نێچیرڤان بارزانی و سوودانی کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی و سوودانی کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدان.

شەوی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) وێنەیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ئەمشەو هەردووکیان کۆبوونەتەوە.

سوودانی ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا و دواتر لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتیش شەڕی ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی غەززە کرد.

دەستپێکردنى ئەو گەشتەى سوودانى دواى رۆژێک بوو لە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بەغدا و میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بڵاویکردەوە، "گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین."

دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران، ئەمە سێیەم جارە محەممەد شیاع سوودانى سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.

Top