سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2023/11/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى ياوه‌رى له پاريس له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سێباستيان لوكۆرنو وه‌زيرى به‌رگريى فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانى و هاريكاريى سه‌ربازى و ئه‌منيى فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به ڕۆڵى كاريگه‌ر و قوربانيى هێزه‌كانى فه‌ره‌نسا له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا كرد. هه‌روه‌ها پرسه و سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى ئه‌و سه‌ربازه فهرهنسیيانه كرد كه به‌م دواييه له ڕووداوێكدا له عێراق گيانيان له‌ده‌ستدا.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى فه‌ره‌نسا، وێڕاى ده‌ربڕينى پێزانين بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه له تێكشكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا، جه‌ختى له پابه‌ندى و به‌رده‌واميى پشتگيريى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فه‌ره‌نسا له بوارى سه‌ربازى و ئه‌منيدا دووپات كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێز سوپاسالارى فه‌ره‌نسا و ژماره‌يه‌ك له پله‌دارانى سه‌ربازى ئاماده بوون، هه‌ردوولا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوهڕاستيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له گرنگيى هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێگرى له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى شه‌ڕ كرده‌وه، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌وه‌ى پێويسته عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه نه‌بنه به‌شێكى ئاڵۆزييهكان.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا به‌ره‌وپێشچوونى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌سه‌ر ئارامى و سهقامگيريى عێراق و سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، خرانه به‌ر باس.
دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له تۆمارى يادگاريى وه‌زاره‌تدا، په‌يامێكى ياده‌وه‌رى تۆمار كرد و تيايدا سوپاسى پشتگيرى و هاريكاريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.


