، لەوانە (نەجات وافی، ئیبتیسام عەروسی، حەمید زوغی، عەبدولنەبی بنیوی، هاجەر مەسدوقی و جەواد ئەلسایح) و چەندانی دیكە، لەم درامایەدا ڕۆڵێكی گرنگم بینی لە گۆڕینی ڕێرەوی زنجیرەكەدا كە خۆی لە تۆڵەسەندنەوەدا دەبینییەوە و چەندین سوپرایزی تێدا بوو كە لەلایەن جەماوەرە پێشبینی نەكرابوو:».

سەبارەت بە ئەزموونی نواندن و ئەو ڕۆڵەی لە زنجیرەكەدا بینی، ئەحلام حەجی گوتی: «لە زنجیرە درامای (جودیا) ڕۆڵی كچێك دەبینم بە ناوی (زیزۆ) كە ئافرەتێكی جوان و سەرنجڕاكێشە، چونكە گرنگییەكی زۆر بە جوان دەركەوتن و شێوازی دەرەوەی خۆی دەدات و هەمیشە جوانە، ( زیزۆ) هاوڕێیەكی زۆر نزیكی ئافرەتێكە بە ناوی (فەتومە) و گشت نهێنییەكانی ئەو ئافرەتە دەزانێت، دواتر چەند ڕاستییەكی شۆك هێنەری بۆ ڕوون دەبێتەوە كە پێشبینیی نەدەكرد، سوپاس بۆ خوا سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا».

سەبارەت بەوەی كە زیاتر خۆی لە نواندن یان میدیا دەبینییەوە، ئەحلام گوتی: «زیاتر حەزم لە نواندنە و خۆم تێیدا دەبینمەوە، هەروەها لە بواری نواندن خوێندوومە، هەر ئەوەشە كە ناوبانگێكی زیاتری پێ بەخشیم، هەروەها بڕوانامەی پێزانینم هەیە لە نواندندا، هەركەسێك كاری قورس ئەنجام بدات و خۆی ماندوو بكات، بێگومان پاداشتی هەوڵەكانی وەردەگرێتەوە، پێش ماوەیەك ئۆفەرێك هەبوو بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی بەیانیان، بەڵام بەهۆی زۆریی گەشتەكانمەوە ڕەتم كردەوە، لە ئێستادا سەرنجم لەسەر نواندنە، هیوادارم خوای گەورە سەركەوتنم پێ ببەخشێت و بتوانم بەرهەمی هونەریی جوانتر و باشتر پێشكەش بكەم».

لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی هەندێك جار لێرە و لەوێ ئاراستەی دەكرێن بە هۆی شێوازی دەركەوتنی لە سۆشیال میدیا و كاریگەریی لەسەر كەسایەتیی خۆی، شەو خانمە هونەرمەندە دەڵێت: «من كەسێكی بە جورئەتم لە هەنگاوەكانم بەرەو دواڕۆژ، نامەوێت كارێك ئەنجام بدەم كە قەناعەتم پێی نەبێت، ژیانێكی ئاسایی دەژیم بێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستمی ژیانی تایبەتیمدا ئەنجام بدەم بۆ ئەوەی لە ڕەخنەی كەسانی دیكە دوور بكەومەوە، من چۆنم دەمەوێت هەر ئاوا بم».

سەبارەت بە كەسایەتیی خۆی دەڵێت: «من كەسێكی هێمنم تەنانەت كاتێك خۆشیش دەردەبڕم، بینینی خەڵك بە دڵخۆشی وا دەكات هەست بە كامەرانی و ئاسوودەیی بكەم، بەتایبەتی كاتێك من هۆكاری خۆشییەكانیان بم، جا ئەگەر ئەمە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بێت، یان لە ڕێگەی كارە خێرخوازییەكانەوە، دەمەوێ ئاماژە بە شتێكیش بكەم كە پەیوەستە بە سرووشتی ژیانی منەوە، من كەسێكم زۆر لە دیمەنە ترسناكەكان بێزار دەبم كە ئێستا لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەیانبینین و وام لێ دەكات بگریم، بەتایبەتی دیمەنی منداڵە ئاوارەكان كە بەهۆی جەنگەوە دەناڵێنن، جەنگێك كە ئەوان هیچ پەیوەندییان پێوەی نییە، بەڵكو بوونەتە قوربانی، من سەردانی كەمپەكانی ئاوارەكانم كرد و هەست بە ئازارەكانیان دەكەم».

Top