مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بۆ گوڵان: ئێمە وەك پێكهاتەكان هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، چونكە تەنیا پارتی و بارزانی بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەكانمان دەكەن

مونا قەهوەچی  جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بۆ گوڵان: ئێمە وەك پێكهاتەكان هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، چونكە تەنیا پارتی و بارزانی بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەكانمان دەكەن

 

دەستێوەردانی كورسیی كۆتاكان جێگەی قبووڵكردن نییە

 

پێكهاتەی نەتەوەی توركمان یەكێكە لە پێكهاتە ڕەسەنەكانی هەرێمی كوردستان، كە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا بە 11 كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان بەشدارن. ئەمەش وەكو سیستمێكی هەڵبژاردن تاوەكو دەنگ و ژمارەیان بزر و پەرشوبڵاو نەبێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر كورسیی كۆتاكان و ڕاوبۆچوونی پێكهاتەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان لەسەر كۆی سیستمی سیاسی و هەڵبژاردن، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ خاتوو مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان ئەنجام دا.

 

 

* ئاشكرایە بەهۆی ئەوەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2022 نەگەیشتە ئەو تەوافقەی كە یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە، بەم هۆیەشەوە نەتوانرا هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، پرسیار ئەوەیە ئەو خاڵە ناكۆكانە چی بوون كە بوونە ڕێگر لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە؟

- پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بابەتێكی سیاسییە، جگە لەوەی بابەتێكی یاساییە و لە گۆڕەپانەكەدا زەق بووەتەوە، پێكهاتەكان لە كوردستان و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقیشدا مافەكانیان چەسپێندراوە، هاوكات لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان كە ژمارە (5)ی ساڵی 2005 ـە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا، لەو یاسایەدا ماف و ئەركی پێكهاتەكان دیاری كراوە، بەداخەوە ئەو یاسایە بەپێی پێویست نەتوانراوە بە تەواوی پیادە بكرێت، ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەو بارودۆخ و فشارەی دەخرێتە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان بۆ لاوازكردنی، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە پێكهاتەكان لایەنی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن و كورسیی كۆتاكانیش لەم كات و ساتەدا بە گرنگ دەزانین وەك خۆی بمێنێتەوە، چونكە تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویست لە ئاستی پێكهاتەكان بەتایبەتی لە ئاستی پێكهاتەی توركمان شەراكەتێكی ڕاستەقینە لە ناو حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا بكەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچاوكردنی دۆخی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی كوردستان، چونكە لایەن و حزبە كوردستانییەكان زیاتر ململانێیان لەسەر پۆست و ئیمتیازاتەكانە و لە نێوان خۆشیان دابەشیان كردووە، ئێمە ڕێگەمان داوە بەو حزبانەش كە كەمترین كورسیشیان لە پەرلەمان بەدەست هێناوە، بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت و ئەوانیش سوودمەند بن لە پۆستەكاندا، وەكو پێكهاتەكان تەنیا بەشدارین بە یەك وەزیر، كە ئەویش سیادی نییە و ناتوانێت بە تەواوی سوود بە پێكهاتەكان بگەیەنێت. ئێمە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا چ وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان و چ وەك فراكسیۆنی پارتی چاكسازیی توركمان، زۆر هەوڵمان دا و جەختمان كردەوە كە لەبری ئەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، با هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ڕێككنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان و ململانێی سیاسییەوە سەرۆكایەتیی پەرلەمان ناچار بوو و هیچ ئەگەرێكیشی لە بەردەمیدا نەما بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی كوردستان، بۆیە بە پێویست زانرا كە دەنگ بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بدرێت، ئەوەی زیاتر ڕێگر بوو لە بەردەم هەڵبژاردندا، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو، لە ناو یاساكەشدا دوو بڕگەی بنەڕەتی هەبوو، كە هەندێ لایەن و حزبی كوردستانی جەختیان لەسەر كورسیی كۆتا بوو، كە دەیانویست دەستكاریی كورسیی كۆتا بكرێت، ئێمەش چ لە ئێستادا و چ لە داهاتووشدا بە هیچ شێوازێك ڕازی نین بەر لەوەی پرس بە لایەنی كۆتاكان بكرێت، دەستكاری كورسیی كۆتاكان بكرێت. لەلایەكی دیكەوە هۆكاری سەرەكی بۆ هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حزب و لایەن هەن و بە ئێستاشەوە نایانەوێت پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەروەها لە ئێستاشدا ئەگەر بارودۆخ و ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیەی كە هەیە بەردەوام بێت، ئەوە من وەك خۆم لەو قسەیەی خۆم بەرپرسیارم كە هەڵبژاردن لە 25/2/2024 ئەنجام نادرێت.

* بەڕای ئێوە گرنگیی دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە چیدایە؟ ئایا وەك ئەوەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بوویت، بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان چ لایەنیكی دیكە ئامادەیە و بەپەرۆشە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە شوباتی داهاتوو ئەنجام بدرێت؟

- لە سۆشیال میدیا و لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا هەموو لایەن و حزبەكان ئامادەكاری و ڕاوبۆچوونی خۆیان وا دەردەبڕن كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن، كەچی بەشێك لە لایەن و حزبە كوردستانییەكان ئەو كات ئامادە نەبوون هەڵبژاردن بكرێت، بەڵكو خەریكی ڕێكخستنەوەی ناوماڵی حزبی خۆیان بوون، بەمەش ئەو كۆسپە دروست بوو كە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، من ترسێكی زۆر گەورەم لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەگەر ڕێككەوتنی سیاسی لە نێوان لایەن و حزبە كوردستانییەكان، بەتایبەت و بەدیاریكراوی لە نێوان یەكێتی و پارتی نەكرێت و ڕێككەوتن نەكرێت، بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەداخەوە ناچار كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئەم جارە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان دەكات، چونكە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی خۆمان بە دەستی خۆمان پەراوێز خست و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی دەركردووە كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی ئەو جارەی پەرلەمانی كوردستان بكات، كە فەرمانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 25/2/2024 دەستنیشان كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە، بەڵام بە پشتبەستن بەو ململانێ سیاسییە بەردەوامەی نێوان یەكێتی و پارتی و سەنگەرگرتن لە كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، بەتایبەت بە هۆی ئەو سكاڵایەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دادگای فیدڕاڵی تۆماری كردووە، لەسەر كورسیی كۆتاكان، ئەوە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان، ئەویش سڕینەوەی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی ئەو وڵاتەیە كە پێكهاتەی توركمانە، كە دووەم پێكهاتەییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و سێیەم پێكهاتەشە لەسەر ئاستی عێراقدا. پرسیار لە ئێمەش دەكرێت بۆچی قبووڵتان كرد كە كورسیی كۆتا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەمێنێت و لە پەرلەمانی كوردستان هەبێت، ئەو پرسیارەش وەڵامەكەی زۆر ڕوون و ئاشكرایە، لەو كاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دامەزرا، نوێنەری ڕاستەقینەی پێكهاتەی توركمان نەبووە و ئەوەی هەیە نوێنەری ناوچە كێشە لەسەرەكانە، نەك توركمان، بەڵام ئەو پێكەوەژیانە جوان و ئاشتیخوازەییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، وای كردووە كە هەموو پێكهاتەكان بە یەكەوە شانازی بەو قەوارە و بەو حكومەت و پەرلەمانەوە بكەن كە هەیە، هەروەها پاڵپشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، وای كرد كە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان لە پەرلەمانی كوردستاندا هەبێت و، هاوبەش و بەشداری كارا بین لە حكومەت و دامەزراوەكانیدا. لەلایەكی دیكەوە بێگومان زۆر ڕاستە كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەیەوێت ئەو پڕۆسە دیموكراتییە لە هەرێم بەردەوام بێت و قەوارەكەشی نەكەوێتە مەترسی و بۆشایی یاساییەوە، ئەگەرچی لایەن هەیە دەیەوێت ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێم هەیە بەرتەسكی بكاتەوە و هەنگاوی یەكەمیش لەو پیلانە، نەهێشتنی ئەو سیستمی هەڵبژاردنەیە كە ئێستا هەیە، كە ئەمەش بۆ نەهێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاتەی توركمان و گەڕانەوە بۆ سیستمی هەڵبژاردنی ساڵی 1992ـە، ئەو سكاڵایەی كە یەكێتی لە دادگای فیدڕاڵی پێشكەشی كردووە، من وەك كەسێكی یاسایی دەڵێم بەپێی ڕێكارە یاساییەكان پێشكەش كراوە، بەڵام دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ ڕێوشوێنەكانی دیاری كردووە كە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان چۆنە و چۆن دەتوانێت كار و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات. ئەگەرچی ئەوەی گرنگە و بەداخەوە و جێگەی نیگەرانییە، بابەتی ململانێی سیاسیی نێوان لایەن و حزبە كوردستانییەكانە، ئەوە پێكهاتەكان و كورسیی كۆتا دەكەنە بەربەست و بەو شێوەیە نیشانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدەن، كە پێكهاتەی توركمان بووەتە بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم بۆچوونەش قبووڵكراو نییە، بەتایبەت كە دەیانەوێت كورسیی كۆتاكان و بەتایبەت كورسیی توركمان نەهێڵن، ئێمە وەك پێكهاتەكان هاوپەیمانی پارتی دیموكراتی كوردستانین و لە سەرووی هەموویەوە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هەمیشە لە ڕابردوو و لە ئێستا و لە ئایندەشدا داكۆكیكار و پاڵپشتی ئێمە و هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە، ئێمە پێویستمان بە كردار و هەڵویست و پاڵپشتیی واقیعی و كارایە، وەك ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی دەرهەق بە ئێمە و هەموو پێكهاتەكان ئەنجامی دەدەن.      

* خاڵی سەرەكیی ناكۆكی لە پرۆسەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، كۆتای پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانە، فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بێجگە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوای ئەوەیان دەكرد كە كۆتای پێكهاتەكان بەسەر هەر چوار بازنەی پارێزگاكاندا دابەش بكرێن، بۆچی ئێوە وەك پێكهاتەكان بەم دابەشكردنە ناڕازی بوون؟

- ئێمە خاوەن بڕیارین و خاوەنی چەندین لایەن و حزبی سیاسیی توركمانین لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەری ڕاستەقینەمان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بۆچی ڕێگە بەو حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییانە بدەین، لەبری ئێمە پێشنیار و بەرنامە دابنێن، دەكرێت ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان و ئەوانی دیكەش پێشنیار و ڕاوبۆچوونی خۆمان هەبێت، پاشان ئەو حزب و لایەنەنانە لەسەر پشنیار و بڕیارەكانی ئێمە و ڕابۆچوون و دەوڵەمەندكردنی پێشنیارەكەمان كار بكەن، دابەشكردنی توركمان بۆ چوار بازنە جگە لەوەی دەیانەوێت غەدرمان لێ بكەن، هیچی دیكە نییە، چونكە بەو سیستمە دەنگی ئێمە پەرشوبڵاو دەبێتەوە، هاوكات دەیانەوێت كورسییەكانمان بەو جۆرە نەمێنێت، چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن پێكهاتەی توركمان چڕی ڕێژە و ژمارەكەی لە پارێزگای هەولێرە و سەرژمێرییەكی تەواویش نییە، كە بزانین لە شاری سلێمانی و دەڤەرەكانی دیكە چەند توركمان هەیە، هەر بۆیە كەی ڕەوا و هەقە كە ئەو لایەن و حزبانە بیانەوێت كورسیی كۆتای توركمان دابەش بكەن؟ كە دوو كورسیی كۆتای توركمان لە سلێمانی بێت و سێ كورسیش لە هەولێر بێت، لەلایەكی دیكە خۆ ئێمە ڕێگریمان لە توركمانەكانی كفری نەكردووە كە لیستیان هەبێت و لە هەڵبژاردندا بەشدار بن، چەند ساڵە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت كورسیی كۆتاكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەكار دەهێنرێت، ئەی ئەوە دەستتێوەردان نییە كە ئێوە وەك یەكێتی بێن و پڕۆژەیەك لە بری ئێمە پێشكەش بكەن كە دوو كورسیی كۆتای توركمان بۆ سلێمانی و سێ كورسیش بۆ هەولێر بێت، بەندە سكرتێری پەرلەمانم هەموو، پڕۆژەكان بەلای مندا تێپەڕ دەبێت، جارێك لە جاران پڕۆژەیەكی تایبەت بە توركمان و پێكهاتەكانم نەدیت كە یەكێتی پێشكەشی بكەن، تاوەكو ئێمەش وەك توركمان و پێكهاتەكان ڕاوبۆچوونی خۆمانی لەسەر دەربڕین، خۆ ئێستە زەمانی بەعسیش نییە كە هیچ كار و پڕۆژەیەك گفتوگۆ هەڵنەگرێت و تەنیا جێبەجێ بكرێت، بەڵكو هەموو پڕۆژە و پێشنیارێك دەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، پاشان بڕیار بدرێت و جێبەجێ بكرێت. ئێمە وەك توركمان نەتەوەیەكی ڕەسەنین لە هەرێمی كوردستان، وەك چۆن كوردەكان ماف و ئەركیان لەو وڵاتەدا هەیە، ئێمەش بە هەمان شێوە ماف و ئەركمان هەیە، هەر بۆیە ئێمە بڕیارمان داوە كە كورسیی كۆتاكان وەك خۆی بمێنێتەوە و دەبوو ئەو سكاڵایەی لە دادگای فیدڕاڵی پێشكەش كراوە، لە یەك دانیشتندا بڕیاری ڕەتكردنەوەی بدرایە، چونكە سكاڵایەكی سیاسییە بۆ مەرامی سیاسی.

* گریمان ئەو تۆمەتەی ئەوان ڕاستە و ئێوە وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی لە لایەنەكانی دیكە بە باشتر دەزانن، چۆن سەیری ئەم خاڵە دەكەن كە پشتگیریی فراكسیۆنی پارتی دەكەن؟

- ئێمە وەك پێكهاتەكانی كوردستان كە پێكهاتەی توركمان و كلد و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی و...تاد دەگرێتەوە، پێمان وایە هاوپەیمانی بۆ مەبەستێك دەكرێت كە بۆ بەدەستێهانی ماف و بەرژەوەندی و پاڵپشتییەكانمان بێت، ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ لایەن و هێزیك نەكردووە كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی و ناهەمواری ببات، بەڵكو هاوپەیمانیمان لەگەڵ حزبێك كردووە كە لە ئێمە زیاتر خەمخۆری خۆشی و ناخۆشیی پێكهاتەكانە.

 

Top